Rewa Mahmood Hasan
14 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2023
سلێمانی - AA
تاقانەیەکی ئەنفال داوا دەکات کەیسی ئەنفال لەرێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بە نێودەوڵەتی بکرێت.
حەسەن عەلی فەرەج ٥٢ ساڵ یەکێک لە تاقانەکانی ئەنفال لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو داوا دەکات کە پرۆسەی ئەنفال کەلەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە ئەنجام درا بەنێودەوڵەتی بکرێت.
حەسەن عەلی حاجی فەرەجە دەڵێت: "یەکێکم لە تاقانەکانی ئەنفالی کوردستان ھەروەھا ئەندامی کۆمەڵەی داکۆکیم لە پرسی ئەنفال لە لیژنەی باڵا. پەیامی ئێمە وەکوو کەسوکاری ئەنفال و ڕێکخراوەکانی بواری ئەنفال و جینۆساید، ئەوەیە ھەردەم داوا و پێداگریمان کردووە، بۆ ڕای گشتی، ڕاگەیاندن، وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ھەروەھا بۆ نوێنەرانی کورد لە بەغدا وەک سەرکۆمار و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە کەیسی ئەنفال بکرێت بە کەیسێکی نێودەوڵەتی. پێویستە ئەم پرسە لە ناوخۆوە بگوازرێتەوە بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای جیھان. پێویستە ڕۆژئاوا ئاگای لە ئێمە بێت. ئەنفال پرسێکی نەتەوەیی کوردە و دەبێت ببێتە ناسنامەیەکی نەتەوەیی. دەبێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پرسی ئەنفال بکاتە کارتێک بەسەر حکوومەتی عێراقییەوە".
ناوبراو داوا لە سەرکۆماری عێراق دەکات کەببێتە پردی پەیوەندیی نێوان کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و حکوومەتی عێراقی و دەڵێت: "داوا لە سەرکۆماری عێراق و وەزیرە بەڕێزەکان، فراکسیۆنەکان و تەواوی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە لیستە کوردییەکان دەکەین، کە ھەندێکیان بە دەنگی بەشێک لە واریسی شەھیدان چوونەتە ئەو پێگەیە، کە خۆیان بە میراتگری ئەنفال بزانن.
لە ھەنگاوی داھاتووماندا کار لەسەر ئەوە دەکەین پەیوەندییە سیاسی و کارگێڕی و کۆمەڵایەتییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان و ناوەندەکانی عێراق زیاتر بکەین. داوا دەکەین بەڕێز سەرکۆماری عێراق و جێگری سەرۆکی پەرلەمان ببنە پردی پەیوەندیی لەنێوان ئێمە و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بۆ ئەوەی ئەم داوا ڕەوایانەی ئێمە، کە دوای ٣٥ ساڵ تازە لە ئەلفەوە دەست پێ دەکەین، بگات لەوێوە سەرچاوە بگرێت".
ئەو بەدڵێکە پڕەوە دەڵێت خۆزگە لەجیاتیی ئەوەی ئێستا کە بەدڵی پڕەوە قسە دەکەم، بەدڵخۆشی و بەئاسوودەیی قسەم بکردایە.
لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا و لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس تاوەکوو ئێستا ١٦٨٠ ڕووفات بە حەوت قۆناغ ھاتوونەتەوە بۆ ئێمە.
بەداخەوە، ماوەی چوار ساڵە ١٧١ ڕووفاتمان لەناو ڕەفەکانی پزیشکی دادیی بەغدان. ڕووی دەمم دەکەمەوە سەرکۆمار و لێی دەپرسم ئاخۆ ئەگەر ئەو ڕووفاتانە کەسی ئەو بوونایە پێی قبووڵ دەکرا ھەر لەوێ بوونایە. ئێمە توێژێکی زۆر مەزڵوومین، وەکوو ڕێکخراویش ھەر ئەوەندەمان پێ دەکرێت و ئەو مووچەیەشی وەری دەگرین لە ڕێگاوبان و ھاتوچۆدا خەرجمان کردووە.
ناوبراو وەک ئەندامێکی لیژنەی دادکۆکیکار لە پرسی ئەنفال زانیاری لەسەر پرۆسەی ئەنفال دا و دەڵێت: "لە کوردستان ١٤٠ تاقانەی ئەنفال ھەن کە ٩٤ کەسیان خەڵکی گەرمیانن و لەوانەی ھەشت کەسیان کە خەڵکی گەرمیانن کۆچی دواییان کردووە. لەو ١٤٠ کەسە ٨٦٥ قوربانیی ئەنفالمان ھەیە. تاوەکوو ئێستا خۆمان و نەوەکانمان نەگەیشتووین بە ئاستی ساڵی ١٩٨٨مان. من خەڵکی "گوندی ئۆمەر بل"م، ٢٦٢ کەس تیادا ئەنفال کران".