Heman Hussein Yaseen
24 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2025
هەولێر -AA
بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی ماوەی چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کێشەی هاتوچۆ لە چەند ناوچەیەک دروست بووە و لە نێویاندا دەروازەی مەرزی کێلێ لە سنووری قەزای پشدەر.
قایمقامی قەزای پشدەر، بەکر بایز لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “ ئەم شەپۆلە بەفربارینەی کە نزیکەی هەفتەیەکە چەند ناوچەیەکی هەرێمی گرتووەتەوە و لە هەندێک شوێن گرفتی هاتوچۆی دروستکردووە بو بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان، هەر بۆیەش لە دەروازەی مەرزی کێلێ ماوەی سێ ڕۆژە ڕێگای هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی ڕاوەستاوە”.
لەبارەی کاریگەریی ڕاگیرانی جوڵە بازرگانییەکان بەهۆی بەفربارینەوە، قایمقامی قەزای پشدەر، بەکر بایز گوتی: “ماوەی دوو ڕۆژە تیمەکان بە بەردەوامی خەریکی ڕاماڵینی بەفری سەر ڕێگاکانن بەڵام هێشتا ڕێگای مەرزی کێلێ بە تەواوی پاکنەکراوەتەوە و بەهۆی ئەوەی جووڵەی بازرگانیشی تێدا ڕاگیراوە ئەنە بە دڵنیاییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری و داهاتی مەرزەکەش هەیە”.
هاوکات لەمیانی سەردانیکردنی تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ دەروازەی کێلێ، دەرکەوت ماوەی دوو ڕۆژە چەند پاسەوانێکی سنوور بەهۆی ڕێگاگیرانەوە لە خاڵێکی پاسەوانیی ناوچەکە گیریان خواردووە و تا ئێستاش نەیانتوانیووە دابەزنە خوارەوە و پێشبینی دەکرێت ئەگەر تا دوو ڕۆژی دیکە ڕێگای هاتنە خوارەوەیان بۆ نەکرێتەوە، ئەوا لە ڕێگای هێلیکۆپتەرەوە بیانهێننە خوارەوە. بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی قەزای پشدەر، نزیکەی مەترێک بەفر کە دەروازەی کێلێ کەوتووە و تا ئێستاش شەپۆلی سەرما لە ناوچەکە بەردەوامە.
دەروازەی سنووریی کێلێ دەروازەیەکی نیمچە فەرمییە و سەر بە قەزای پشدەری سەر بە پارێزگای سلێمانییە و هاوسنوورە لەگەڵ شاری سەردەشت لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ئێران