Ali Kemal Akan
24 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2016
سەرۆکی پێشووی پارتی ماف و ئازادییەکات (ھاکپار)، کەماڵ بورکای گوتی: "پەکەکە بزووتنەوەیەکی ھەڵەیە و لە سەرەتاوە نوێنەرایەتی گەلی کوردی نەکردووە. ھێشتا پێی دەڵێن "بزووتنەوەی سیاسی کورد"، بەڵام ھەڵوێستی رووناکبیر نابێت بەم شێوەیە بێت. بۆیە پێویستە رووناکبیرانیش چاو بە ھەڵوێستی خۆیان بخشێننەوە".
بورکای لە کۆنگرەی لقی ھاکپار لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە رۆژ لە دوای رۆژ ھاکپار رێژەی دەنگەکانی بەرز دەبێتەوە گوتیشی: "ئەو پارتانەی رۆڵێکی گرنگیان لە سیاسەتی ئەم وڵاتە بینی و وڵاتیان بەڕێوە برد، بچووک بوونەوە و نەمان. بۆیە ئێمە لە پارتێکی بچووکەوە بەڕێ کەوتین و لە ھەڵومەرجێکی سەختدا کارەکانمان بەڕێوە بردووە. بۆچوونی ئێمە کاردانەوەی لێکەوتووەوە و ھەوادارانمان زیاد کردووە. بەو ھۆیەوە پێویستە بە باشی ھەڵسەنگاندن لەگەڵ ئەو رەوشە بکەین. سەرەڕای رێگری و فشارەکان، ئێمە ئەگەر بە باشی کار بکەین ئەوە پارتەکەمان سەردەکەوێت".
لەبارەی دۆزی کورد، بورکای ئاماژەی بەوە دا کە لەسەر بنەمای یەکسانی داوای چارەسەرێکی فیدراڵی دەکەن و گوتیشی: "ھەندێک لایەن ھەدەپە بە بزووتنەوەی سیاسی کورد ناودەبات. رەنگە ئەوە لە بەرژوەندی خۆیان بێت. بزووتنەوەیەکی سیاسی لەو جۆرە لە ئارادا نییە کە نازانێت چی داواکارییەکی ھەیە. پرۆژەیەکی گونجاوی بۆ کورد ھەیە؟"
بورکای روونیشی کردەوە کە ھەدەپە پشتگیری لە ئایدۆلۆژیای کەماڵیست دەکات و بەم پێیەش گوتی: "ئەگەر پشتگیری لە ئایدۆلۆژیای کەماڵیست دەکەی لە سەرەتاوە پێویستە پشتگیریت لێ بکردایە. لە ساڵی ١٩٢٣ەوە ئەم ئایدۆلۆژیایە ھەیە. بۆیە ئەگەر پشتگیری لە دەوڵەتی یەکگرتوو دەکەیت ئەوە دەبووایە لەسەرەتاوە پشتگیری بکەیت. بۆچی ئەم ھەموو خوێنڕێژی کرا و وێنراکاری ھاتە ئاراوە. ئەمە نەدەبووایە بێتە ئاراوە".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانی گوتیشی: "لەسەر بنەمای یەکسانی داوای چارەسەریی دەکەین. ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ گەلی تورک بەیەکەوە بژین. وەک دوژمن ناڕوانینە گەلی تورک. سەرەڕای ئازار و بەسەرھاتەکانمان ئەوان وەک برا دەبینین، چونکە ئەو گەلە ھیچ تاوانێکی نییە، بەڵکو تۆمەتباران بەرپرسانن. باوەڕ بکەن گەلی تورک رێگر نییە لە بەردەم چارەسەر. سیاسەتمەداران رێگری لەمە دەکەن. ئەگینا گەل ئاشتی دەوێت و کورد و تورک بەیەکەوە دەتوانن لەسەر بنەمای یەکسانی ژیان بەسەر بەرن. راستییەکە ئەمەیە، بۆیە ئێمەش بەرگری لێ دەکەین. لە پاڵ ئەمەدا رووناکبیرانی تورک ھەڵوێستی دیارییان نیشان نەداوە. بۆیە یان کێشەکەیان پشتگوێ خست یاخود بەناو ھەماھەنگییان نیشان دا و لەگەڵ بزووتنەوەیەکی ھەڵە ھەماھەنگ بوون. بۆچی ھەماھەنگی لەگەڵ پەکەکە دەکەیت. پەکەکە بزووتنەوەیەکی ھەڵەیە و پەکەکە لە سەرەتاوە نوێنەرایەتی گەلی کوردی نەکردووە. ھێشتا دەڵێن "بزووتنەوەی سیاسی کورد"، بەڵام ھەڵوێستی رووناکبیر بەم شێوەیە نابێت. بۆیە پێویستە رووناکبیرانیش چاو بە ھەڵوێستی خۆیان بخشێننەوە. دواجار بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە کە گوایە دەوڵەت کۆکوژی ئەنجام دەدات، بەڵام نەیانگوت پەکەکە چی دەکات. پەکەکە بۆچی ئەم شەڕەی بۆ نێو شارەکان گواستەوە. بۆچی دووبارە گەلی کوردی پەلکێشی شەڕ کرد. گشتمان رووی راستی رووداوەکان دەبینین. ئیتر گەل کورد ئاگاداری رووداوەکانە و لە رابردووشدا ئاگاداری بووە. دەزانن کە پەکەکە چی کردووە و چی زیانێکی گەیاندووە. دوای بینینی رووداوەکانی سوور، جەزیر، نسێبین، گەڤەر و ناوچەکانی دیکە، گەل ئاگاداری رەوشەکە بوو. ئەمە بەرگریکردن نییە لە مافی گەلەکەمان. گەل کاردانەوەی ھەیە بەرامبەر بە رووداوەکان و بۆیە شارەکان چۆڵ دەکەن. لە پێناو پارێزگاریکردن لە خۆیان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ دەھێڵن".