Rewa Mahmood Hasan
23 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی-AA
گوتەبێژی کۆنگرەی چواری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەلا یاسین، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە سەعات ٠٨:١٥ی ئەم ئێوارەیە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی رێکیخست، ئاشکرای کرد سبەینێ ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گشتیی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکرا دەکەن.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا مەلا یاسین ئاشکرای کرد کە سبەینێ ئەنجامی دەنگدانی ئەمڕۆی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی ئاشکرا دەکەن.
مەلا یاسین لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە کۆنگرەیان بەسەرکەوتوویی ئەنجام داوە و هیچ کێشەیەک لەنێو هۆڵی کۆنگرەدا نەبووە .
لەبارەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ١١٨ ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتی، گوتەبێژی کۆنگرەی چواری یەکێتی، گوتی، "ئەمڕۆ لە بەیانییەوە خەریکی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتین، چاوەڕێش دەکەین لە کاتژمێر یەک یان دوو دەنگدان تەواو ببێت، دواتر راستەوخۆ، بە سەرپەرشتیکردنی چوار دادوەر و شەش پارێزەر و چەند دادنووسێک، دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکەین، سبەینێش ئەنجامەکان رادەگەیەنین".
مەلا یاسین راشیگەیاند، "دەنگەکان لەسەر شاشەی ناو هۆڵەکە دیارە و هەمووان دەزانن دەنگەکانیان چۆنە ئەوانەی زویربوون بە رۆحێکی وەزرشییەوە وەریدەگرن و ئاشت دەکرێنەوە، کەسیش دەرنەکراوە. "
لەبارەی ئەنجامی کۆنگرە و ئەو نوێبوونەوانەی لە حیزبەکەیاندا ئەنجام دەدرێت ، مەلا یاسین گوتی، "بۆ سەردەمی جیهانگیری و تۆڕی کۆمەڵایەتی، یەکێتی ریتم و شێواز و فۆڕمی تازەی دەبێت کە دەبێتە جێی ئومێد و چاولێکردن، تازەگەرییەکەش لە دوای یەکەم کۆبوونەوە دەبینرێت".