Bekir Aydoğan
24 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2020
مووسڵ – AA
چاوەڕێ دەکرێت تورکیا رۆڵ بگێڕێت لە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی نووری کە یەکێکە لە شوێنەوارە مێژوویییە ئیسلامییە تورکییەکان لە مووسڵ کە لە ٢٠١٧دا رێکخراوی تیرۆریستی داعش خاپووری کرد.
لە کاتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لە دەست داعش زیانێکی زۆر بەر مزگەوتەکە کەوت و لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ کاتێک سوپای عێراق گەیشتە شارەکە مزگەوتەکە بە منارەکەیەوە لەلایەن داعشەوە تەقێندرایەوە.
دوای ئەوەی لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا داعش دەستی بەسەر شارەکەدا گرت سەردەستەی رێکخراوەکە، ئەبوبەکر بەغدادی مزگەوتەکەی وەک بنکەی بەناو "خەلافەت" لێ کرد.
ئەم مزگەوتە کە لە سەدەی١٢ لەلایەن ئەتابەگی سەلجوقی نورەددین مەحمود زەنگییەوە دروست کراوە و منارەی مزگەوتەکە کە بە منارەی حەدبا ناسراوە و بەرزییەکەی ٤٥ مەترە لەسەر پێشنیاری رێکخراوی یونسکۆ نۆژەن دەکرێتەوە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کارکردن تیایدا خاو بووەتەوە.
سەرۆکی فەرمانگەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە ئاژانسی ھەماھەنگی و ھاریکاری تورک، بولەنت کۆرکماز بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بە سەرپەرشتی یونسکۆ مزگەوتەکە نۆژەن دەکرێتەوە بەڵام بەھۆی کۆرۆناوە کارەکان باش ناڕۆن بەڕێوە، گوتی: "ھیوادارین دوای پەتاکە کارکردن تیایدا بکرێت. دڵنیام لە دووبارە کەوتنەوە سەرپێی مزگەوتەکە رۆڵی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی تورکیا. چونکە ئەم مزگەوتە بەشێکیشە لە کولتووری ئێمە".
کۆرکماز باسی لەوەش کرد کە تورکیا لە جوانکاری مزگەوتەکان و دروستکردنی میحراب و مینبەردا ئەزموونێکی زۆری ھەیە و رایگەیاند: "دڵنیام لەرێگەی تیکا یان رێکخراوەکانی دیکەی تورکیاوە رۆڵی گرنگمان دەبێت لە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە و خزمەتی مووسڵ".
لای خۆشیەوە کۆنسوڵی تورکیا لە مووسڵ، مەھمەت کوچوکساکاللی ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە مووسڵ شارێکی دێرینە و بە شاری پێغەمبەران ناسراوە.
کوچوکساکاللی باسی لەوەش کرد کە مووسڵ پڕە لە شوێنەواری سەردەمی سەلجوقی و مزگەوتی نووری یەکێکە لەو شوێنەوارانە کە لەلایەن نورەددین زەنگییەوە دروستکراوە.
کۆنسوڵی تورکیا لە مووسڵ گوتیشی: "بەداخەوە ئەم شوێنەوارە مێژوویە تورکی-ئیسلامییە لە کاتی شەڕی داعش خاپوور بووە. لە ئێستاشدا لەژێر چاودێری رێکخراوی یونسکۆ کاری نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە دەستیپێکردوە".
مەھەمەت کوچوکساکاللی، ئەوەشی خستەڕوو کە کارەکانی نۆژەنکردنەوە چەندین ساڵ دەخایەنێت و رایگەیاند: "ھیچ گومانێکم نییە لەوەی کە وڵاتەکەمان لە نۆژەنکردنەوەی وەھا شوێنەوارێکی گرنگدا رۆڵی دەبێت. گرنگی ئەم رۆڵەش بە ھەماھەنگی نێوان حکوومەت، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری وڵاتەکەمان، لە قۆناغی ئایندەدا دەردەکەوێت."
کوچوکساکاللی ئاماژەی بەوەشدا کە تا ئێستا کارەکانی نۆژەنکردنەوە نەچوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوەوە و گوتی: "بێگومان ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە ھەم مزگەوتەکە ھەم منارەکە و دەوروبەری بەشێوەیەکی گونجاو نۆژەن بکرێنەوە. بەردەوام دەبین لە چاودێری کردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە".