سلێمانی - AA
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مەلا بەختیار لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە پرسی ئایندەی عێراق و ھەرێمی کوردستان دوای شەڕی داعش، پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا، دۆخی نێوخۆی ھەرێمی کوردستان، کێشە و چارەنووسی ناوچە دابڕێنراوەکان دەکات.
لەم بەشەی دیمانەی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مەلا بەختیار باس لە پرسی عێراق و ناوچەکە لە قۆناغی دوای داعش، پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی و چەند پرسێکی دیکە دەکات، لە رۆژانی داهاتوودا بەشی دووەمی ئەم دیمانەیە بڵاودەکرێتەوە.
ـ عێراق و ناوچەکە لە قۆناغی پاش داعش :-
" دوای داعش، کێشەکان ماوەیەک ئاڵۆزی زۆری تێدەکەوێت"
زۆر شیکردنەوە و قسەوباس لەسەر عێراقی دوای داعش دەکرێت، ئایا سەرەتای چارەسەرکردنی کێشەکان و چەسپاندنی دیموکراسیەت دەبێت ؟ یان پێچەوانەکەی؟
مەلا بەختیار لەوەڵامدا بۆچوونی خۆی بە وردی لەسەر عێراقی پاش داعش دەخاتەڕوو، ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت: "عێراقی دوای داعش و عێراقی پێش داعشیش ئاشکرایە کە بەشێک بوون لەم ناوچەیەی کە ھەموومان گیرۆدەی رووداوەکانی بووین. دوای داعش شەڕی سەربازی دەستە و یەخە لە کۆڵمان دەبێتەوە، بەڵام ململانێ و کێبڕکێکان بە ئاراستەی تر بەردەوام دەبێت لەگەڵ داعش و پاشماوەکانی داعش، ھەموو بیرێکی سەلەفی چەقبەستوو داعشە با چەک لە شانی نەبێت شەڕ بکات .
دووەم، ئەگەر سەیری ناوچەکە بکەیت، تەنھا عێراق تووش نەبووە بە داعشەوە، بەڵکو سووریا و ئێران و بەشێوەیەک لە شێوەکان تورکیا و ناوچەکە ھەموو تووشبووە بەدەست ئەم عەقڵە سەلەفیە خۆکوژییەوە، ناوچەکە وەک سەدەی ھەژدەیەمی ئەورووپا پێویستی بە رێککەوتنێکی ستراتیجی ھەیە لە نێوان ھەموو وڵاتەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەوانەدا کە دەبێت ئەنجام بدرێت، بەڵام نەک رێککەوتنێک سایکس بیکۆ و لۆزان دووبارە بکاتەوە و سیڤەر ھەڵبوەشێنێتەوە و رێککەوتنامەی جەزائیر دووبارە بکاتەوە، دەبێت رێککەوتنێک بێت رەگ و ریشەی ئەم کێشانە ھەڵبکێشێت و چارەسەری کێشەکانی بکات و مافی بێمافەکان بدات .
بۆیە خوێندنەوەم وایە بۆ دۆخی دوای داعش، کێشەکان ماوەیەک ئاڵۆزی زۆری تێدەکەوێت، رەنگە لێرە و لەوێ تێکھەڵچوونی سەربازیشی تێبکەوێت و سەقامگیری ئیقلیمی و ناوخۆیی لەم وڵاتانەی عێراق و دەورووبەرمان ماوەیەکی باشی دەوێت و حیکمەتێکی زۆر باشی دەوێت، بە قیروسیا ناکرێت تەنھا حکوومەتەکان بپارێزرێت و ئاسایشی حکوومەتەکان و ئاسایشی ئەورووپا یان تا رادەیەک بەرژەوەندی ئابووری ھەرێمی و دنیایی بپارێزرێت و باقی کێشەکان بە چارەسەر نەکراوی دابپۆشرێت، ئەوە ھەڵەیەکی ستراتیجی گەورەیە کە لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانی و جەنگی دووەم و جەنگی سارد تاقی کراوەتەوە و شکستی خواردووە.
ئێستا سەردەمی جارانیش نییە کە جاران لە دوای جەنگی یەکەم عێراق چوار ملیۆن کەس بوو، ھەموو کورد نەگەیشتە ملیۆنێک، بەڵام نەیانتوانی ئەو قاڵبەی کە خۆیان دایاننا بەزۆری زۆرداری عێراق و ئێمەی تێبخەن، لە دوای جەنگی دووەم ھەموو عێراق نەگەیشتبووە شەش ملیۆن ئینجا نەیانتوانی کێشەکان چارەسەر بکەن، لە جەنگی ساردیش بە رێکەوتنامەی جەزائیریش نەیانتوانی کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی پێبێنن، ئێستا لەم سەردەمەدا کورد لە باشووری کوردستان حکوومەتمان ھەیە و پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابووریمان ھەیە، ئێمە چووینەتە نێو رای گشتی و ئێستا ٤٥ بۆ ٥٠ ملیۆن کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەم وڵاتانە دەژی .
جگە لەوەش ئێمە بازاڕمان تێکەڵ بووە لەگەڵ بازاڕی دنیا، نەوتمان تێکەڵ بە بازاڕی دنیا بووە، غازمان تێکەڵ بە بازاڕی دنیا دەبێت، پێشمەرگە و کورد بووەتە بەشێک لە رای گشتی جیھان تەنانەت لە ھەڵبژاردنەکان پێشمەرگە و کورد کاریگەرییان ھەیە بۆ رێژەی دەنگدانی چ حزبێک راستەقینە دژی داعشە و دەتوانێت ھێزی پێشمەرگە بەھێز بکات یان چ حزبێک ئەوە ناکات، ئەمانە جەمسەری جۆراوجۆرن کە دەبێت وردی ببینەوە لە دوای داعش بەرەو کوێ؟
من پێم وایە ماوەیەک لە ئاڵۆزیدایە و ھۆکارەکانی ئاڵۆزبوونی ناوچەکە لە جێی خۆیەتی، شیعە دەسەڵاتی ھەیە و نفوزێکی گەورەی ھەیە و ھێزی گەورەی ھەیە، سوننە حکوومەتی ھەیە و نفوزی ھەیە و ئیمکانیەتێکی ئابووری و سەربازی و ئەمنی زۆری ھەیە، ئەوانە ھەموویان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەستراونەتەوە بە دەوڵەتە گەورەکان و گرێدراوی بەرژەوەندی جیاوازی دەوڵەتە گەورەکانن".
" سوننەکان بەرچاویان رۆشن نییە بۆ فیدراڵی"
دەگوترێت رەنگە فیدراڵیەت لە دوای داعش باشتر بچەسپێت و سوننەکان داوای ھەرێمی خۆیان بکەن، بەبڕوای مەلا بەختیار ئەوە چاوەڕوان دەکرێت؟ یان لە یەکترازان و رەنگە کۆنفیدراڵیەت بێتە ئاراوە؟
مەلا بەختیار لە وەڵامدا گوتی: "سوننەکان بەرچاویان رۆشن نییە بۆ فیدراڵی و لە کاردانەوەی شیعەکان داوای فیدراڵی دەکەن نەک وەک ستراتیجی چارەسەر، پێیان وایە شیعە تازە حوکمی گرتووەتە دەست و فیدراڵیش لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و ھەر ئەوان ماون بەبێ ماف، وەک کاردانەوەیەک دێن و جار بەجار دێن تەرحی فیدراڵی دەکەن، لە دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار ئەو تەرحەیان کرد و نەیانتوانی بیبەنە سەر، ئێستا لە پارێزگای نەینەواش تەرحی دەکەن بەڵام تەرحەکە زۆر تۆکمە نییە و کۆدەنگی لەسەر نییە، لە بەسرەش ھەندێک لەوانەی بڕوایان بە دیموکراسی ھەیە جار جار باسی فیدراڵی دەکەن .
بەڵام فیدراڵیزم وا جێبەجێ نابێت و کۆنگرە و رێکەوتنی حزبە سیاسییەکان و تەعبیئەکردنی رای گشتی دەوێت، ئێمە کە بوینە فیدراڵ راپرسی گەورەمان کرد لە ھەرێمی کوردستان کە خەڵک فیدراڵی قبوڵ کرد .
بۆیە پێشبینی ناکەم ئەو عەقڵیەتەی لە عێراق حاکمە و ئەو گیانی مەزھەب گەراییەی لە نێو شیعە و سوننە باڵادەستە بە ئاسانی فیدراڵی قبوڵ بێت، ئەوان فیدراڵی ئیمەیان بە ئاسانی قبوڵ نەکرد کە ئێمە گەلێکی جیاین، لە لوبنان لە ساڵی ١٩٩١ کۆنگرە بەسترا بۆ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی قبوڵیان نەکرد ناوی ئۆتۆنۆمیش بھێنین لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەکەدا، کۆنگرەی ڤیەننا کە منی تێدابووم نەیانھێشت و ئیعترافیان بە فیدراڵی نەکرد، کۆنگرەی سێھەمیش بەھەمان شێوە، لە کۆنگرەی چوارەمی ئۆپۆزسیۆن ئیعترافیان بە فیدراڵی کرد بە مەرجێک لە کۆتاییەکەدا لە دوای رووخانی سەدام حسێن لە دەستووردا رەزامەندی لەسەر بکرێت.
یانی ئاستی تێگەیشتنی دیموکراسی لە نێوان پێکھاتەکانی عێراق ئاستێکی ھوشیاری دیموکراسی قوڵ نییە تا ئێستا، بۆیە بەدووری دەزانم بە ئاسانی عێراق ببێتە بە فیدراڵێکی تەواو، تەنانەت من نیگەرانم لەوەی بەپێچەوانەکەی ھەبن لە عێراقدا لەناو شیعە و سوننەش بڵێن دەستوور ھەموار بکەینەوە و فیدراڵی بۆ عێراق دەست نادات، مادەی ١٤٠ بۆ عێراق دەست نادات، لەمیان زۆرتر دەترسم نەک لەویان روبدات" .
" ترسی گەورەم لەسەر ماددەی ١٤٠ ھەیە"
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان لە دوای کۆتایھاتنی شەڕی داعش، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشبینی چی دەکات؟ پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێت؟
مەلا بەختیار بە نیگەرانی و ترسەوە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: "دوو قۆناغ لەبەردەمماندایە، قۆناغی یەکەم مەترسییەکان لەسەر ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ ـە (کەرکووک، شنگال و دەوروبەری، خانەقین و دەوروبەری، مەخموور و دەوروبەری) لەسەر ئەمە کێشەمان دەبێت، ھیچ گومانم لەوە نیيە مادام تائێستا سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمی کوردستان نەمانتوانی بیسەپێنین کە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکەن، ھەم دەوڵەتی عێراق دەستی بەدەستی زۆری پێکردین و ھەم خۆشمان خاوە خاوێکی زۆرمان کرد .
من پێم وابێت تا داعش کۆتایی دێت ١٠ ساڵمان لە کیس چوو بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، ئێستا بە ئەمری واقیع ھێزی پێشمەرگە و ھەیبەتی ھەرێمی کوردستان لەم ناوچانە ھەیە، بەڵام گرەنتی ئەوەمان نییە ئەم ناوچانە بە عەمەلی بخەینە سەر ھەرێمی کوردستان، یان ماددەی ١٤٠ لە دوای داعش جێبەجێ بکرێت، ئەم عەقڵیەتە نیيە.
من ماوەیەک پێش ئێستا لەسەر بانگھێشتی سەرکۆمار لە شاری بەغدا سەرۆکی کوتەلی سیاسی سەرەکی عێراق لە کۆشکی ئاشتی کۆبووینەوە، دوو سەرکردەی گەورەی شیعە و عەرەب بە ئاشکرا دەیانگوت کە دەبێت دەستوور ھەموار بکرێتەوە و دەرکەوت ماددەی ١٤٠ ھەڵەمان کردووە و پەلەمان کردووە دامانناوە، ئەم گفتوگۆیە گەرمە لە نێوانیاندا.
بۆیە من لەسەر چوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان (ھەڵەبجە، سلێمانی، ھەولێر، دھۆک) لە دوای تێکشکانی داعش لە روی ئەمنییەوە دەترسم لێرە تەقینەوەیەک و لەوێ تەقینەوەیەک بەردەوام بێت، لە کردەوەی خۆکوژی وەک ئەوەی ھەبوو لە پێش داعشیش، بەڵام بەراستی ترسی گەورەم لەسەر مادەی ١٤٠ ھەیە .
خوێندنەوەی من بۆ پێکھاتەکانی عێراق و حاکمەکانی عێراق، خوێندنەوەیەکە نیگەرانی زۆرم ھەیە لەسەری کە نەتوانن ئەمانە لە دوای داعش بەرەو دیموکراتیزەکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی سیاسی و ژیانی دەستووری بڕۆن، ناکرێت ئەو ھێزانە کە خۆیان دیموکرات نین تۆ چۆن چاوەڕوانی ئەوە دەکەیت کە بێت لە دوای لەکۆڵکەوتنی داعش ببێت بە دیموکراسی، بەپێچەوانەوە خۆی بە سەرکەوتوو دەزانێت ئەگەر داعش تێکبشکێنێت، حەشدی شەعبیشی بە ١٢٠ بۆ ١٣٠ ھەزار چەکدارەوە دروست کردووە و خۆی بە بەھێزتر دەبینێت، سوپای عێراقی چەکێکی زۆرتری ھەیە و ئەزمونێکی شەڕی زۆرتر ھەیە وە شەڕەنگێزن ئەمانە، ھەموو ھێزێک کە لەشەڕ دێتە دەرەوە گیانی شەڕەنگێزی زاڵ دەبێت بەسەریدا، ئەمانە زۆر سەختە دەستوور جێبەجێ بکەن، سەختیشە کە لە ھێزی تائیفییەوە ببنە ھێزی دیموکراسی.
ئێمە کاتی خۆی دەستوورمان لەسەر بنەمای ھاوسەنگی موافەقەت لەسەر کردووە نەک لەبەر ئەوەی ھەموو ھێزەکانی عێراق دیموکراسی بووە، ھاوسەنگی ھەبووە لێرەدا، شیعە دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە و سوننە ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز و پشتیوانیشی ھەبووە، کوردیش نەتەوەیەک بووە و ھێزی پێشمەرگەمان ھەبووە، دەستوور بەو ھاوسەنگییە دروست بووە نەک بە میتالیتیەت یان بە عەقڵیەت یان بە کولتووری دیموکراسی دروست بوبێت، باگراوندی بزووتنەوەی دیموکراسی و بزووتنەوەی مەدەنی و بزووتنەوەی رۆشنگەری لە عێراقدا زۆر زۆر لاوازە" .
ـ تەوەری دووەم: ھەرێم و ناوەند
"عێراق ناتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات"
"ھەڵەیەکی گەورە کرا لەکاتی دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی".
"حەشدی شەعبی ھێزێکی ئامادە ھەرکات بیانەوێت بۆ یەکلایکردنەوەی کێشە سیاسییەکانیش بەکاری دەھێنن"
ناو بەناو پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دەوروژێنرێت و قسەوباسی زۆری لەسەر دەکرێت، بە بڕوای ئێوە ئایا پێکەوە ژیان لەگەڵ عێراق کۆتایی ھاتووە؟
مەلا بەختیار وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و باس لە مەترسییەکانی حەشدی شەعبی لە یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکانی دوای داعشیش دەکات و دەڵێت: "ئێمە لە زەمانی مەلیکیی ١٩٢١ ەوە تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ بەرگەی ئەم حکوومەتە دژە دوژمنە دیموکراسیانەمان گرتووە، بۆچی بۆ ئەوەی بروخێ و دەستوورێک ھەبێت مافی ئێمە زەمان بکات، باشە ئەوە ١٤ ساڵە حکوومەت رووخا و لەم ماوەیەدا چوار سەرۆکوەزیرانمان تاقی کردووەتەوە، دەیان جۆر رێكکەوتنی سیاسی ھەیە لە نێوانماندا و دەستووریش رێکخەری پەیوەندییەکانمانن، کەچی تائێستا تازە پرسیاری ئەوە دەکرێت عێراق بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە یان نا، ئەوە مانای وایە بە درێژایی ئەو مێژووە لە ماوەی ١٤٠٠ ساڵی رابردوو نەخێر لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، ئەم عێراقە ناتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، خۆ ئەوە ئێمە بەرپرس نین ئەوان حاکمن و ئێمە مەحکومین تائێستا و دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدایە ، ھەروەھا وەزارەتە سەرەکییەکانی ئابوری و یاسایی و دەرەوە و ئەوانە حەسری ھی بەغدایە ئێستەش ، بوودجە لە بەغدا دەنگی لەسەر دەدرێت، سوپا لە بەغداوە چەکدار دەکرێت ، پەیوەندی دیپلۆماسی و ئەرز و ئاسمان ھەمووی لە بەغداوە دیاری دەکرێت.
ھیچ گەشبین نیم شووناسی نیشتمانی ھاوبەش لە دوای کۆتایی ھاتنی داعش بچێتە ویژدانمانەوە و بە ویژدان قبوڵی بکەین، ئێمە پێش داعشیش ئەو کێشانەمان ھەر ھەبووە، داعش زادەی چارەسەرنەکردنی ئەم کێشانە بووە بە درێژایی مێژوو، ئەگەر ئەو کێشانە پێشتر چارەسەر بکرایە ئەوکات نە داعش و نە جەبھەتولنوسرە و نە ھێزە تیرۆریستییەکانی تر ئەبوو، لە کوردستانیش جوندولئیسلام و ئەنساروئیسلام نەدەبوو کە ئێمە لە ناوچەی ھەڵەبجە و ھەورامان گیرۆدەیان بوین.
کەواتە ئەگەر عێراق دەیەوێت عێراقێکی ئیتیحادی دیموکراسی راستەقینە بێت، دەبێت ئیتیحادی دیموکراسی راستەقینە بێت، ناکرێت بەبان و دوو ھەوا بێت و بە دوو پێوەر ناپێورێت ئەوە، ناکرێت ئەو بە ئارەزوی خۆی بڵێت من ئیتیحادیم و بە ئارەزوی خۆی دەستوور جێبەجێ بکات و بە ئارەزوی خۆی چۆڕ چۆڕ دیموکراسیمان بداتێ، لە بەغداش چنگی تائیفی گیر بکات لە ھەموو جومگەکانی دەسەڵات .
من بەش بەحاڵی خۆم دەڵێم عێراق ئاوەھا بێت نێوان ھەرێم و بەغدا خراپتر تێک دەچێت، حەشدی شەعبیش ھێزێکی بەھێزە ئێستا ئامادەیان کردووە و تەنھا بۆ شەڕی داعشیان ئامادە نەکردووە، بە یاسا دەنگیان لەسەر داوە و دوای داعشیش دەمێنێت و پێداویستییەکانی دابین دەکرێت. بۆچی دەمێنێت ؟ ئایا بەندێکی تێدابوو ئەم یاسایە کە ھەڵەیەکی گەورە کرا بە راستی و لە کاتی دەنگدان لەسەر ئەو یاسایە دەبوو بەندێکی تێدا بووایە کە بڵێت نابێت ئەم ھێزە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و ناکۆکییە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەکار بێت، ئەمەی تێدا نییە و بەو ھۆیەشەوە وەک ھێزێکی ئامادە لە دوای داعشیش ھەرکات بیانەوێت بۆ یەکلایکردنەوەی کێشە سیاسییەکانیش بەکاری دەھێنن".
" داوای عێراقێکی یەکێتی فیدراڵی جێبەجێكەری دەستووری ڕاستەقینە دەکەین"
لە زۆربەی دیدار و کۆبوونەوەکانی نێوان حزبە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا، مەلا بەختیار وەک بەرپرسی دەستەی کارگێڕی یەکێتی ئامادەیە و دیدار و گفتوگۆی زۆری لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کردووە.
سەبارەت بە داواکاری کورد بۆ جیانەبوونەوە لە عێراق و وەڵام و کاردانەوەی لایەنە شیعەکانەوە کە ئێستا دەسەڵاتداری وڵاتەکەن، ئەو لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە داوای عێراقێکی یەکێتی فیدراڵی جێبەجێکەری دەستووری ڕاستەقینە دەکەین، عێراق ئێستا فیدراڵییە و دەستووری ھەمیشەیی ھەیە و ماددەی ١٤٠ ی ھەیە، ئێمە ھیچ مەرجەعیەتێکی تر جگە لە مەرجەعیەتی دەستوور قبوڵ ناکەین، ھیچ دەستەڵاتێک لەسەرووی دەستوورەوە لەلای ئێمە ناخوات، تەنھا داوای ئەمەمان کردووە و ھیچی ترمان داوا نەکردووە، بە پێچەوانەوە لە بەغدا قسە لەسەر ھەموارکردنەوە دەستوور ھەیە ئێستا و یەکێک لەو ماددانەی دەیانەوێت بیگۆڕن ماددەی ١٤٠ کە پێم وابێت ماددەی ١٢ دەڵێت نابێت دەستکاری بکرێت، زیرەکییەکی مام جەلال و وەفدی دانوستانی ئێمە بۆنووسینی دەستوور ئەوکاتە ئەوەبوو ماددەیەکیان خستە ناو دەستوور کە نابێت ماددەی ١٤٠ دەستکاری بکرێت و ئەمە زۆر خاڵێکی گرنگە.
بەڵام ئایا ئەمە لەدوای داعش بارودۆخ وا دەبێت وەکو پێش داعش یان خراپتر دەبێت؟ یان چۆن دەبێت؟ ئەمە کۆمەڵێک پرسیارە .
ئەوە ١٤ ساڵە سەدام حوسێن رووخاوە و چوار سەرۆکوەزیرانمان تاقی کردووەتەوە، بەڵام بارودۆخەکە باش نییە، ئێمەش خۆشمان کاتمان لە دەستدا، سەرکردایەتی کورد و حکوومەتی ھەرێمیش کاتی لەدەستدا، بۆ قبوڵ دەکەین نۆ ساڵ بەسەر جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ و بڕگەکانی تێپەر دەبێت، لە دانوستانەکاندا ھەر کارێک کە کردوومانە ئێمە ئەوەمان نەچەسپاند کە دەبێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و ئێستا دیاردەی حەشدی شەعبیش ھاتووەتە پێشەوە و یاساش بڕیاریان لەسەردا، ئەم ھێزە ھیچ کۆت و پەیوەندێکی نییە لەدوای شەڕی داعش دەگونجێت حەشدی شەعبی بۆ پەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ سوننەش لەگەڵ پێشمەرگەش بەکاری بھێنن، کەوابێت لەبری ئەوەی مەترسییەکانی رابردوو کەم بکەینەوە ئێستا زیادمان کردووە لە رووی سەربازیی و ئەمنییەوە دەڵێم بەرامبەر بەخۆمان.
خۆی مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان دوای داعش بڕیاری سیاسی و حکوومەت دەبێت، پێش ئەوە بەکار ھێنان یاخود بەکار نەھێنانی سەربازیی بێت، ئەو عەقڵیەتەی حکوومەت دەکات ئەو رێبازە سیاسییەی کە کێشەکان چارەسەر ناکات، مەترسی تەقینەوەی کێشەکان رووبەڕوومان دەکاتەوە، شەڕی سەربازیی درێژەپێدانی کێشە چارەسەر نەکراوەکانی سیاسییە بەڵام بەشێوەی توندوتیژی، ئەوە ئەلفبای زانستی سەربازی و سیاسییە، ئێمە ٤٥ ساڵ لەمەوبەر ئەوەمان خوێندووەتەوە ھەر کێشەیەکی سیاسی چارەسەر نەکرێت بگاتە بن بەست پەنایان بردووە بۆ کاری سەربازی. لەبەر ئەوە من مەترسییە گەورەکە لە عەقڵیەتی حکومڕانی و خۆدزینەوە لە جێبەجێ کردنی دەستوور دەبینم.
یەک ملیۆن حەشدی شەعبی ھەبێت ئەگەر بڕیاری سیاسی و پەرلەمان بریار بدات دەستوور جێبەجێ ببێت و ماددەی ١٤٠ دروست بێت، ئەگەر ھەر ھێزێکی چەکدار لە عێراقدا دژی بێت ئەوکات ئەو ھێزە چەکدارە دەبێت بە یاخی، بەڵام ئەگەر پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانی شیعە یاخود سوننەکان بڕیاری جێ بەجێ نەکردنی یاسا و دەستوور و بڕگەکانی بدەن ئەوکاتە ئەوان ھێزەکە بەکار دەھێنن بۆ ئەوەی گوێ لە ئێمە نەگرن، گوێ لە کورد نەگرن، گوێ لە داخوازییە دیموکراسییەکانی خەڵکی تری عێراق نەگرن".
" لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گرەنتی نییە بۆ پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان"
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کورد پشتیوانی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ؟ لەسەر ئاستی ناوخۆش پشێوی نێوماڵی کوردی نابێتە ئاستەنگ لە بەرەم ھەوڵەکانی راگەیاندنی ئەو دەوڵەتەدا؟
مەلا بەختیار لە وەڵامدا دەڵێت: "یەکەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گرەنتی نییە و تاوەکو ئێستا لە ھیچ دەوڵەتێکی گەورەی دنیادا دەوڵَەتێک لە ئەنجوومەنی ئاسایش یان دەرەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بێت و گەورە و حیساب بۆ کراو بێت، وەک خۆم نەمبیستووە کە پشتگیری لەسەربەخۆی کوردستان بکەن، بەڵام خۆش بەختی لەوەدایە بەپێچەوانەوەی شەستەکان وحەفتاکان و ھەشاکان و تەنانەت نەوەدەکانیش، بۆ یەکەمین جارە دەوڵەتێک ئامادەیە بێت گفتوگۆمان لەگەڵ بکات لەسەر سەربەخۆیی بوونی کوردستان، بەرپەرچدانەوەی توند نییە و ناڵێن ئەگەر ئێوە یەک بگرن ئێمە شەڕتان لەگەڵ دەکەین و دوژمنایەتیتان لەگەڵ دەکەین، بەڵی ھەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵەوە بچن گرفتەکانتان چارەسەر بکەن، و دەڵێن ئێستا بارودۆخی ھەرێمی کوردستان ئامادە نییە کە سەربەخۆیی ڕابگەیەنن، چونکە عێراق وایە و ئێران وایە تورکیا وایە و سووریا وایە، لە پێشتر وانەبوو لە شەستەکان و حەفتاکان و جەنگی سارد و ھەشتاکان و رێکەوتنامەی جەزائیر و ئەوانە ، جاران ئەو حکوومەتانە دەھاتن دەیانگوت بێجگە لە حکوومی زاتی قەسە بکەن ئێمە چیمان داوە بە حکوومەتی عێراق زیاتریشی دەدەینێ و و پشتیوانی زیاتری لێ دەکەین، سەرجەم چەکە کوشندەکانیشیان دایە حکوومەتی عێراقی، ئێستا ئەمە نەڵێن بۆ ئێمە گۆڕانکارییە، ئەوەش بە عەمەلی ناکەن و بێن حکوومەتی عێراقی پڕ چەک بکەن بۆئەوەی ویستی سەربەخۆخوازی ئێمە سەرکوت بکەن، ئەمە نەماوە لە فەرھەنگی سیاسی دەوڵەتە گەورەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەمبیستووە یەک دەوڵەتی گەورە بەتایبەتی ئەندامانی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش تەبەنی سەربەخۆیی کوردستان بکات. دەشڵێن ئەگەر ئێوە خۆتان دەتوانن بڕیار بدەن و بیبەنەسەر بیکەن و ئێمە دوژمنتان نابین بەڵام ئێمە ناتوانین تەبەنی شتی وا بکەین لەگەڵتان".
"ھێزە سیاسیەکانی ناوخۆ بەداخەوە ھەڵەی گەورەمان کردووە"
لەبارەی دۆخی ناوخۆش ئەم کارگێڕەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵیت "ھێزە سیاسییەکانی ناوخۆ بەداخەوە ھەڵەی گەورەمان کردووە و ھەموو ھێزە سیاسیەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان ھەڵەمان کردووە، بەڵام ھەر لایەکیش بە پێی سەنگی خۆی و بەپێی مەوقعی خۆی لەسەری کەوتووە و کێشەکانی قوڵتر کردووە، ئێستا کە کۆنگرە نێودەوڵەتیەکان دەستی پێکردووە، سازش و سازشکاری لە نێوان دەوڵەتی گەورە و دەوڵەتی ئیقلیمی دەستی پێکردووە، ئێستا کە ئەوەمان بۆ روون بوەتەوە عێراق وا خەریکە ڕزگاری دەبێت لە داعش و سووریا ھەمان حکوومەتی دەمێنێت لە ناویدا، ئێران یاریکەرێکی بەھێزی ناوچەکەیە، رووسیا ھاتووە توانیویەتی بەشەکەی خۆی بەو پەڕی ئازایانەو سەربازی و سیاسی و ئەمنی داببڕێت لە سووریا و دەوروبەری، تورکیاش مایەوە و بوو بە بەشێک لەو بریارانەی کە لەسەر ناوچەکە دەدرێت، ئێستاش سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندی نێوان ئەمریکا و تورکیا بەرەوپێشتر بەرێت و بیگەرێنێتەوە دۆخی جارانی خۆی، تورکیا وەک ھێزێک لە ناوچەکەدا ئەندامی ھاوپەیمانی ناتۆیە و ھەم ئیخوان موسلین و سوننە حوکمی دەکات .
ئەگەر بێت و لە ئایندەدا نێوان شیعە و سوننە لە ناوچەکەدا تێک بچێت بێگومان تورکیا لە بەرەی سوننەدا دەمێنێتەوە، ئەو کاتە بەرەیەکی نوێ لە نیوان سعوودیە و تورکیا و سوننەکانی سووریا و عێراق و دەروبەریشمان دروست دەبێت، ئەمانە لە ئەگەرە سیاسییەکانن کە رووبەڕوومان دەبێتەوە.
ئێمە وەکو کورد تاقە دەستەبەر کە لەبەردەممان ماوە ئەوەیە کە بەزووترین کات کێشە سیاسییەکانی ناوخۆمان چارەسەر بکەین، چارەسەر کردنی کێشە سیاسییەکان یەکەم بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت، دووەم بزووتنەوەی گۆران رۆڵی ھەیە لە چارەسەر کردنی کێشەکان، نە پارتی دەتوانێت وەکو جاری جاران سووربێت لەسەر بریارەکانی و کێشەکانیش ببێت بە بەشێک لە چارەسەر، نەگۆڕانیش وەکو جاری جاران دەتوانێت سوور بێت لەسەر بڕیارەکانی و ببێت لە بەشێک لە چارەسەر .
دەزانرێت کە ئێستا پارتی دەستپێشخەریەکی کاک مەسعود ھەیە، ئەم دەستپێشخەریەش ھێشتا نەگەشتووەتە ئەوەی بڵێن لەگەڵ گۆڕان ئامادەین بەشێوەیەک لە شێوەکان پەرلەمانیان پێ بدرێتەوە، ئێمەش داوامان وایە کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و مەسەلەی یاسایی و دەستووری بەشێوەیەکی تر چارەسەر بکرێت، ئەی ئێمە وەک یەکێتی لەم نێوانەدا بێ داخوازین؟ نەخێر بەبێ داخوازی نین ئێمەش، یەکەم ھاوسەنگیمان دەوێت لە حکوومەت، دووھەمیش بێگومان ئەگەر ھاتە سەر پۆستە سیادییەکان و پۆستەکانی سەرۆکایەتی و ئەوانە، ئەو کاتە ئێمەش قسەی بەرژەوەندی میللەتەکەمان و قسەی چۆنیەتی درێژە پێدانی خەباتی دیموکراسی قسەی ھاوسەنگیمان دەبێت لەوەدا".
" عێراق بە عەمەلی تەحەکومی جۆراوجۆری تێدا دەکرێت"
لەبارەی ئەوەی لە دوای ئەو ھەموو ناکۆکیانەی ناوخۆی عێراقەوە لە نێوان پێکھاتە جیاجیاکان و ناکۆکی کورد و سوننە لە بەرامبەر دەسەڵاتی شیعەوە، ئایا شتێک ماوە بەناوی عێراقێکی یەکگرتوو، مەلا بەختیار گوتی: "بەڵی، بەنموونە سۆماڵ ھیچ شتێکی بەسەر یەکەوە نەماوە، بەڵام چونکە وڵاتە و لە نەتەوە یەکگرتوەکانە دەگوترێت وڵاتی سۆماڵ و ناگوترێت وڵاتی ھۆز و عەشرەتەکان، ھەروەھا باشووری سوودان چەندین گرفتی ھەیە و بەردەوامیش شەڕی ناوخۆی قورستری لە ئێمەش ھەیە، نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش دان بە دەوڵەتی باشووری سوودان دەنێت، عێراق تاوەکو ئێستا لە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتوەکان لە یەکێتی ئەورووپا و بانکەکانی جیھان و ھەموو کۆنگرەکانی جیھانی وڵاتێکی یەکگرتووە لە یاسای دنیادا، واز لە کێشەکانی دەھێنێت، بەڵام ئایا بە کرداری عێراق وڵاتێکی بە مەرکەزی و بە مەرجەعیەتی یاسایی و سیاسی و ئیداری و حکومڕانیيەوە یەک جوگرافیایی ھەیە؟ بە کرداری نەخێر وانیە.
تەنھا کوردیش کێشەی نییە، ئێستا سوننە گرفتی گەورەی ھەیە و شیعەش گرفتی ھەیە، مەسیحی کێشەی ھەیە و ھێزی چەکداریان ھەیە ئێستا، پێکھاتەکانی تریش ھێزیان ھەیە، بۆیە عێراق بە عەمەلی تەحەکومی جۆراوجۆری تێدا دەکرێت لە جوگرافیای جۆراو جۆردا، بەڵام بە رەسمی و یاسایی یەک دەوڵەتە".
news_share_descriptionsubscription_contact



