رێكخراوی داعش رایدەگەیەنێت، كە هۆزەكانی پارێزگای مووسڵ لە ژێر ناوی "هۆزەكانی نەینەوا پەیمان و بەیعەت نوێ دەكەنەوە و خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوە ئامادە" دەكەن بەیعەتیان بە خەلافەتی سەركردەی داعش ئەبووبەكر بەغدادی داوە.
لەو گرتە ڤیدیۆییەدا كە رێكخراوی داعش لە سەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆی بڵاوی كردووەتەوە، دەركەوتووە گرتە ڤیدیۆییەكە بەشێوازێكی تەكنیكی تازە تۆمار كراوە كە ماوەكەشی 11 خولەك و نزیكەی 250 لە هۆزەكانی مووسڵ لە نێو هۆڵێكدا كە چەكدارەكانی داعش سەرپەرشتی و پارێزگاری دەكەن، ئەو هۆزانە كە چەكدارانی داعش ناویانی ناوە گەورەكانی قەوم بەیعەت بەخەلافەتی "دەوڵەتی ئیسلامی" دەدەن.
هەر لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا كەسێك قسە دەكات و دەڵێت، دەرگای تەوبە و پەشیمانیمان كردووەتەوە و پێشوازیش لە هەموو دەكەین، لە سەرەتای كۆنترۆڵكردنی مووسڵیش هیچ كێشە و گرفتێكمان لەگەڵ هیچ كەسێكدا نییە.
شێخ عەبدولسەلام جبووری كە یەكێكە لە سەرۆك هۆزەكانی جبووری لە مووسڵ لە بەردەم ئامادەبووان لە گوتەیەكدا رایگەیاند، كام لە سیاسەتمەدارەكان توانیویەتی بەردێك لە نێو شەقامەكانی مووسڵ هەڵبگرێت.
لای خۆشیەوە سەرۆك هۆزی ئەلبكارە عومەر جومعە بوخاری گوتی: "لە رۆژانی رابردوودا هۆزەكان دەترسان چەك بەرامبەر دەوڵەت هەڵبگرن، بەڵام ئەمڕۆ پێویستە هەموو رۆڵەی هۆزەكان چەك هەڵبگرن و بەرگری لە شارەكەیان بكەن و ئێمەش لە پارێزگاری مووسڵ ئەسیل نوجەیفی بێ بەریین".
سەبارەت بە ئامادەكارییە سەربازییەکان كە ئێستا بۆ رزگاركردنی مووسڵ گیراونەتە بەر شێخ راشد حەمەدانی گوتی: "وا دەزانن ئەوان ئێمە رزگار دەكەن لە كێ، لەوانەی ئاڵای "لا إله الا الله" هەڵگرتووە كە ئێمە ئاواتخواز بووین".
دوا بەدوای ئەویش شێخ فارس تائی لە گرتە ڤیدیۆییەكدا لە كاتی بەیعەت بە "خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی" گوتەیەك پێشكەش دەكات و دەڵێت، "ئەوە بەسەرچوو كە بانگەواز دەكەن دەڵێن، بەغدا پایتەختی ئیمپراتۆری فارسە، چونكە ئەمڕۆ هەندێ پیاو هەن رزگاری دەكەن".
هاوكات دوای ئەویش شێخ سفوك تایی كە رووی قسەكانی لەوانە بوو كە دانیشتبوون گوتی: "ئیمە لەگەڵ هۆزەكانی دیكە بە دۆخی ناخۆش و هەستیار تێپەڕیوین، بەڵام لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی، شەڕی پێشمەرگە دەكەین".
ئەم پێشهاتەی ئەمڕۆی مووسڵ لە كاتێك دایە هێزەكانی عێراقی ئامادەكاریی بۆ گرتنەوەی مووسڵ لە ژێردەستی چەكدارانی داعش دەكەن بەتایبەتیش پاش ئەوەی دوێنێ شاری تكریت لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش رزگاركرا.