نیویۆرک
لیو ژیایی، نوێنەری چین کە بەم نزیکانە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا لەبارەی بەرنامەی مانگی تشرینی دووەم روونکردنەوەیدا.
لیو، لەبارەی رەتکردنەوەی عەرەبستانی سعودی بۆ ئەندامێتی کاتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە مانگی رابردوو، رایگەیاند: لە نزیکەوە چاودێری ئەو پرسە دەکات و لە دەرەوەی نیویۆڕک گفتوگۆ لەگەڵ عەرەبستانی سعودی دەکرێ.
لە ١٧ مانگی رابردوو بە ئامادەبوونی ١٩٣ ئەندام نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوەی گشتی خۆی ئەنجامدا، تیایدا بڕیاردرا، ھەریەک لە چاد، چیلی، لیتوانیا، نایجیریا، بۆ یەکەمین جاریش عەرەبستانی سعودی بە شێوەیەکی کاتی بۆ ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ ببنە ئەندامی کاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و کۆبوونەوەی کۆمەڵەی ١+٥، لیو بەدووری نازانێ بڕیارە نێونەتەوەییەکانی دەربارەی ئێران ھەڵبوەشێنەوە. ھەروەھا گوتی: "ئەنجومەنی ئاسایش لە مانگی تشرینی دووەم لە بارەی ئەو دۆسێیە ھیچ کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام نادرێ، بەڵام ئەگەر پێویست بکات تاوتوێی ئەو مەسەلە دەکرێ."
نوێنەری چین لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لەبارەی قەیرانی سوریا و شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە رایگەیاند ئەوان پشتگیریی لە چارەسەری سیاسی دەکەن. داوایکرد بەبێ بەفیڕۆدانی کات گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەست پێبکات.
لیو لە بەشێکی قسەکانیدا پێیوایە بۆ ئەوەی جنێڤ٢ دەست بەکارەکانی بکات، پێویستە لایەنەکان بەبێ مەرجی پێشوەخت بێنە سەر مێزی گفتوگۆ.
لە مەسەلەی ھاوکاریکردنی سوریا، نوێنەری چین رایگەیاند بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە چین، تا ئەمڕۆ بەبڕی ١١ ملیۆن دۆلار ھاوکاری سوریای کردووەو گوتی: "بە بڕی دوو ملیۆن و ٤٥٩ ھەزار دۆلار ھاوکاریی پەنابەرانی سوریامان لە ئۆردن کردووە، ھەروەھا لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە بڕی ٣ ملیۆن و ٩٣٥ ھەزار دۆلار ھاوکاریمان گەیاندووەتە ئاوارەکانی سوریا."
لەلایەکی دیکە لیو رایگەیاند: لەبارەی قەیرانی سوریا و بەر لە جنێڤ٢، رۆژی سێشەممەی داھاتوو نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەری کۆمکاری عەرەبی ئەخزەر ئیبراھیمی، لەگەڵ ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و روسیا کۆدەبێتەوە، لە دوای ئەو کۆبوونەوەیەش نوێنەرانی ئەندامە ھەمیشەیەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی بەبەشداری وڵاتانی دراوسێی سوریا تورکیا، عێراق، ئێران، ئۆردن و لوبنان کۆدەبنەوە.