واشنتۆن
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما رایگەیاند: "ئاشكرای دەكەم، ئەمریكا بۆ لە ناوبردنی ئەم ھەڕشە تیرۆریستییە سەرپەرشتی ھاوپەیمانێكی فراوان دەكات. ئامانجەكەمان زۆر روونە، بە ستراتێژییەكی بەرەنگاری تیرۆریی گشتگیر و درێژخایەن، داعش بێ هێز دەكەین و دواتر لە ناو دەبەین."
ئۆباما بۆ خەڵكی ئەمریكا ستراتێژی تازەی دژی رێكخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش رایگەیاند.ئۆباما ئاماژەی بە ھەوڵی ئەمریكا دا لەبواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گوتی: "ناكرێ ھەموو خراپییەكانی جیھان نەھێلرێ، گروپە بكوژە بچوكەكانیش دەتوانن زیانی گەورە بگەیەنن، لە ھێرشەكەی 11 ئەیلولدا، نموونەی ئەوەمان بینی."
ئۆباما باسی لەوە كرد ھەر كاتێك ھەڕەشەی تازە دەربكەوێت پێویستە ئامادە بن و ئێستا گەورەترین ھەڕەشە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا بە دیاركەوتووە، لەوانەش داعش.
ئۆباما جەختی لەوەكردەوە كە داعش خۆی وەكو "دەوڵەتی ئیسلام" دەناسێنێت و گوتی: " داعش پەیوەندی بە ئایینی ئیسلامەوە نییە. ھیچ ئایینێك لە جیھاندا چاوپۆشی لە كوژرانیكەسانی بێ تاوان ناكات، زۆرینەی قوربانییەكانی دەستی داعش موسڵمانن. ھەرگیز داعش دەوڵەتی ئیسلامی نییە، داعش رێكخراوێكی تیرۆریستییە. ئەمە روون و ئاشكرایە. ھیچ ئامانجێكی جگە لە كوشتنی مرۆڤەكان نییە."
ئۆباما گوتی: "داعش بۆ سوریا و عێراق و بۆ ھەموو ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەڕەشەیە و ئەگەر فەرامۆش بكرێت ئەو ھەڕەشەیە بۆ دەرەوەی ناوچەكە و تەنانەت دەكرێ بگاتە ئەمریكاش. ئەو شەڕوانە بیانییانەی لە ناو داعش ئەگەر گەڕانەوە بۆ وڵاتەكانیان دەكرێ ھێرشی خۆكوژی ئەنجام بدەن."
ئۆباما ئاماژەی بەوەشكرد، لە مانگی رابڕدووە تا ئێستا ئەمریكا لە عێراق زیاتر لە 150 ھێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە و گوتی: "ئەمە تەنیا شەڕی ئێمە نییە. لەوانەیە ھێزی ئەمریكی جیاوازییەك بێنێتە ئاراوە بەڵام ئەو شتەی كە پێویستە عێراقییەكان بكەن ئێمە ئەوە ناتوانین بكەین، یاخود بۆ سەقامگیری و ئەمنییەتی ناوچەكەیان ئێمە ناتوانین جێی ھاوبەشانی عەرەبیان بگرین. ئەوە ئەركی عەرەبەكان خۆیانە."
ئۆباما گوتیشی: "دوای راوێژ كردنمان لەگەڵ ھاوپەیمانەكانمان و كۆنگرێس ھەروەھا دوای پێكھێنانی حكومەتی تازە لە عێراق، ئاشكرا دەكەم، ئەمریكا بۆ لە ناوبردنی ئەم ھەڕەشە تیرۆریستییە بۆ ھاوپەیمانییەكی بەر فراوان سەرپەرشتی دەكات. ئامانجەكەمان زۆر روونە، بە ستراتێژییەكی بەرەنگاری تیرۆریی گشتگیر و درێژخایەن، داعش بێ ھێز دەكەین و دواتر لە ناوی دەبەین."
ئۆباما، ھێرشەكانی ئاسمانیی سیستماتیك وەك یەكەم قۆناغی ستراتێژی دەستنیشان كرد و جەختی لەوە كردەوە، ئامانجی ھێرشە ئاسمانییەكانی لەم چوارچێوەیەدا تەنیا بۆ پاراستنی كارمەندانی ئەمریكی و ھاوكاری مرۆیی سنووردار نابێت بەڵكو لەوە زیاتر دەڕوات و گوتی: "لەو كاتەی كە ھێزە عێراقییەكان لە ھێرشدابن ئێمەش مۆڵگەكانی داعش بۆردومان دەكەین. با ئەمش بزانرێت ئەو تیرۆریستانەی كە ھەڕەشەن بۆ وڵاتەكەمان ھەر لە كوێبن دەستگیریان دەكەین. ئەمە واتای ئەوە رادەگەیەنێ، ھەم لە سوریا و ھەم لە عێراق دژی تیرۆریستان دەستبەكار دەبین. بنەمای سەرەكی سەرۆكایەتیی من ئەوەیە: ئەگەر ئێوە ھەڕەشە لە ئەمریكا دەكەن، ناتوانن ھیچ شوێنیك پەنا بگرن."
سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ستراتێژییەكەی گوتی: "لە قۆناغی دووەمدا بۆ ئەو ھێزانەی كە لە گۆڕەپانەكەدا دژی تیرۆریستان شەڕ دەكەن، پشتگرییەكەمان زیاتر دەكەین."
ئۆباما لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژە بە گرنگیی زۆركردنەوەی پەروەردە، ھەواڵگری و پێداویستی سەربازیی ھێزەكانی كورد و عێراق دا و رایگەیاند 475 سەربازی دیكەی ئەمریكی دەنێرێت و گوتی "وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد دوپاتی دەكەمەوە، ھێزە ئەمریكییەكان ئەركیان ئەوە نابێ كە بكەونە جەنگ. خۆمان ناخەینە ناو شەڕێكی تازەی وشكانی لە عێراقدا."
ئۆباما سەبارەت بە سوریا گوتی: "ھاوكاری سەربازیمان بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا زیاتر كرد. پشت بە بەشار ئەسەد نابەستین چونكە مەشروعییەتەكەی لە دەستداوە و خەڵكەكەی تیرۆر دەكات."
ئۆباما، قۆناغی سێیەمی ستراتێژییەكەی وەك ھەوڵی بڕینی سەرچاوەی دارایی داعش بە ھاوكاری ھاوپەیمانەكانی شیكردەوە و گوتی: "پەرە بە ھەواڵگریمان دەدەین و سیتمی بەرگرییەكەمان بە ھێزتر دەكەین بۆ بەرەنگاریی ئەو ئایدیۆلۆژییەی نادروستی داعش ھەروەھا رێگری لەو شەڕوانە بیانییانە دەكەین لە هاتوچۆیان بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست."
ئۆباما قۆناغی چوارەمی ستراتیژییەكەشی وەك ھاوكارییە مرۆییەكان ناساند، ئاماژەی بەوەش كرد ھەموو قۆناغەكانی ستراتێژییەكەی بە هەماهەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانانی جێبەجێ دەكات.
ئۆباما رایگەیاند: "دەسەڵاتم ھەیە راستەوخۆ رووبەڕووی داعش ببمەوە، بەڵام كاتێك سەرۆك و كۆنگرێس پێكەوە كار بكەن دەبنە بەھێزترین وڵات، ھەر بۆیە داوای پشتگریم لە كۆنگرێس كرد.
سەرۆكی ئەمریكا داعش بە نەخۆشی شێرپەنچە چواند و گوتی: "لە ناوبردنی شێرپەنجە كاتێكی زۆر دەخایەنێت."
ئۆباما لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژە بە ھەنگاوەكانی ئەمریكا دا لە بابەتە جیھانییەكان و گوتی: "ئەمریكییەكان رۆڵی سەركردایەتیی جیھان بە خۆشحاڵییەوە دەگرنە ئەستۆ."