هەولێر
وەزارەتی پلاندانان و بانكی جیهانی لە راپۆرتێکی هاوبەشیان دا ئاشكرایان كرد، کە لەدەرنجامی هاتنی پەنابەرانی سوری و ئاوارە نێوخۆییەكانی عێراق، هەرێمی كوردستان ڕووبەرڕووی قەیرانێكی ئابووری و مرۆیی مەزن بۆتەوە و بۆ سەقامگیری ئابووری لە ساڵی 2015 هەرێمی كوردستان پێویستی بە یەك ملیار و چوارسەد ملیون دۆلار هەیە.
بە پێ ڕاپۆرتەكە گەشەی ئابووری هەرێمی كوردستان بە رێژەی 5% دابەزیوە و هەروەها رێژەی هەژاری لە 3.5% بۆ 8.1% بەرزبۆتەوە.
هاوکات ئەوەش خرایە روو، کە بەهۆی شەڕی نێوخۆی سوریا و شەڕی چەکدارانی داعش لە عێراق، قەیرانی ئابووری لەهەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە و بۆ ساڵی 2015 هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەك ملیار و چوارسەد ملێون دۆلار سەرمایە هەیە.
لە کۆنفرانسەکەدا تیشكخرایە سەر هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەكانی کاڵا و ڕێژەی بێكاری و زیاتر سەرهەڵدانی کرداری توندوتیژی و زیانی کۆمپانیاکان و دابەزینی رادەی وەبەرهێنان و چەندین پرسی دیکە کە کاریگەری خراپی لە سەر ئابووری هەرێمی كوردستان دروستکردووە.
لای خۆشیەوە نوێنەری تایبەتی بانكی نێودەوڵەتی لە عێراق ڕۆبێرت باو ژودی گوتی" كۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر نیگەرانە سەبارەت بەو بارودۆخەی كە هەرێمی كوردستان، بەهۆی هاتنی پەنابەرانی دەرەکی و نێوخۆیی رووبەرووی بۆتەوە، ئێمە وەک بانكی نێودەوڵەتی لە عێراق بە پێویستی دەزانین، کە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رێگا چارەیەكی خێرا بۆ ئەو مژارە بدۆزێتەوە.
هاوکات وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەلی سندی ئەویش گوتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند : " سەڕەرای خراپی رەوشی ئابووری هەرێم بەهۆی برینی مووچەی فەرمانبەران و بوودجە، بەڵام حکوومەتی هەرێم پێشوازی لە ئاوارەکانی دەرکی و نێوخۆیی عێراق کرد و وەك هاوڵواتیانی ئەو هەرێمە، مامەڵەی لەگەڵ ئاوارەکان کردووە و خزمەتی زۆریانی پێگەیاندوون.
سندی گووتیشی: هەرچەندە حكوومەتی هەرێم سەرچاوەی زۆری پێداویستیی ئاوارەکانی دابینکردووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بە تەنیا هەرێم ناتوانێ ئەم قەیرانە گەورە مرۆییە چارەسەر بكات و لەمباریەوە پێویستی زۆرمان بە هاوكاری زیاتری هاوبەشانی نیشتمانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.