Hemin Hüseyin
08 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2018
هەولێر - AA
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکراکردنی چەند تۆمەتبارێکی راگەیاند کە لەماوەی رابردوودا لە شاری هەولێر چەند تاوانێکیان ئەنجامداوە و دوای ئەنجامدانیشی لە لایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون و رادەستی دادگاکراون.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، رائید هۆگر عەزیز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەستگیرکردنی ٢٥ تۆمەتباری راگەیاند کە ١٧ تاوانی جیاجیایان ئەنجام دابوو، هاوکات ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە جۆرێکی دزینی ئۆتۆمبێل دەکرێت لە رێگای زانینی کۆدی پێشەوەی جامی ئۆتۆمبێلەکان.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، رائید هۆگر عەزیز گەڵاڵی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "لیستێک لە تۆمەتبار ئاشکرا دەکەین کە پێشتر تاوانیان ئەنجامداوە و لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیرکراون و بریتییە لە ئاشکراکردنی ١٧ تاوان و دەستگیرکردنی ٢٥ تۆمەتباری دیکە کە لە کۆتایی مانگی رابردوو تاوانەکانییان ئەنجام دابوو".
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس هەولێر ژمارەی ئەو تاوانانەی کە لە دوو مانگی رابردوو ئەنجامدراون بریتیی بووە لە چوار حاڵەتی کوشتن و ١٠ حاڵەتی دزیکردن و دوو حاڵەتی ماددەی هۆشبەر و یەک حاڵەتیش فێڵکردن بووە لە خەڵک.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، رائید هۆگر عەزیز گوتی: "تۆمەتباری یەکەم، تەمەن ١٩ ساڵ، هەڵساوە بە کوشتنی کچێک بە ئەنقەست و شێلانی بە ئۆتۆمبێل. تۆمەتباری دووەم تەمەن ٣٥ ساڵ، هەڵساوە بە کوشتنی خوشکی خۆی. تاوانی سێیەم هەردوو تۆمەتباری تەمەن ٣١ ساڵ و تەمەن ٢٧ ساڵ، هەڵساون بە کوشتنی کەسێک لە گەڕەکی سێتاقان. تۆمەتباری چوارەم تەمەن ٣١ ساڵ، هەڵساوە بە کوشتنی براکەی بە هۆی کێشەیەکی نێوانیان و هەموو ئەوانەش بە پێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون".
هۆگر عەزیز گوتیشی: "تاوانی پێنجەم، دوو تۆمەتباری تەمەن ٢٤ ساڵ و تەمەن ١٩ ساڵ هەڵساون بە دزینی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کیا کاندێزا کە لەکاتی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکە، یەکێک لە سویچەکانییان نەدابوو بە کڕیار و دواتر لە شەوی سەری ساڵ ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە و ئۆتۆمبێلەکە دەدزن و دەیبەن لە سلێمانی دەیفرۆشن، بەڵام لە رێگای پۆلیسەوە توانرا دەستگیر بکرێن و ئۆتۆمبێلەکەش بۆ خاوەنەکە بگەڕێنرێتەوە. تاوانی شەشەم، دوو تۆمەتباری تەمەن ٢٩ ساڵ و تەمەن ٣٣ ساڵ کە برای یەکترن، هەڵساون بە دزینی ئۆتۆمبێلێک و پێنج کیس لە ماددەی هۆشبەریان پێ بووە و لە لایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون. تاوانی حەفتەم، تۆمەتبارێکی تەمەن ١٩ ساڵ، هەڵساوە بە دزینی ٢٠ هەزار کاتژمێری دەستی کە بڕەکەی دەخەمڵێنرێت بە ٣٦ ملیۆن دیناری عێراقی. تاوانی هەشتەم تۆمەتبارێکی تەمەن ٢٤ ساڵ، هەڵساوە بە دزینی چەندین کەلوپەلی کارەبایی لە شەقامی سوڵتان موزەفەر کە بڕەکەی بە ٢٠ هەزار دۆلار دەخەملێنرا کە ئەوانە بە پێی ماددەی ٤٤٣ لە یاسای سزادانی عێراق دەستگیرکراون. تاوانی نۆیەم، تۆمەتبارێکی تەمەن ٢٨ ساڵ کە ژنی ماڵەوەیە و تۆمەتبارێکی تەمەن ٣٠ ساڵ، هەڵساون بە شاردنەوەی ماددەی هۆشبەر لەگەڵ چوار دەمانچە و چەند دۆلارێکی ساختە کە بە پێی ماددەی ٣٠٤ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون. تاوانی دەیەم سێ تۆمەتبار هەڵساون بە دزینی بڕێکی زۆر زێڕ لە کۆمەڵگای پیرزین. تاوانی یازدەهەم تۆمەتبارێکی تەمەن ٤٠ ساڵ هەڵساوە بە دزینی ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی عەنکاوە. تاوانی دوازدەهەم، تۆمەتبارێکی تەمەن ٤٨ ساڵ و هەڵساوە بە دزینی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کیا سیراتۆ لە گەڕەکی تەعجیل. تاوانی سێزدەهەم، تۆمەتبارێکی تەمەن ١٩ ساڵ هەڵساوە بە دزینی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری مازدا لە گەڕەکی تەعجیل. تاوانی چواردەهەم، تۆمەتبارێکی تەمەن ٣٦ ساڵ، هەڵساوە بە دزینی چەندین کەلوپەلی ئەلیکترۆنی. تاوانی پازدەهەم، تۆمەتبارێکی تەمەن ٣٠ ساڵ هەڵساوە بە دزینی چەندین ئامێری ئەلیکترۆنی. تاوانی شازدەهەم، تۆمەتبارێکی تەمەن ١٩ ساڵ، بڕی ٢٣٤ کاترۆن حەبی بێهۆشکەری لێ گیراوە لەناو بارهەڵگرێک کە دەخەملێنرێت بە ١٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی. تاوانی حەڤدەهەم، دوو تۆمەتباری تەمەن ٣٤ ساڵ و تەمەن ٤٠ ساڵ، هەڵساون بە فێڵکردن لە هاووڵاتییان بە فرۆشتنی نایلۆنی زبڵ و خاشاک و بە پێی ماددەی ٢٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون".