Rawan Subhi Obaiullah
29 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2023
دھۆک - AA
بەھۆی ئەو بارانبارینەی ئەم دواییە ناوچەکەی گرتووەتەوە، مەترێک و ٣٦ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دھۆک بەرزبووەتەوە.
بارانبارین سەرچاوەی سەرەکی گلدانەوەی ئاوی بەنداوی دھۆکە کە توانای گڵدانەوەی ٥۲ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە و بەھۆی ئەو بارانبارینەی ئەم دواییە ناوچەکەی گرتووەتەوە، مەترێک و ٣٦ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دھۆک بەرزبووەتەوە و ئێستا رێژەی ئاو لە کۆی گشتیی دەریاچەکە لەسەدا ٤٠ە.
لەمبارەیەوە بەڕێوبەری بەنداوی دھۆک، فەرھاد محەمەد تاھر رایگەیاند کە بەھۆی ئەو بارانەی ئەو دواییە ناوچەکە گرتووەتەوە، ئاستی ئاوی بەنداوی دھۆک مەترێک و ٣٦ سانتیمەتر بەرزبووەتەوە.
فەرھاد محەمەد تاھر لە لێداونێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەھۆی کەمیی رێژەی بارانبارین ئێستا ٢٠ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دھۆک دایە، واتە لەسەدا ٤٠ی بەنداوەکە پڕە و لەسەدا ٦٠ی بەتاڵە و سەرجەمی ئەم بارانەی کە لە بەنداوی دھۆک باریوە ٢٩٠ ملم بووە".
بەنداوی دھۆک بە رێژەی لەسەدا ١٠-١٥ی بۆ خواردنەوە بەکاردەھێنرا، بەڵام دوو ساڵە لە بەر کەمی ئاوەکە، نەتوانرەوە ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتووانی دھۆک دابین بکرێت، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک دەڵێت: "پاڕ ساڵ نەمانتوانی و ئەمساڵیش ئێمە ناتوانین ئاوی خواردنەوە دابین بکەین، چونکە نامانەوێت زیاتر ئاستی ئاوی بەنداوەکە دابەزێت".
لە سنووری پارێزگای دھۆک دوو بەنداوی تری ستراتیجیی ھەن کە یەکێکیان بەنداوی خنسە دەکەوێتە سنووری قەزای شێخان ئەویتریشان بەنداوی کەشکانە لە سنووری قەزای سێمێل، بەنداوی خنس یەکێکە لەو چوار بەنداوەی کە ساڵی ٢٠٢٢ تەواو کراوە، بەنداوەکە ئێستا لە قۆناخی تاقیکردنەوە و پڕکردنەوەی ئاودایە بۆ ئەوەی ھەموو بەشەکانی بەنداوەکە تاقی بکرێتەوە، بەپێی قسەی بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک، ئاستی ئاوی بەنداوی خنس ٢٢ مەتر بەرزبووەتەوە و ئەمساڵ ٣٦٨ ملم بارانی لێ باریوە و چوار ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گلداوەتەوە کە توانای گلدانەوەی حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە. لە بەنداوی کەشکانەیش ئاستی ئاو پێنج مەتر و ٧٠ سانتیمەتر بەرزبووەتەوە و ٥٧ ھەزار مەتر سێجا ئاوی گلداوەتەوە و تاوەکو ئێستا ٣٠٠ ملم باران لێ باریوە.
لە ھەرێمی کوردستان تەنیا سێ بەنداوی گەورە و ستراتیجی ھەن، ئەوانیش بەنداوەکانی (دوکان، دەربەندیخان و دھۆک)ن کە دوویان لەسەر ئاوی رووبارە ھەمیشەییەکانن و توانای گلدانەوەی زیاتر لە ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاویان ھەیە.