Heman Hussein Yaseen
01 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی ئەنجام دەدات.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، دەرەنجامی سەردانەکەی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانیوێل ماکرۆن، قەیرانی بەنزین، دابینکردنی ئاوی پاک بۆ ھاووڵاتییان و کێشەی گرانبوونی نرخی نان و سەمون گفتوگۆ دەکرێت.
لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەکراوە کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستاندا، پوختەی دەرەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانیوێل ماکرۆن بۆ ھەرێمی کوردستان و دەرەنجامی بەشداریکردنی شاندی ھەرێمی کوردستان لە دوا گەڕی دایەلۆگی ستراتیجیی نێوان کۆماری عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە رۆژانی ٢٢ بۆ ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢١ لە واشتنتۆن دی سی بەڕێوەچوو، دەخرێتەڕوو، هەروەها ھەنگاوەکانی ھەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دارایی و ئابووریی و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ھاووڵاتییان و کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، گفتوگۆ دەکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها باس لە دەرەنجامی کۆبوونەوەی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێکەوتی ٢٩ی ئابی ٢٠٢١ سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی فڕن و نانەواخانەکان و گرانبوونی نرخی نان و سەمون و ئاسانکاری و پشتیوانیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەم بوارەدا دەکرێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە ھەنگاوەکانی ھەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ ھاووڵاتییان باس دەکرێت.