Hemin Othman Mohammed
30 ئادار 2025•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2025
سلێمانی – AA
لە دوای نوێژی بەیانی و بەرزبوونەوەی دەنگی (اللە اکبر) لە مزگەوتەکاندا، لەگەڵ سپێدەی بەیاندا هاووڵاتیان پەیتا پەیتا ڕوویان لە مزگەوتەکان کرد بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەژنی ڕەمەزان.
هاووڵاتیان کە شەوانی ڕەمەزان مزگەوتەکانیان بە نوێژ و عیبادەت زیندوو ڕاگرتبوو، بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەژنیش مزگەوتەکانیان ئاوادان کردەوە و بەکۆمەڵ نوێژیان ئەنجام دا.
نوێژخوێنان کە لە هەموو چین و توێژەکان لە ژن و پیاو و منداڵ پێکهاتبوون، لە پاش نوێژی جەژن، جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازادیان لە یەک کرد و یەکتریان لە ئامێز گرت.
مامۆستایانی ئایینی مزگەوتەکان لە گوتاری جەژندا باسیان لە واتاکانی جەژن، گەورەیی ئەم ڕۆژە، برایەتی و یەکڕیزی، وەلاوەنانی ڕق و کینە نێوان خەڵکیان کرد و، داوایان کرد لەم ڕۆژەدا هەمووان یەک دڵ و دەست بن و یەکتر لە ئامێز بگرن، ئەوانەی پێشتر بە هەر هۆکارێک بووە لە یەکتر زویر بوون ئاشت بننەوە و جەژن بکەنە هەوێنی برایتەتیی.
لەگەڵ تەواوبوونی گوتاری جەژن، نوێژخوێنان بە گرمی جەژنە پیرۆزەیان لە یەکتر کرد و، بە دەم گوتنەوەی زیکرەی جەژن بەرە ماڵ گەڕانەوە.
وەک نەریتێکی کوردەواری، هاووڵاتیان لە دوای گەڕانەوەیان لە نوێژی جەژن، هەموو لە دەوری یەک سفرە کۆدەبنەوە و ئەو خوانەی تایبەتەی بۆ پێشوازی لە جەژن ئامادەیان کردووە دەخۆن و، پاشان بەکۆمەڵ بەرودراوسێ ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و، جەژنە پیرۆزە لە یەکتر دەکەن.