Hawkar Yaseen
10 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2020
هەولێر - AA
شەش ساڵ بەسەر وادەی کۆنگرەی چواردەهەمینی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێپەڕێوە، دواهەمین کۆنگرەیان لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠ ئەنجام دا و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە دەبوو ساڵی ٢٠١٤ کۆنگرەی چواردەهەمین ببەسترایە.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەو حزبە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەهۆی شەڕی داعش و سەرقاڵبوون بە هەڵبژاردنەکانەوە، کۆنگرە دواخراوە و بڕیاردرابوو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ کۆنگرە ببەستن، بەڵام تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو وادەیەشی دواخستووە بۆ کاتێکی نادیار.
ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، بڵند ئیسماعیل بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند "بڕیاردرابوو لە کۆتایی ئەمساڵ کۆنگرە بکرێت، لەنێوان مانگی نۆ بۆ ١٠، هەرچەند رۆژەکە دیاریی نەکرابوو، بەڵام بۆچوونێک هەبوو لە رۆژی ریفراندۆمدا کۆنگرە بکرێت، بەڵام پەتای کۆرۆنا دوای خستین، پارتی حزبێکی گەورەیە کۆنگرەش کە دەکرێت نوێنەری قاعیدەی حزبی دەبێت تێیدا بەشداربێت بۆیە بەپێی ئەو نوێنەرایەتییە و ژمارەی ئەندامانی حزبی چاوەڕێ دەکرا لە هەزار تاوەکو هەزار و٥٠٠ کەس بەشداری کۆنگرە بکات، کۆبوونەوەی خەڵکێکی وا زۆر لە هۆڵێکدا پێمان وابوو کارەساتی بەدوادادێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە".
بڵند ئیسماعیل گوتیشی: "هیچ هۆکارێکی دیکە نییە جگە لەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراپ بڵاوبووەتەوە لە هەرێمی کوردستاندا و ئەگەر ئەمساڵ پەتاکە کەمبێتەوە و دابکشێت و کاریگەری بەو جۆرە نەمێنێت پارتی ئامادەکارییەکی باشی کردووە بۆ کۆنگرە و هیچی وامان نەماوە لەوانەیە لە ماوەی مانگێک ئەوەی ماوە تەواوی بکەین و بچینە ناو کۆنگرەوە".
ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، بڵند ئیسماعیل دەربارەی ئەو ئامادەکارییانەی تاوەکو ئێستا کراوە گوتی: "خۆی بەگشتی هەموو شتەکان دەبێت لەناو کۆنگرە بڕیاری لەسەر بدرێت، پەیڕەوی ناوخۆ و پێداچوونەوە بە پرۆگرامی پارتی کە بەرنامەی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی داهاتووی پارتییە لە حکومڕانیدا، پەیڕەو کە بنەمای کاری حزبە لەوانەیە گۆڕانکاری بەسەردا بێت چونکە شێوازی ئیشکردنی رێکخستنەکان گۆڕاوە هەموو ئەمانە دیراساتی باشی لەسەر کراوە و کۆمەڵێک شت حازرکراوە و تەنها دەمێنێتە ئەوەی لەناو کۆنگرە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و کامیان پەسەند بکرێت، تەقریبەن ئامادەکاری کراوە بۆ رەشنووسی پەیڕە و پرۆگرام، راپۆرتەکان و هەموو ئەو شتانەی کە پێویستە پێشتر ئامادەکاری بۆ بکرێت کراوە، تەنها ئەوە ماوە چۆن نوێنەرایەتی ئەندامانی حزب هەڵبژێردرێت، دەمێنێتە سەرئەوەی چەند ئەندامی حزب نوێنەرێکی هەبێت ئەوەیە کە کاتێکی دەوێت، بەڵام ئەوەیش لە دەوری ٢٠ رۆژ بۆ مانگێک کۆتایی پێ دێت، بۆیە شتێکی وامان پێویست نییە تەنها کۆرۆنا بەرۆکمان بەردا لەو بڕوایەم لە مانگی ١١ یان ١٢ی ئەمساڵ بتوانین کۆنگرەکە ببەستین".
بڵند ئیسماعیل دەربارەی گۆڕانکارییەکان لە پەیکەری رێکخراوەیی حزبەکەیاندا رایگەیاند "لە ئاستی باڵا و سەرۆکایەتی حزبەکەدا، هێشتا نازانم چۆن دەبێت بڕیاری لێ نەدراوە، بەڵام بۆ بابەتی پەیڕەو و کاری حزبی بۆ نموونە پەیوەندی نێوان ئۆرگانەکانی حزب، بڕیارەکان چۆن شۆڕ دەبێتەوە لە دەسەڵاتی کێ دەبێت بڕیار لە فڵان شت بدات، کردنەوەی ئۆرگانێکی نوێ و هەندێک بابەتی دیکە، پرس و را بە کۆمەڵێک خەڵکی پسپۆڕ کراوە، خەڵکی شارەزا ئەوانەی کاری حزبییان کردووە، مامۆستایانی زانکۆ، هەر لایە و بابەتێکیان پێشکەش کردووە و سوودیان لێ وەرگیراوە، مەبدەئی ئەمجارە وایە کە بەشێوەیەک پەیڕەو دابڕێژرێت کە بڕیاردان لەناو حزبدا خێراتربێت واتە وای لێ بێت کۆمەڵێک دەسەڵات بدرێت بە خوارەوە، بدرێت بە هەیکەلی لق و ناوچەکان بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەکان بۆ ئەوەی کاری حزبی بۆ لەمەودوا خێراتر بێت، زۆرینەی قەواعیدی حزبیش وای داوا کردووە کە هەوڵبدرێت بۆ بڕیاردان دەسەڵات بدرێتە خوارەوە و کاری حزبی خێراتر بکرێت".
بۆچوونێک لەناو خەڵک و شەقامی سیاسیی باس دەکرێت کە پارتی ئەمجارە کۆنگرەیەکی بچووکراوە دەبەستێت و تەنها ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیی و بەشێک لە کادیرە باڵاکان و بەرپرسی لق و ناوچەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لە پلە سەربازییەکانیشدا تەنها لیواکان بەشداری کۆنگرە بکەن و ئەندامانی کۆنگرەی چواردە لە چەند سەد کەسێک تێ نەپەڕێت، بەڵام بڵند ئیسماعیل دەربارەی ئەو بۆچوونە گوتی: "من شتی وام نەبیستووە ئەوەی کە هەیە تەنها پەیوەستە بە کاریگەری کۆرۆنا و هیچ شتێکی دیکە نییە، بەڵام ئەگەر کۆرۆنا هەر بەردەوام بێت و بمێنێت لەوانەیە پێویست بەوەبکات لە جیاتی ئەوەی هەزار و ٥٠٠ کەس بەشداربێت ببێت بە ٧٥٠ کەس یان ٥٠٠ کەس، بەڵام دیسان ئەو ژمارەیەیش هەر زۆرە، بۆیە هیچ شتێک نییە کێشەی خستبێتە کۆنگرە تەنها و تەنها کۆرۆنایە".
ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، بڵند ئیسماعیل گوتیشی: "تاوەکو ئێستا بڕیاری دواخستنی کۆنگرە نەدراوە، بەڵام پێشتریش بڕیاری رۆژەکەی نەدرابوو بۆیە دەمێنێتە سەرئەوەی هەلومەرجی تەندروستیی چی لێدێت، هەرکات کۆنگرە نەما یان کەمی کرد لە ماوەی مانگێک بۆ پەنجا رۆژ پارتی کۆنگرەی خۆی دەبەستێت".