ھەولێر
چوارەم كاروانی ھێزەكانی پێشمەرگە كە لە مانگی شوباتی رابردوو رەوانەی شاری كۆبانێ كرابوون ئەمڕۆ بە یەكجارەكی گەڕانەوە ھەرێمی کوردستان.
كاروانە گەڕاوەكە لە ١٢٤ پێشمەرگە پێكھاتبوو كە ھەر لە سەرەتای گەیشتنیان بە كۆبانێ یەكێكیان بریندار دەبێت و رەوانەی باشووری كوردستان دەكرێتەوە و لە ئێستادا ١١١ كەس گەڕاونەتەوە ھەولێر و ١٢ كەس لە توركیا لە شاری سروج چاوەرێ بڕیارن تاوەكو كەرەستەكانی سەربازی كە رەوانەی كۆبانێ كرابوون بگەرێننەوە.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید تەلعەت زراری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سوپاسی حكوومەتی توركیا دەكەین كە رێگەی بە پێشمەرگەدا تاوەكو لە خاكییەو بەرەو كۆبانێ بڕوات و پاڵپشتی لە خەڵكی كۆبانی بكات و لە خاكی توركیا و سووریا پێشوازی زۆر گەرم لە ئێمە كرا، بەڵام بۆ گەڕانەوە، توركیا بەرنامەی تایبەتی خۆی ھەبوو".
ئەو فەرماندەیە دەلێت: "ئێمە بە شانازییەوە شاری كۆبانێمان ئازاد كرد و خەڵكی كۆبانێ زۆر نیشتیمان پەروەر و خاك دوستن ئەوان ھەرگیز حزبایەتی ناكەن تەنها باس لە نەتەوە و كوردایەتی دەكەن".
لەلایەن خۆیەوە گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەفین دزەیی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕیاری رەوانەكردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بڕیارێكی دیرۆكی و پێویست بوو لە رووی نەتەوایەتی و نیشتمانی و ھەروەھا بڕیاری تێپەربوونی پێشمەرگە بەخاكی توركیا بەرز دەنرخینین كە بەرلە رۆشتنی پێشمەرگە تەنیا لە سەدا ٢٠ی كۆبانێ لە دەست ھێزەكانی كورد دامابوو بەڵام لە گەڵ گەیشتنی پێشمەرگە ئاراستەی شەڕ گورا و پاش چەند مانگێك ئەنجامەكەی دیاركەوت و كۆبانی ئازاد بوو و ئێمە سەربەرزین بە پێشمەرگەی كوردستان".
ھەروەھا گوتی: "رۆلی ئەمریكا و توركیا و ھەموو ھاوپەیمانان رۆلێكی گرنگ بوو و ھەموویان بەشدارن لەو ئازادیە".