Dlshad Saifaalddin Ahmed
02 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەركۆماری نوێ كە بڕیار بوو شەوی رابردوو بەڕێوەبچێت بۆ كاتژمێر یەكی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دواخرا.
لەئێستادا لایەنە كوردییەكان لە بەغدا لە كۆبوونەوە و گفتوگۆدان لەسەر ئەو پرسە و رێكکەوتن لەسەر كاندیدێكی یەكگرتووی لایەنە كوردییەكان پێش چوونە ناو كۆبوونەوەكە.
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەحمەد رەشید لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لەئێستادا لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران لە كۆبوونەوەیەكی راوێژكاریدان لەسەر ئەو پرسە.
لە لای خۆیەوە پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، شێروان دووبەردانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "كۆبوونەوەكان لەسەر ئاستی شاندی باڵای هەردوولا لە بەغدا و پەرلەمانتاران و فراكسیۆنە كوردییەكان بەردەوامی هەیە و چاوەڕوان دەكرێت پێش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بگەنە ئەنجامێك و پەیامێك لەسەر یەكڕیزی نێو ماڵی كورد و كاندیدی سەركۆمارەوە بڵاوبكەنەوە".
شێروان دووبەردانی پێشبینی كرد بە هۆی سەرقاڵی لایەنە كوردییەكان بە كۆبوونەوە و گفتوگۆكانەوە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ چەند كاتژمێرێك دوا بخرێت.
كاندیدی سەربەخۆی كورد بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق، سەردار عەبدوڵڵا لەسەر هەمان پرس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: " هەوڵ هەیە بۆ رێکكەوتن و دیاریكردنی كاندیدێكی لایەنە كوردستانییەكان بۆ پۆستی سەركۆمار، من پێشتر دەستپێشخەرییەكم كرد بۆ هەموو لایەنەكان و بۆ ئەو مەبەستە چاوم بە لایەنەكان كەوتووە تا لایەك دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێت لە بەرژەوەندی لایەكەی تر و كوردستان دابەش نەكەن كە ئەگەر بەو شێوەیە بچنە پەرلەمانەوە دەبنە هۆی دابەشكردنی كوردستان".
سەردار عەبدوڵڵا گوتی: "ئەگەر لایەنە كوردییەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی گەیشتنە رێكکەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش، ئەوكاتە من لەنێو كۆبوونەوەكەوە پشتیوانی خۆم بۆ ئەو كاندیدە رادەگەیەنم".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، هەموو لایەنە عێراقییەكان هەڵوێستیان لەسەر ئەو پرسە روونە و داوایان لە هەردوولایەن كردووە لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بگەنە رێكکەوتن و نایانەوێت هۆكاری دووبەرەكی و دابەشبوونی كورد بن.
لە لایەكی ترەوە نووسینگەی كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پۆستی سەركۆمار، بەرهەم ئەحمەد ساڵح راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا كشانەوەی بەرهەم ساڵح لە كێبڕكێی ئەو پۆستە رەتدەكاتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "هەموو ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە پاشەكشەی د. بەرهەم بڵاودەكرێنەوە لە بەربژێری بۆ پۆستی سەركۆمار رەتدەكەینەوە. بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین ئەو دەنگۆیانە درۆی هەڵبەستراون و هیچ بنەمایەكیان نییە".
كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەو پۆستە، بەرهەم ئەحمەد ساڵح و كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، فوئاد حسێن-ە، جگە لەو دوو لایەنە شەش كاندیدی تری كورد و 15 كاندیدی عەرەب بۆ ئەو پۆستە خۆیان كاندید كردووە و كێبڕكێی دوو كاندیدەکەی پارتی و یەكێتی دەكەن.
شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی پاش نیوەڕۆی دوێنێ گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەستی بە كۆبوونەوە و گفتوگۆ كرد لەسەر ئەو پرسە و بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنە عێراقییەكان بۆ كاندیدی حزبەكەی، شاندی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی جێگری سكرتێری گشتی حزبەكە، كۆسرەت رەسول ماوەی سێ رۆژە لە بەغدان و بە هەمان شێوە لە هەوڵی سەرخستنی كاندیدی خۆیاندان.