Sarmand Hameed
01 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هەڵپەساردنی سەرجەم چالاکییەکانی تا کاتێکی نادیار راگەیاند.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆکاری ئەو بڕیارەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو گردبوونەوە و خۆپیشاندانانەی کە ماوەی دوو رۆژ بوو لەبەردەم باڵیۆزخانەکە لە ناوچەی سەوز لە بەغدا بەڕێوەدەچوون.
لە بەیاننامەکدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆی پەلاماری میلیشیاکان بۆ سەر کۆمەڵگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا، سەرجەم خزمەتگوزاری و چالاکییەکانی تا کاتێکی نادیار هەڵپەسارد.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کردووە نزیک باڵیۆزخانە نەکەون و داوای کردووە بۆ وەرگرتنی خزمەتگوازری پێدانی ڤیزا و کاروباری هاووڵاتییان سەردانی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بکەن لە هەولێر.
دوێنێ سێشەممە، دەیان خۆپیشاندەر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاگرییان لە دوو دەرگای دەروازەی باڵیۆزخانەکە و کامێراکانی چاودێری و شوێنی پێشوازیی سەردانیکەرانی باڵیۆزخانەکە بەردا.
خۆپیشاندەران هۆکاری هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەکەیان گەڕاندەوە بۆ بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆسەر بارەگاکانی حزبوڵڵا عێراق لە پارێزگای ئەنبار.
شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا پینج پێگەی حزبوڵڵای لە عێراق و سووریا بۆردومان کرد.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەو هێرشەی وەک وەڵامێک لەقەڵەمدابوو لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کە رۆژێک بەر لەو بۆردومانەکە کرابووە سەر بنکەی سەربازی K1 نزیک شاری کەرکووک و بەهۆیەوە کارمەندێکی خانەنشینی ئەمریکی کوژرا و چوار سەربازی ئەمریکی و دوو سەربازی عێراقی برینداربوون.
بەرپرسانی ئەمریکی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە رێگەی بریکارەکانیانەوە لە گرووپە چەکدارییە شیعەکان هێرشی مووشەکی بۆسەر ئەو بنکە سەربازییانە ئەنجام دەدەن کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایاندا جێگیربوونە، لە بەرامبەردا تاران ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.
ئەمریکا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نزیکەی پێنج هەزار سەربازی لە بنکە سەربازییەکان لە سەرتاسەری عێراق جێگیرکردووە.