Mazın Asad
20 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2016
پارێزگاری پێشووی موسڵ ئەسیل نوجەیفی لەبارەی بڕیاری دەستگیرکردنی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەرژەوەندی وڵاتێکی بیانی رایگەیاند ئەو پرسە بە رێگەی یاساوە چارەسەر دەکرێت.
نوجەیفی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیویەتی "ھێزەکانمان (پاسەوانانی نەینەوا) لە لایەن تورکیاوە مەشقیان پێکرا و ئێستاش لە کۆنترۆڵی سوپای عێراقە، تاکە ھێزن کە لە خەڵکی موسڵ پێکھاتبێت".
فەرماندەی ھێزەکانی پاسەوانانی نەینەوا ھەروەھا رایگەیاند: "بەھۆی ئەوەی دوو ساڵ و نیوە شارەکەم موسڵ شاباشی داعش کرا و گەلەکەم رووبەڕووی گەورەترین تراژێدیای مرۆیی بووەوە، تاوەکو ئاسایش و سەقامگیری شارەکەم دابین دەکرێت و شارەکەم رزگار دەبێت، لە کارەکانم بەردەوام دەبم. ئەو شتە بێ بایەخانە (بڕیاری دەستگیرکردنی) تاوەکو بونیاتنانی داھاتوویەک بۆ بچووکەکان لە عێراق و موسڵ، جێی دەھێڵم. ئەوکات بابەتەکان وەک ئەوەی پێشبینی بۆ ناکەین، بەشێوەیەکی ئاسانتر بە رێگەی یاسای چارەسەر دەکرێت".
جێگەی باسە ئەمڕۆ دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی عێراق، بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەرژەوەندی وڵاتێکی بیانی، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ پارێزگاری پێشووی نەینەوا، ئەسیل نوجێفی دەرکرد.