Heman Hussein Yaseen
27 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2024
هەولێر - AA
ماوەی چوار ساڵە، ورچەکانی چاڤیلاند بوونەتە جێی سەرنجی گەشتیاران و ڕۆژانە گەشتیاران بۆ سەربردن و بینینی ورچەکان سەردانی شوێنەکە دەکەن.
ورچەکان لە جۆری ورچی قاوەیین کە جۆرێکی گەورەی ورچە لە سەرانسەری ئۆراسیا و ئەمریکای باکووردا دەبینرێت و قەبارەی نێرەکە گەورەترە لە قەبارەی مێیەکە، بە گشتی کێشیان لە نێوان ٨٠ بۆ ٥٠٠ کیلۆگرامە.
لە شوێنی گەشتیاری چاڤیلاند، چوار دانە ورچی لێیە، دوو نێر و دوو مێ، ئێستاش بەهۆی زاوزێیەوە ژمارەیان زیادیکردووە و، ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ ئەو گەشتیارانەی بە ئارەزووی دیداری ورچەکان، سەردانی شوێنەکە دەکەن.
ئێستا ورچە نێرەکە، لە ورچە مێیەکە و بەچکەکەی جیاکراوەتەوە بۆ ئەوەی مێیەکە بێچووەکەی بەبێ ترس گەورە بکات، هەروەها تەمەنی بوودەڵە یان بەچکەی ورچەکە، چەند ڕۆژێکە و ڕۆژانە دایکەکە هەڵیدەگرێت و بۆ شوێنێک دەیگوازێتەوە ئەمەش وەک هەستکردن بە مەترسی لەسەر ژیانی بەچکەکەی لێکدەدرێتەوە و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ورچ ئەوەیە کە نابێت مرۆڤ بەچکەکانی ببینێت.
ئەوان لە کۆمەڵەی مەمکدارە دڕندەکاندا پۆڵێندەکرێن، لەگەڵ ئەوەی ورچەکان لە زۆرینەی گۆشتخۆرەکان ھێواشترن لە کاتی جووڵەکردندا، بەڵام دەتوانن لە کاتژمێرێکدا ٥٠ کیلۆمەتر ببڕن، هەروەها بە گشتی ورچەکان لە باری ئاساییدا ھێرش ناکەنە سەر مرۆڤەکان و بە شێوەیەکی سروشتی ترس و شەرمیان بەرامبەر مرۆڤەکان ھەیە، تەنھا لە ئەگەری ھەستکردن بە مەترسی ھێرش دەکەن وەک ئەوەی مرۆڤ ببێتە ھاوبەشی خۆراکی یاخود ئازاری بێچووەکانی بدات. ئاژەڵدۆست و شارەزایان پێیان وایە کاتێک ورچەکان ویستیان دڕندەیی بنوێنن، ئەوا باشترە مڕۆڤ سەیری ناو چاویان نەکات، چونکە ئەمە لێکدانەوەی خراپ دروست دەکات لەلای ئاژەڵەکان بە گشتی.
ورچ بە گشتی ڕووەکخۆر و گۆشتخۆریشە، خواردنی توو و تۆوەکانیان بۆ پەسەندە، بۆ گۆشتیش مەمکداری قەبارە بچووک ڕاودەکەن، ھەندێکیشیان لە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا ماسییەکان ڕاودەکەن، بە تایبەتی ماسی سەلمون، ورچ بۆ بەدەستھێنانی خۆراک مەودای دوور دەبڕێت و بە گشتی لە کاتی بەرەبەیان و زەردەپەڕ و خۆرئاوابووندا چالاکییەکانی ئەنجام دەدات چونکە لەم کاتانەدا مرۆڤەکان لەناوچەکانیانەوە دوورن.
ورچەکان لە وەرزی زستاندا بە باشی دەخەون بۆ ئەوەی کێشیان زیاد بکات، تا دەگاتە نزیکەی ١٨٠ کیلۆگرام، لەو کاتەدا ددان و نینۆکیان بە باشی گەشەدەکات و گونجاو دەبێت بۆ ژیانکردن.