Hemin Hüseyin
28 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2017
هەولێر - AA
کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، محەمەد عاکیف ئینام سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن سکرتێری مەکتەبی سیاسی، فازڵ میرانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە پێشوازی لێکرا.
سەردانەکەی کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی کارەکانی بوو لە هەرێمی کوردستان
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دانیشتنێکدا، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی جەختی لەوە کردەوە کە کورد هەڵگری پەیامی ئاشتی و فاکتەری سەرەکیی سەقامگیری ناوچەکەیە و ھیوای خواست پێوەندی نێوان ئەنقەرە و ھەولێر بۆ دۆخی جاران بگەڕێتەوە.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆڵ و کارو چالاکییەکانی کۆنسوڵی گشتی تورکیای بەرز نرخاند و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی تازەیدا و ستایشی ھاوکاری حکوومەتی تورکیای کرد بۆ ھاوکارییە مرۆییەکانیان لە کاتە تەنگانەکاندا و بەھاناھاتنی ئەم دواییەی ھاووڵاتییان لە کاتی بوومەلەرزەکەدا.
هەر سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە و عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی و دواپێشھاتەکاندا، فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەدا کە گەلی کورد ھەردەم ھەڵگری پەیامی ئاشتی و فاکتەری سەرەکی سەقامگیری ناوچەکەیە و خوازیاری پەیوەندی باشە لەگەڵ دراوسێیەکانی و ھیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی تورکیا بگەڕێنەوە دۆخی جاران و لەوکاتیش باشتر بێت.
لە لای خۆیەوە کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، محەمەد عاکیف ئینام سوپاسی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد بۆ ئەو ھاوکاری و ھەماھەنگییەی لە ماوەی رابردوودا کە بووەتە مایەی سەرکەوتنی کار و بەرنامەکەیان و لە خزمەتی دۆستایەتی و پەیوەندیەکانی ھەردوولا بووە.
جێگری کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، ئۆرهان ئۆنلو ئامادەی دانیشتنەکە بوو.