عێراق
لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا فەرماندەیی دەكات، فڕۆكە جەنگییەكانی كەنەدا یەكەم هێرشی ئاسمانیان دژی چەكدارانی داعش لە عێراق ئەنجامدا.
بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو، فڕۆكە جەنگییەكانی كەنەدا هێرشە ئاسمانییەكەیان بۆ سەر چواردەورەی شاری فەلوجە لە پارێزگای ئەنبار ئەنجامداون كە تیایدا چەند شوێنێكی چەكدارانی داعش بۆردومانكران.هاوكات وەزیری بەرگری كەنەدا رۆپ نیكۆلسۆن لە راگەیانراوێكدا هێرشی سوپای وڵاتەكەی پشتراستكردەوە بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بە زیانە گیانی و مادییەكانی بەر چەكدارەكانی داعش نەداوە.
لە لایەكی دیكەوە روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد، دوێنێ فڕۆكە جەنگییەكانی كەنەدا بە لایەنی كەم سێ هێرشی ئاسمانیان لە نزیك كۆبانێ دژی چەكدارانی داعش ئەنجامداوە و لە بارەی زیانە گیانی و مادییەكان هیچ زانیارییەك بەر دەست نییە.
كەنەدا یەكێك لەو وڵاتانەیە كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ئەمەریكا پێكیهێناوە بەشداری شەڕی چەكدارانی داعش لە عێراق و سوریا دەكات.