لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، پارێزگاری كەركوك دكتۆر نەجمەدین كەریم تیشكی خستە سەر دوا پێشهاتەكانی رەوشی شارەكە و گوتی: " گومانی تێدا نییە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2011 لە عێراق هۆكاری دروستبوونی بۆشایی ئەمنی بوو، چونكە هێزەكانی ناوخۆ بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر ئامادەنەكرابوون و هەروەها دەستپێكردنی راپەڕین لە سوریا و پێشهاتە سیاسیەكانی عێراقیش بوونە هۆكاری زیادبوونی توندوتیژی و هاتنی گروپە چەكدارەكان لە رێگەی سنوری سوریاوە بۆ عێراق و دواتریش لە شارەكانی موسڵ و سەڵاحەدین و دیالاوە بۆ كەركوك."
پارێزگاری كەركوك هەروەها ئاشكراشیكرد كە ئەوان زانیاریان لەبارەی هێرشكردنە سەر پارێزگای كەركوك بە رێگەی هێرشێكی خۆكوژی كە لەلایەن تیرۆرستێك بە جل و بەرگی پۆلیسەوە ئەنجامدەدرێ هەبووە و هەروەك زانیاری پێشوەختەشیان لەبارەی هێرشی چەكداری سەر بەرێوەبەرایەتی هەواڵگری و جەواهری مۆڵ هەبوو.
رۆژی سێی ئەم مانگە ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر بارەگەی هەواڵگری كەركوك و دوای تەقاندنەوەی ئۆتۆمبیلێك هەوڵیاندا بچنە ناو بیناكە و پێكدادن لە نێوان ئەوان و هێزەكانی پۆلیس دروستبوو و لە هەوڵەكانیان سەركەوتوو نەبوون. دواتر هێرشی سەر جەواهری مۆڵیان كرد و ژمارەیەك هاوڵاتیان تێدا دەسبەسەركرد و هەڕەشەی خۆتەقاندنەوەیان كرد و هێزە ئەمنیەكانیش هێرشیان كردە سەر مۆڵەكە و كۆتاییان بەو رەوشە هێنا و لە هەردوو هێرشەكەشدا شەش چەكدار و یازدە هاوڵاتی سڤیل كوژران و 79ی دیكەش برینداربوون.
لەبارەی ئەم رووداوە پارێزگاری كەركوك گوتی: "هێزەكانمان بە زیرەكانە مامەڵەیان كرد و توانیان یازدە دەستەسەركراو ئازاد بكەن؛ بەڵام ئەو تیرۆرستانەی خۆیان لەوێ قایمكردبوو خۆیان تەقاندەوە و ئاگریان بەردایە مۆڵەكە. ئێمە باوەڕمان بە هێزی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە نییە، بەڵام ئێمە پشتگیری و رێزی هێزە ئیتحادیەكانمان دەگرین؛ ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە و فەرماندەكەی لە پاراستی دیالە و دوزخوورماتوو و سەڵاحەدین و دەڤەرەكانی باشوور و رۆژئاوای كەركوك سەركەوتوو نەبوون؛ جا چۆن باوەرمان پێیان هەبێ بۆ پشتگیریكردنمان لە رووداوی جەواهری مۆڵ داوای هاوكاریان لێ بكەین؟."
ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە بە بڕیارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق نوری مالكی دامەزرا و دەڤەری چالاكیەكانیشی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانە.
دكتۆر نەجمەدین لەبارەی ئامادەیی هێزەكانی ناوخۆ لە كەركوك ئاشكرایكرد كە هێزە ئەمنیەكان قوربانی زۆر دەدەن و لە هەمان كاتدا پێویستیان بە تكنەلۆجیای نوێ و راهێنانی باش هەیە و پێویستیمان بە دەزگایەكی چالاكی هەواڵگیری هەیە كە هەموو زانیاریەكان كۆبكاتەوە و شیكردنەوەیان بۆ بكا. دووپاتیشی كردەوە ئەوان ئێستا خەندەقێكی ئەمنی لە چواردەوری كەركوك دروست دكەن و بە كامێرا چاودێری دەكرێ و خاڵەكانی پشكنینیش نوێ دەكەنەوە.
پارێزگاری كەركوك هەروەها گوتی: " زۆربەی قوربانیەكانی دەستی تیرۆر لە هێزەكانی پۆلیس و سوپا، لە نەتەوەیی عەرەبن و ئەوان خۆیان بۆ كەركوك ئەكەن بە قوربانی. جێبەجێكردنی ئەمن و ئاسایش بە كەل و پەلی سەربازی و دەبابە و تەیارە نابێ."
نەتەوەیی عەرەب لە كەركوك بە دوو شێوە هەیە كە یەكەمیان دانیشتوانی رەسەنی شارەكەن و ئەوانی دیكەش لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەبكردن و دەركردنی كورد و توركمان و نیشتەجێكردنی عەرەب لە شوێنیان لەلایەن رژێمی پێشوی عێراقەوە هاتوونەتە شارەكە.
نەجمەدین كەریم لە بەردوامی قسەكانیدا گوتی: " ئەوەی ئێستا لە كەركوك روودەدا بە ئامانجكردنی هەموو پێكهاتەكانە، ئێمە پێمانوایە چارەسەری ئەو رەوشە بە جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوری عێراق دەبێ. گەراندنەوەی قەزای دووز بۆ سەر كەركوك لە رێگەی دەستورەوە دەكرێ، بەڵام دووز لە رووی جوگرافییەوە سەر بە كەركوكە و پێكهاتە جیاوازەكانی ئەنجومەنی شاری دووز دەنگیان بۆ گەڕانەوە بۆ سنوری ئیدارەی كەركوك داوە و ئەو بڕیارەشیان بەرزكردۆتەوە."
لەبارەی دانی دەستەڵات بە پارێزگەكان پارێزگاری كەركوك گوتی: " من پشتگیریەكی بەهێزی هەڵویستی سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالكی و ئەنجومەنی وەزیران لە بارەی فراوانكردنی دەستەڵاتی پارێزگاكان دەكەم."
پارێزگاری كەركوك ئەو دەنگۆیانەشی رەتكردەوە كە گوتیانبوو زۆربەی پرۆژەكانی شارەكە بە لایەنی كوردی دراوە و ئەو دەنگۆیانەی بە تاوانی بەتاڵ و زوڵم لە بەرامبەر خەڵكی كەركوك ناساند و هەر كەسێكێش گومانی لەمە هەبێ دەتوانێ سەردانی كەركوك بكا و بەچاوی خۆی راستیەكان ببینێ.
لەبارەی رەوشی تەندروستی سەركۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی، نەجمەدین كەریم گوتی: "دوای ساڵێك لە نەخۆشكەوتنی سەركۆمار، ئەمرۆ بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ كرد و رەوشی تەندروستی سەركۆمار بەرەو باشتربوون ئەچێ و دەتوانێ قسە بكا و تێگەیشتن لە قسەكانی ئاسانە. ئەو كەسێكە دەتوانێ لایەنەكان یەكبخا. مومكین نیە كەسێك بتوانێ وەك مام جەلال مامەڵە لەگەڵ پێكهاتەكانی گەل و قەیرانە سیاسیەكان بكا و شوێنی بگرێتەوە و ئامادەنەبونیشی لە گۆڕەپانەكە كاریگەری نەرێنی هەبووە بەڵام خەسارەتی مەزنی نەبوونی مام جەلال لە گۆڕەپانەكە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە."
هەر لە سەرەتای نەخۆشكەوتنی، دكتۆر نەجمەدین كەریم لەگەڵ سەركۆماری عێراق جەلال تاڵەبانیدا بووە لە نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا و هەورەها سەرۆكی لێژنەی پزیشكانی چاودێریكردن و چارەسەركردنی تاڵەبانی یە.
رۆژی 17ی كانوونی دووەمی ساڵی 2012 سەركۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی توشی نەخۆشی بوو و لە نەخۆشخانەی مەدینەت ئەلتوبی بەغدا چاوێدری و چارەسەری بۆ كرا و دوی جێگیربوونی باری تەندروستی و بە مەبەستی چارەسەری بۆ نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا گواسترایەوە و تا ئێستاش لەوێ چارەسەری بۆ دەكرێ.
دكتۆر نەجمەدین كەریم كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی جەلال تاڵەبانییە؛ لەبارەی ناكۆكیەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و سوربوونی لەسەر سەرۆكایەتیكردنی لیستی كەركوكی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: " خەڵكی كەركوك بەرێگەی دەنگدانەوە بڕیار ئەدا كێ ببێتە نوێنەریان. من هۆكاری لێكجیابوونەوی لیستی كەركوكی كوردستانی نەبووم، من یەكەم كەس بووم دەستپێشخەریم بۆ یەكگرتوویی لایەنە كوردستانیەكان كرد و وەڵامی سەرۆكی لایەنەكانیش بۆ ئەم دەستپێشخەریە ئەرێنی بوو. ئاساییە سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كەركوكی كوردستانی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێ لەبەر ئەوەی پێگەیەكی بەهێزی لە كەركوك هەیە. بەر لە چوار مانگ من سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی لایەنە كوردستانیەكان بووم لە دەرەوی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەهەلبژاردنەكانی ناوخۆیی دا، بەڵام نازانم لەو چوار مانگەدا چی روویدا و هۆكاری گۆڕانی هەڵویستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەرامبەر من چی بوو؟."
پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی لە لیستی هاوپەیمانی كەركوكی كوردستانی كە لە شازدە پارت و لایەنی سیاسی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێكهاتبوو كشاندەوە، بەهانەی پارتیش بۆ ئەم خۆكشاندنەوەیان ئەوەبوو كە ئەوان رازی نین پارێزگاری ئێستای كەركوك دكتۆر نەجمەدین كەریم سەرۆكایەتی ئەم هاوپەیمانیە بكا لەبەر ئەوەی مامەڵە و رەوفتارەكانی جێگەی رەزامەندی ئەوان نە.