Heman Hussein Yaseen
20 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2022
هەولێر - AA
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف سەردانی ئۆفیسی ھەولێری ئاژانسی ئانادۆڵوی کرد و لەلایەن سەرنووسەری بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو، محەمەد قورشون پێشوازی لێکرا.
لە دانیشتنێکدا کە ژمارەیەک کارمەندی ئاژانسی ئانادۆڵو بەشداربوون، سەرنووسەری بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو، محەمەد قورشون تیشکی خستە سەر کارەکانیان لە چوارچێوەی کاری رۆژنامەوانیی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و تورکیا.
سەرنووسەری بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو، محەمەد قورشون وێڕای بەخێرھێنانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، بەکورتی باسی لە ئەرک و ئامانجەکانی بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە ھەرێمی کوردستان کرد کە بریتییە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی تەندروست لەنێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لەڕێگای گواستنەوەی هەواڵەکان بەشێوەیەکی دروست.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف لە دانیشتنەکەدا، ئاماژەی بە رۆڵی ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئاژانسی ئانادۆڵو وەکو ئاژانسێکی جیھانیی جێی متمانە و توانیویەتی متمانەی خوێنەران بۆلای خۆی راکێشێت.
لە دانیشتنەکەدا، پرسە جیاوازەکانی تایبەت بە رۆژنامەوانیی لە ھەرێمی کوردستان، کار و چالاکییەکان و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان خرانە بەر گفتوگۆ و لەبارەیانەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا.