Abdulhameed Husseın Karam, Abdullah Abdulmanaf Shukur
13 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەتی ھەرێم کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمرۆ شەممە ١٣ی ئاداری ٢٠٢١، مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تیمی پارتی لە حکوومەتی ھەرێم کردووە.
لە کۆبوونەکەدا سەرەتا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کورتەیەکی لەبارەی کار و بەرنامەکانی حکوومەت و ھەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی لە بواری کەرتی نەوت و پێشمەرگە و بوارە جیاجیاکانی دیکە و ھەنگاوەکان بۆ زیادکردنی داھاتی حکوومەت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان خستەڕوو.
ھەروەھا جەختیشی لەوە کردەوە کە کابینەی حکوومەتی ھەرێم وەک تیمێکی ھەماھەنگ و پتەو و بە بێ جیاوازیی نێوان لایەنە پێکھێنەرەکانی کاروبارەکانی خۆی بەڕێوەدەبات و ھەوڵی ئەوەش دەدات کە بۆ دابینکردنی داھات و خزمەتکردنی خەڵک پشت بە خۆی و تواناکانی ھەرێم ببەستێت.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد و بارودۆخی سیاسی و پێشھاتەکان لە ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و یەکڕیزیی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم ڕوونکردنەوە و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو. ھەروەھا دەستخۆشی لە ھەوڵ و ماندووبوونی تیمی پارتی لە حکوومەت کرد.
مەسعود بارزانی گوتیشی: "پێویستە ھەمووتان خۆتان بە خزمەتکاری گەلی کوردستان بزانن و دەبێ لەناو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە و خەڵکی ھەژاری وڵاتدا بن و ھەموو ھەوڵەکان لە دەوری ئەوەدا چڕ ببێتەوە کە دەسەڵات بە دروستی و بۆ خزمەتی جەماوەر بە کار بھێندرێن".
مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە کە رێبازی بارزانی ڕێبازی خزمەتکردنی خەڵکە و پێویستە خەڵکی کوردستان کەرامەتی خۆی لە لە حکوومەتەکەی خۆیدا ببیننەوە.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا مەسعود بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ حکوومەتی ھەرێم دووپاتکردەوە و داوای کرد کە حکوومەت بە پێداگری و ھێزەوە لەسەر پڕۆسەی چاکسازی بەردەوام بێت و ئامادەیی خۆشی راگەیاند کە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی ئەوەی پێویست بێت یارمەتیدەری حکوومەتی ھەرێم دەبێت.