لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا سەرۆکایەتیی یەکێتییەکەسپێردرا بە یۆنان.
ئەنتۆنیۆ ساماراس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، پێیوایە یۆنان و ئەوروپا قەیرانەکەیان تێپەڕاند
ساماراس گوتی: "ئێستا یۆنان لەسەر پێیەکانی رادەوەستێ. لەم قۆناغەدا زیاتر خۆی نزیکی ھاووڵاتیانی ئەوروپا و یەکێتیی ئەوروپا دەکاتەوە. خەڵکی یۆنان لەم ساڵانەی دواییدا سەختترین ساتەکانیان بەڕێکرد و داھاتی وڵات لە ھەموو وڵاتێکی دیکە زیاتر تێچکوو. یۆنان بە قوربانیدانێکی زۆر و بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەوروپا ئەو قەیرانەیان تێپەڕاند."
ھەروەھا ساماراس کارنامەی وڵاتەکەی خستەڕوو بۆ سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەوروپا:
بەرەنگاری بێکاریی
بوژانەوەی ئابووریی
پاراستنی مافە کۆمەڵایەتییەکان
گەرەنتی بەھای یورۆ.
ساماراس زیاتر گوتی: "بەرەنگار بوونەوەی کۆچبەرانی نایاسایی و باشترکردنی سیاسەتی دەریایی، ئامانجی ئێمەیە، لەو کاتەی لەگەڵ ئەوروپا بەیەکەوە کاردەکەین چارەسەر بۆ ھەموو کێشەکان دەدۆزینەوە."
جۆسی مانوێل بارۆسۆ، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەوروپای لە لایەن یۆنان لە قۆناغەکانی پێشووتر بە بیرھێنایەوە و گوتی: "یۆنان وەکو فڕۆکەوانێکی بە ئەزموونە، سوورە لەسەر سەرکەوتن، بە قوربانیدان دواڕۆژێکی باشتر چاوەڕێی خەڵکی یۆنان دەکا. دەبێ ئێستا ھەموو نیگاکان بخەینە سەر وەبەرھێنان."
بارۆسۆ دەڵێ یۆنان زۆر بەباشی خۆی بە سەرۆکایەتی یەکێتیی ئەوروپا ئامادە کردووە و سوورە لەسەر ئەوەی بگاتە ئامانجەکانی.