Hawkar Yaseen
14 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
کۆبوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای پەیوەندییە سیاسییەکانی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان دەستیپێکرد.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی زەعیم عەلی سەرۆکایەتی دەکات و ئەندامی مەکتەبی سیاسی کاکەمین نەجار و ئەندامانی سەرکردایەتی پشتیوان سادق و عەلی حسێن ئەندامن تیاییدا.
لەلایەنی بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە ئەندامی خانەی راپەڕاندن برزۆ مەجید سەرۆکایەتی شاندی پێشوازیکاری گۆڕان دەکات و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هێمن شێخانی و ئەندامی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی گۆڕان بەختیار عومەر و وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان لە پشکی گۆڕان کەمال موسلیم، ئەندامن تیایدا.
کۆبوونەوەکە لەچوارچێوەی ئەو دیدار و سەردانانەدایە کە چەند رۆژێکە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆلای هێز و لایەنە سیاسییەكان دەستی پێکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێکھێنانی لیستێکی ھاوبەشی نێوان پارتە کوردییەکان دەکرێت بۆ ھەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق، بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان.
گفتوگۆش لەسەر پێکھێنانی شاندێکی ھاوبەشی ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان دەکرێت بۆ بەغدا کە چاوەڕوان دەکرێت ھەفتەی داھاتوو شاندەکە بچێتە بەغدا.