کوێت
بە گوێرەی ھەواڵی ئاژانسی ھەواڵی کوەیتی KUNA ، دوای کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ولیام ھێگ لەگەڵ شێخ سەباح خالید ئەلسەباح وەزیری دەرەوەی کوەیت و جێگری سەرۆک وەزیران، لەلێدوانێکی رۆژنامەنووسی، رایگەیاندووە کە ئەو لەگەڵ ھاوتا کوەیتیەکەی باسی ھەوڵەکانی چارەسەری قەیرانی سوریا و پشتگیری ھەردوو وڵاتیان لە کۆنفڕاسی جنێڤ ٢ کردووە.
ھێگ لە لێدوانەکەدا وەڵامی پرسیاری بانگەشەی ئەوەی دایەوە رۆژئاوا ناخوازێ ئەسەد لەسەر دەسەڵات بڕوا و گوتی: "چارەسەری ئاشتیانە لە سوریا، رێگا خۆش دەکات بۆ ئەوەی ئەسەد ئەم وڵاتە بەجێبێڵێ. دوای ئەو رووداوانەی سوریا، نابێ ئەسەد خەیاڵی سیاسەتکردن بکاتەوە. پێموانیە بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاوا پشتگیری لە مانەوەی ئەسەد بکەن."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێ: " وڵاتەکەی نوێنەری ئیئتیلافی نیشتمانی ھێزە شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا وەکو نوێنەری فەرمی سوریا لە وڵاتەکەی دادەنێت و پشتگیریشی دەکات و پشتگیری ھەموو گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناکەین و داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەین پشتگیری ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا بکەن."