Azad Muhammet
15 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2016
بەڕێوەبەرى گشتى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک، دکتۆر نزار عیسمەت تەیب رایگەیاند "لە سەرەتاى دروست بوونى شەڕى دژبە داعش، وەزارەتى تەندروستى تیمى جێگیر و گەڕۆکى پزیشکى لەو میحوەرانەى سنوورى پارێزگاى دهۆک کە زۆرترین میحوەرەکانى لەخۆیەوە گرتووە، دابین کردووە. ئەگەر لەماوەى رابردوو یان لە کاتى ئۆپەراسیۆنەکاندا کەموکوڕى هەبووبێت لە رووى پزیشکى و تەندروستییەوە، ئەوا لە ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک بە هەماهەنگى لەگەڵ تەواوى دامودەزگاکان ئامادەکارییەکى تەواومان کردووە کە بەهیچ شێوەیەک هیچ کەموکوڕییەک لە بەرەکانى جەنگ روونەدات".
بەڕێوەبەرى گشتى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک، دکتۆر نزار عیسمەت بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتی: "یەکێک لەو ئامادەکارییانەى ئێمە کردوومانە دابینکردنى بنکەى فریاکەوتنە لە میحوەرەکانى هێزى پێشمەرگە، تاوەکو برینداران و زیان بەرکەوتووانى ئۆپەراسیۆنەکان بە زووترین کات چارەسەرى بە پەلە لە نزیکترین بنکەى تەندروستى وەربگرێت، ئەمەیش قۆناغێکى سەرەتایى چارەسەرى پزیشکییە لە قۆناغى دواتر لە رێگەى ئەمبولانسەکانمانەوە رەوانەوەى نەخۆشخانەکانى ناو پارێزگاى دهۆک دەکەین. یەکێکى دیکە لە ئامادەکارییەکانمان بۆ هێزەکانى پێشمەرگە لە کاتى ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ جێگیرکردنى بەشێک لە تیمە پزیشکییەکانە لە بەرەى پێشەوەى جەنگ و بەشێکى تریش لە دواوەى بەرەکانى جەنگ ئەمەش بۆ زیاتر کارئاسانى تیمەکانمانە لە بەرەکانى جەنگ بەگشتى".
سەبارەت بە چارەسەرە پزیشکییەکان کە لە میحوەرەکان بۆ هێزەکانى پێشمەرگە دەکرێت ناوبراو رایگەیاند "هەر پێشمەرگەیەک لە کاتى ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى شارى مووسڵ بریندار بێت چارەسەرى خوێن بەربوونى بە پەلەى بۆ دەکرێت و هەروەها نەشتەرگەرییە پێویستەکان دەکرێت لە حاڵەتە نەخوازراوەکاندا هەروەها لەگەڵ چەندین چارەسەرى دیکەى پزیشکى بۆ هێزەکانى پێشمەرگە کە لە بەرەکانى جەنگ ئەگەر هەیە رووبەڕوویان ببێتەوە ".
لەبارەى ئامادەکارى تەندروستى بۆ وەرگرتنى ئاوارەى زیاتر و کۆنترۆڵکردنى حاڵەتى نەخۆشى، دکتۆر نزار عیسمەت تەیب گوتى: "سیناریۆى پێشبینىکردنى ئاوارەبوونى خەڵکى زیاتر لە کاتى ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ بەردەوام گۆڕانکارى بەسەردا دێت لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان هەندێک جار دەڵێن لەم دەرگایە ئەوەندە هەزار خەڵکە ئاوارە دەبێت و لە دەرگاى دیکەى مووسڵ دوو ئەوەندە، هەندێک جاریش پێچەوانەى دەکەنەوە و جارى واش هەیە دەڵێن زۆرینەى ئاوارەکان لەکاتى ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ روو لە پارێزگاى دهۆک دەکەن، هەرچەند ئێمە سوود لەو سیناریۆیانە دەبینین، بەڵام پشت بەو بۆچوونى سیناریۆکانى خۆمان دەبەستین بۆ کۆنترۆڵکردنى حاڵەتى نەخۆشى لە ئاوارەکان و چارەسەرکردنییان".
بەڕێوەبەرى گشتى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک، سەبارەت بە پلانەکانیان لە حاڵەتى بەرزبوونەوەى رێژەی ئاوارەکان لە کاتى ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ دەڵێت "یەکێک لە پلانە هەرە سەرەکیەکانمان جێگیرکردن و نیشتەجێکردنى ئاوارەکانى مووسڵە لە دەشتى نەینەوا، بۆ ئەمەیش پێنج کەمپى نوێ دەست نیشانکراوە تاوەکو دروست بکرێن و ئاوارەکانى لێ نیشتەجێ بکرێن، سێ کەمپ ماوە کارەکانى تەواو بکرێت. بۆ هەر کەمێپێک بنکەیەکى تەندروستیمان ئامادە کردووە تاوەکو خزمەت بە هاووڵاتییان بکات و چارەسەرى نەخۆشییەکان لەو بنکەیە وەربگرن و سەرجەم دەرمان و پێداویستى پزیشکیان بۆ دابین دەکەین".
بەرپرسە باڵاکەی کەرتی تەندروستى پارێزگاى دهۆک ئەوەشى گوت "بۆ هەر خاڵێکى پێشوازیکردن لە ئاوارەکان تیمێکى پزیشکیمان دابین کردووە بۆ ئەو کەسانەى پێویستییان بە چارەسەر هەیە یان هەڵگرى نەخۆشین تاوەکو لە رێگەى بنکەکانى تەندروستى کۆنترۆڵى نەخۆشییەکە بکرێت، هەروەها ١٢ تیمى گەڕۆکی پزیشکیمان ئامادە کردووە تا لەکاتى ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ ئەو منداڵانی تا تەمەنى ١٥ ساڵى دژبە ئیفلیجی منداڵان و سوورێژە ڤاکسین بدرێن، چونکە ئێمە دەزانین لە مووسڵ هیچ کوتانێک بۆ منداڵان نەکراوە، ئەوەش جگە لەوەى کە چارەسەرە هەروەها رێگرى کردنیشە لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشى لە ناو کەمپ و ناوچەکە بە گشتى کە ئەمە دوور لە مەترسیدارترین نەخۆشین بۆ کە ئەگەرى بڵاوبوونەوەیان هەیە".
ئەو دەڵێت: "بۆ گواستنەوەى ئاوارەکانى تووش بوو بە نەخۆشى ٢٥ تیمى دیکەى گەڕۆکمان ئامادەکردووە کە لەگەڵ چەندین رێکخراوى نێودەوڵەتى کار دەکەن بۆ گواستنەوەى ئەو ئاوارانەى تووشى نەخۆشى بوون لە بنکە تەندروستییەکانى ناوچە چارەسەریان بۆ ناکرێت یان لە توانایاندا نەبێت نەخۆشى زیاتر وەربگرن. لە رێگەى تیمەکانمانەوە ئەو نەخۆشانە دەگوازرێنەوە بۆ نزیکترین نەخۆشخانە وەک نەخۆشخانەى شێخان، رەبیعە دواتر ئەگەر پێویست بکات بۆ نەخۆشخانەکانى دهۆک دەگوازرێنەوە، دواى چارەسەریش دەگەڕێندرێنەوە بۆ کەمپەکانى دەشتى نەینەوا".
سەبارەت بە رۆڵى وەزارەتى تەندروستى عێراق و بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى نەینەوا، بەڕێوەبەرى گشتى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک، دکتۆر نزار عیسمەت گوتی: "رۆڵى وەزارەتى تەندروستى عێراق و بەرێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى نەینەوا زۆر گرنگە بۆ ئێمە، چونکە قەیرانى دارایى کاریگەرى گەورەى لەسەر کەرتى تەندروستى لە هەرێم جێهێشتووە، هەروەها تا ئێستا ١١٨ دکتۆر بەهۆکارى جیاوازە بەرەو دەرەوەى وڵات کۆچیان کردووە، بۆیە دەبێت عێراق هاوبەشى راستەقینە بێت لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى هەرێمى کوردستان تاوەکو پلانەکانى ئێمە بە هاوکارى حکوومەتى عێراقەوە جێبەجێ بکرێت، بۆ نموونە پێویستییمان بە دەرمان، ئەمبولانس، کلینک و تواناى مرۆییە، پێویستە لەلاى حکوومەتى عێراق بۆ ئێمە دابین بکرێت".
گوتیشی: "وەزارەتى تەندروستى عێراق پلانەکانی خۆیان بۆ ئێمە ناردووە و بەڵێنشیان بە ئێمە داوە، ئەگەر ئەو پلان و بەڵێنەى حکوومەتى عێراق لەگەڵ ئێمە بگاتە ئەنجام، بێگومان بەسەر دۆخە زاڵ دەبین و سەردەکەوین، بەڵام ئەگەر بەڵێنەکانیان نەبەنە سەر بە دڵنیاییەوە کاریگەرى زۆر گەورەى دەبێت لەسەر تێچکوونى دۆخەکە بەتەواوى تەنانەت کاریگەرى دەبێت لەسەر جێبەجێکردنى پلانەکانى ئێمەیش".