هەولێر
5 لایەنی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی تاوتوێكردنی پرسە سیاسی و ئاسایشییەكانی هەرێمی كوردستان عێراق و هەروەها هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر كۆبانێ و بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان كۆبونەوە.
لە بارەگای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەولێر، نوێنەرانی 5 لایەنی هەرێمی كوردستان (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكیەتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان) و نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان نیكۆلای میلادینۆف، كۆبونەوە.
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هیوا میرزا لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "تاوتوێكردنی پرسە سیاسییەكانی عێراق و بەشداری كورد لەو پڕۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و هاوكاتیش گەمارۆی سەر كۆبانێ لە لایەن چەكدارانی داعشەوە تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ دەبێت."
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بارەی هۆكاری بەشداری نوێنەری تایبەتی یۆنامی لەو كۆبونەوەیە گوتی: "ئەو لایەنانەی بەشدارن لە كۆبونەوەكە نوێنەرایەتی سەرەكی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەن و ئەمڕۆش كۆمەڵێك پرس لەو كۆبونەوەیەدا تاوتوێ دەكەن و بڕیاری لەسەر دەدرێ. بە پێویستمان زانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو كۆبونەوەیە دا بەشدار و لە هەرچەشنە بڕیارێكی ئێمە ئاگادار بێ."
هەواڵنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە شوێنی كۆبونەوەكە رایگەیاند، كە لە هەركام لە پارتە سیاسییەكانی بەشدار لە كۆبونەوەكە، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و لە یەكیەتی نیشتمانی كوردستان مەلا بەختیار، لە بزوتنەوەی گۆڕان جەلال جەوهەر، لە یەكگرتووی ئیسلامی محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتی ئەو حزبە و لە كۆمەڵی ئیسلامیش عەلی باپیر سەرۆكایەتی شاندی حزبەكەیان دەكەن.