Hamit Hüseyin
11 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2018
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ لە هەولێر ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە پارتی و یەکێتی راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیەندراوە هاوبەشەکەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان :
ئەمڕۆ سێشەممە ١١/١٢/٢٠١٨ ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەولێر کۆبوونەوە. چەند بابەتێکی گرنگ و ھەستیار و ھەنووکەیی گفتوگۆی لەسەر کرا:
یەکەم: ڕێکخستنەوەی باشتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ئاستی پێویستی قۆناغەکەدا بێت لەڕووی سیاسی و ئابووری و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانەوە بە شێوەیەک کە پشتیوانی بەھێز بێت بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
دووم: پێکەوەکارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵی لە ھەموو ئاستەکاندا، لابردنی بەربەستەکان بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەچوون لە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و ھەموو ئەو بابەتانەی کە ناکۆکییان لەسەر ھەیە، لەگەڵ ئامادەبوونی کورد لە بەغدا بە شێوەیەکی کارا و بەھێز.
سێیەم: دانانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی گشتی بۆ ھەبوونی ھەڵوێستی ھاوبەش دەربارەی چۆنیەتیی مامەڵە و دیدگای ھاوبەش سەبارەت بە عێراق و ناوخۆی کوردستان و دەوروبەر، ھەروەھا بەرچاوڕوونی لەسەر ڕووداو و پێشھاتەکان.
چوارەم: پشتگیریکردن لە لیژنەی تایبەت بە پێکھێنانی کابینەی نۆیەم و ئۆرگانەکانی دیکە بۆ دابینکردنی سەقامگیری و حوکمڕانیی سەرتاسەری لەسەر بنەمای یاسا و ھاوبەشیی ھەموو ئەو حزبانەی کە بەشداری لە کابینەی داھاتوودا دەکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١١/١٢/٢٠١٨