Heman Hussein Yaseen
24 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2020
ههولێر - AA
بۆ جاری سێیەم بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان لە ھەولێر بە ھۆکارێکی نادیار سووتا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٠٠ دوکانی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان لە ھەولێر سووتا و تا ئێستاش تیمەکانی بەرگری شارستانی خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
کاتژمێر چوار و ٤٥ خولەک ئاگرێک لە کۆڵانی تەڕەفرۆشانی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان له ههولێر دروست بووە و دواتر ئاگرەکە تەواوی بازاڕەکەی گرتووە و زیاتر لە ٣٠٠ دوکان سووتاون و تا ئێستا ھۆکاری ئاگرەکە دیارنيیە.
ئەمە سێیەم جارە لەکاتی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، ئەم بازاڕە ئاگر دەگرێت و جاری پێشوو لە رۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٨ جارێکی دیکە ئەم بازاڕە ئاگری گرت و بەمھۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ دوکان سووتان و ئەمساڵیش لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان جارێکی دیکە زیاتر لە ٣٠٠ دوکان سووتاون و تا ئێستاش ئاگرهكه بهردهوامه.
بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان، بازاڕێکی میللییە و بەشێک لە دوکاندارەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە ھەندێک دوکاندار کارەبای بەردەوامییان ھەیە و ئەمەش رەنگە بەشێک لە ھۆکاری سووتانەکەی بێت.
بازاڕەکە ٦٠٠ دوکان لەخۆ دەگرێت و شوێنەکە ئاوی بەرگری شارستانی تییادا نیيە بۆ ئەوەی لەکاتی وەھا ئاگرکەوتنەویەک، ھاووڵاتییان بتوانن زوو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، ھەروەھا بەھۆی تەنگی کۆڵانەکان، تیمەکانی بەرگری شارستانی نەیانتوانیووە بچنە ناو کۆڵانەکان و بەم ھۆیەوەش ژمارەی ئەو دوکانانەی سووتاون بەرزبووەتەوە بۆ ٣٠٠ دوکان.