Hemin Othman Mohammed
24 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2024
سلێمانی - AA
بەنداوی دەربەندیخان کە دەکەوێتە قەزای دەربەندیخان و نزیکەی ٦٧ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی ١٩٦١دا لەسەر ڕووباری سیروان دروستکراوە و، توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
ئەمساڵ ڕێژەیەکی باش باران لە سنووری بەنداوی دەربەندیخان باریووە، کە نزیکەی ٨٥٠ ملیمەتر بوو، ئەمەیش ڕێژەیەکی زۆر باشە بەراورد بەو ڕێژەیەی کە بۆ بەنداوەکە دیاریکراوە کە تێکڕا ٦٠٠ ملیمەترە.
بەهۆی ئەو ڕێژە زۆرەی بارانبارینەوە کە ئەمساڵ لە ناوچەکەدا هەبووە، بەنداوەکە تەنیا کەمتر لە ٥٠ سانتیمەتری ماوە پڕبێت و سەرڕێژ بێت.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی بەنداوی دەربەندیخانی کرد و لە نزیکەوە چاوی بە بەڕێوەبەری بەنداوەکە، سامان ئیسماعیل محەمەد کەوت و زانیاری لە بارەی بەنداوەکە و ئاستی ئێستای ئاوی بەنداوەکە وەرگرت.
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، سامان ئیسماعیل محەمەد باسی لەوە کرد کە ئەو ڕێژەیەی بۆ بەنداوەکە دیاریکراوە تێکڕا ٦٠٠ ملیمەترە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زۆری ڕێژەی بارانبارینەوە ئەو ڕێژەیە گەیشتووەتە ٨٥٠ ملیمەتر.
سەبارەت بە ڕێژەی بارانبارین لە سنوورەکە و زیادبوونی ئاستی ئاوی بەنداوەکە، سامان ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد کە بەرزی ڕێژەیباران بارین بووەتە هۆی ئەوەی بەنداوەکە داهاتێکی باشی ئاوی هەبێت و ڕایگەیاند: "ئێمە میکانیزم و پلانێکمان داڕشت بۆ چۆنیەتی کۆکردنەوەی ئاو، خۆشبەختانە کەمتر لە ٥٠ سانتیمەتری ماوە بۆ پڕبوونی بەنداوەکە. بەنداوی دەربەندیخان زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەگەر داهاتی ئاو لەگەڵ خەرجی ئاودا بگونجێت، ئەوا پشتیوان بە خودا بەنداوەکە پڕدەبێت و سەرڕێژ دەبێت".
سامان ئیسماعیل باسی لەوە کرد کە بەنداوی دەربەندیخان پشتی بەستووە بە ئاوی باران و، سەدا ٣٠ ئاوی بەنداوەکە پشتی بە ئاوی سنووری ناوخۆی هەرێم بەستووە و سەدا ٧٠یشی دەرەوەی سنوور.
ڕاشیگەیاند: "سەرەڕای دروستکردنی چەند بەنداوێک لە دەرەوەی سنووری هەرێم کە ساڵانە داهاتی ئاومان لە دەرەوەی سنوورەوە بۆ دێت، بەڵام ئەگەر ڕێژەی بارانبارین لە سنووری خۆمان باش بێت، ئەوا هەموو داهاتەکەی بۆ بەنداوی دەربەندیخانە".
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان باسی لەوە کرد بەنداوەکە کە لە ساڵی ١٩٦١ەوە دەستی بە گلدانەوەی ئاو کردووە، تا ئێستا نزیکەی ١٢ جار پڕ بووە و نزیکەی ٤-٥ جاریش سەرڕێژی کردووە.
بەنداوی دەربەندیخان بووەتە سەرچاوەیەکی ئاو بۆ کێڵگە کشتووکاڵییەکانی ناوچەکە و پارێزگای دیالە کە ناوچەیەکی بەرفراوانی کشتوکاڵی هەیە و خەڵکێکی زۆر بژێوی ژیانیان لەسەر ئاوی بەنداوەکەیە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، پێشبینی دەکرێت ٣،٥ -٤ ملیۆن کەس بژێوی ژیانیان لەسەر ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بێت، کە وەک ئاوی خواردنەوە، بەخێوکردنی ماسی و کشتوکاڵ سوودی لێدەبینن.
لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان سامان ئیسماعیل ڕایگەیاند: "ناوچەکانی خوار بەنداوی دەربەندیخان، گەرمیان و خانەقین کە زەوییەکانی کشتوکاڵین سوود لە ئاوی ئەم بەنداوە دەبینن. لە خوار ئەویشەوە پارێزگای دیالە کە هەمووی باخ و کێڵگەی کشتوکاڵییە سوودی لێدەبینن، هەروەها باشووری ڕۆژهەلاتی بەغدا تا دەگاتە دیجلە ئەو ناوچەیە گشتی کێڵگەی کشتوکاڵییە و هەمووی سوودی لێدەبینن".
سامان ئیسماعیل ئاماژەی بە وشکەساڵیی چەند ساڵانی ڕابردوو کرد کە کاریگەری لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوەکە دروست کرد و، ڕایگەیاند: "بەپێی ئەو پلانەی هەمانبوو، هەوڵماندا ناوچەکانی خوار خۆمان بە هەر شێوەیەک بێت سوود لە ئاوی بەنداوەکە ببینن. ئەمساڵ کە خۆشبەخاتە ئەم ڕێژە باشەمان هەیە بێگومان هەموو ناوچەکە سوودی لێ دەبینێت، هەم ناوچەکانی هەرێم هەمیش ناوچەکانی خواروو، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەین بڕێکی باشی لێبمێنێتەوە بۆ ساڵی داهاتوو بۆ ئەوەی ئەگەر ئاو و بارانیش کەم بوو، ئەوا بتوانین بۆ ماوەی چەند ساڵێک کێشەی کەمئاویمان کەمتر بێت".
هەروەها بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان باسی لە دیزاینی بەنداوەکە کرد و ڕایگەیاند: "دیزاینی ئەم بەنداوە تایبەت بووە، حسابی ئەوە کراوە کە قورسترین و زۆرترین لافاو ڕوو بکاتە ئەم بەنداوە و توانای هەبێت بیگرێتە خۆی یان بەپێی پێویست ئاوەکە بەربداتەوە. ئەو سێ دەرگایەی لە بەنداوی دەربەندیخان هەیە لە کاتی پێویستدا ئاومان بۆ کۆدەکاتەوە و لە کاتی لافاویشدا ئەگەر پێویست بوو ئاوی پێ بەردەدەینەوە، هەر دەرگایەکی لە توانایدایە هەزار و ٩٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا ئاو بەربداتەوە".
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، باسی لە سەڕێژبوونی بەنداوەکە کرد، کە دواتر بە چ ڕێگایەک ئاستی ئاوی بەنداوەکە دەپارێزرێت و ئاوەکەی بەردەدرێتەوە و ڕایگەیاند: "سەرەوەی دەرگاکە تا پردەکە نزیکەی ٨،٥ مەترمان هەیە لەوێ بۆشاییەکی گەورە هەیە و لە دوای پڕبوونی بەنداوەکە، بەبێ کردنەوەی دەرگاش ئەم حەوزە توانای هەیە بۆ ماوەیەکی کاتیی زیاتر لە ملیارێک مەتر سێجا ئاو بگرێتە خۆی تاکو ئەم بەنداوە بتوانێت دۆخەکە تێبپەڕێنێت و دەرگاکان و دەرچەکانی دیکەشی بەکاربهێنین".