Sarmand Hameed
08 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە جێگری وەزیری دەرەوە و نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پوتین بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، میخاییل بوگدانۆڤ و باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ماكسیم ماكسیمۆڤ و بەرپرسی بەشی رۆژهەڵات و باكووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئەلیكساندەر كینشچاک و ئەندامی دوومای رووسیا، زەلیمخان موتسۆڤ و كۆنسۆڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر، ئۆلێگ لێڤین و ژمارەیەک كاربەدەستی سیاسی و نوێنەری كۆمپانیاكانی رووسیا.
ماڵپەڕی فەرمی مەسعود بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی رووسیا وێڕای ئاماژەپێدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی رووسیا و گەلی كوردستان رۆڵی خانەوادەی بارزانی و بە تایبەت مەلا مستەفا بارزانیی نەمری لە قوڵكردنەوەی ئەو پەیوەندییانە بەرز نرخاند. هەروەها هێمای بە رۆڵی سیاسیی و مێژوویی مەسعود بارزانی دا و رایگەیاند كە بۆ هاوكاریی هەمەلایەنە بۆ چارەسەركردنی پرسەكانی ناوچەكە پشت بە ئەزموونی بارزانی دەبەستین. هەروەها ئومێدی پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستانی خواست لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ئابووری و كولتووری و سیاسی.
لە بەشێكی دیکەی وتەكانیدا وەزیری دەرەوەی رووسیا وێڕای شیكردنەوەی ئامانجەكانی سەردانی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بۆ باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا راگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە دوای شكستی داعش دیالۆگ و كاری هاوبەشی هەولێر و بەغدا دەبێتە هۆی چارەسەری گرفتەكان و پێشكەوتن و بووژانەوی ئابووری.
لەبەرانبەردا بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوی رووسیا و شاندی یاوەری كرد و پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی رووسیا بە پەیوەندیی مێژوویی وەسف كرد كە بنەمایەكی بەهێز و پتەوی هەیە و داوایشی كرد ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارێک پەرە بستێنێت. هەر لەو دانیشتنەدا بارزانی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بە ئیجابی لە قەڵەم دا كە هەنگاوی باش بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان بڕیوە و باشتربوونی ئەو پەیوەندییانە یارمەتیی سەقامگیریی ناوچەكە دەدات.
بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە سیاسییەكانی سووریا تەوەرێكی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو و بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا بە وەزیری دەرەوەی رووسیا راگەیاند و داوایشی كرد رووسیا رۆڵی خۆی ببینێت لەوەی لە ئەگەری هەر رووداو و گۆڕانكارییەک رێگە لە قووڵتربوونی ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد لە سووریا بگیرێت.