وەک ئامادەکارییەک بۆ قوربانی لە چوار ڕۆژی جەژندا، بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی ھاوچەرخی ھەولێر ڕۆژانە ١٢ کاتژمێر کار دەکات و چەند تیمێکی تەندروستی و خزمەتگوزاریی ئاماژەکردووە و بەر لە سەربڕین و دوای سەربڕینیش، پشکنینی تەندروستی بۆ ئاژەڵەکان دەکرێت.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی ھاوچەرخی ھەولێر، ھەڵمەت ھەمزە سلێمان، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ بەهۆی دۆخی جەنگ و سەختی ڕێگاکانی هاوردەکردنی ئاژەڵ، نرخەکان لە بازاڕ بەرزبوونەتەوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر ڕێژەی سەربڕینی ئەمساڵ کردووە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی ھاوچەرخی ھەولێر، ھەڵمەت ھەمزە سلێمان لەبارەی ئامادەکارییەکانییان بۆ ڕۆژانی جەژن، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی ئەو بەرنامەی کە دانراوە ڕۆژانە ١٢ کاتژمێر کار دەکەین، ئامانج لێی وەرگرتنی زۆرترین ڕێژەی ئاژەڵە و ستافێکی پزیشکی ڤێتەرنەری ئامادەکراوە بۆ پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕین، هەروەها ستافی قەساب و پاککردنەوەی شوێنەکان هەموو ئامادەکاریی بۆ کراوە".
لەبارەی پێشبینییەکانییان بۆ ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، هەڵمەت هەمزە گوتی: "ساڵی ٢٠٢٥ بەراورد بە ٢٠٢٤ ڕێژەی سەربڕین زیاتر بوو بە ڕێژەی سەدا ٣٧ کە نزیکەی چوار هەزار ئاژەڵ سەربڕا، ئەمساڵیش پێشبینییەکانمان بەراورد بە پارساڵ کەمترە بەهۆکاری بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان و بەرزبوونەوەی نرخەکان بەهۆی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز چونکە بەشێکی زۆر پشت بە ئاژەڵی هاوردە دەبەسترێت".
لەبارەی نرخەکانیشەوە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی ھاوچەرخی ھەولێر، ھەڵمەت ھەمزە سلێمان گوتی: "ئەمساڵ بەهۆی ئەو کاریگەرییانەی کە باسمان کرد، نرخ سەدا ١٠ بۆ سەدا ١٥ بەرزبووەتەوە واتا نزیکەی دوو هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک لە ئاژەڵی زیندوو، بەرزبووەتەوە".
ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، بەهۆی زیادهاوردە و بەرکەوتنی ئاژەڵەوە لەگەڵ قەساب و هاووڵاتییان، ئەوا تای خوێنبەربوون بڵاودەبێتەوە و وەزارەتی تەندروستیش ڕێنمایی تایبەت بەخۆپارێزیی بڵاودەکاتەوە.
لەبارەی ڕێگرییەکان لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، هەڵمەت هەمزە گوتی: "لەم دۆخەدا زیاتر لە جاران گرنگی بە تەعقیمات دەدرێت، هەروەها ئەو کارمەندانەی برین لە دەستیان هەبێت ئەوا ڕادەگیرێن تا چاک دەبنەوە، هەروەها هەر ئاژەڵێک گەنەدار بێت ئەوا پشکنینی تەواوی بۆ دەکرێت و لە کاتی حاڵەتێکی گوماناوی تاقیگەیەکمان هەیە کە پشکنینی بۆ دەکەین بۆ دڵنیابوون، خۆشبەختانە ساڵانی ڕابردووش هیچ حاڵەتێک لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکەمان تۆمار نەکراوە".
وەک ڕێنماییەک بۆ ئەوانەی ئاژەڵ لەناو ماڵان و لە کۆڵانەکان سەردەبڕن، هەڵمەت هەمزە گوتی: "ئەوانەی ئاژەڵ لە دەرەوە سەر سەر دەبڕن، دەبێت ئەوە بزانن کە هیچ پشکنینێکی تەندروستی بۆ ئاژەڵەکە ناکرێت، کەواتا دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی گۆشتی ناتەندروست بگەیەنێتە دەستی خەڵک، لە کاتێکدا ئەو نیازی خێرکردنە، هەروەها فڕێدانی پاشماوەکە کاریگەریی ناشرینی هەیە لە ڕووی شارستانیبوونی شارەکە چونکە چوار ڕۆژی جەژن ڕەنگە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن و بە بینینی ئەو دیمەنە ناشارستانیبوونی وڵاتەکە نیشان دەدەیت، چونکە ئێمە مامەڵەیەکی تەواو تەندروست لەگەڵ پاشماوەی ئاژەڵەکە دەکەین، بەڵام ئەوانەی لە کۆڵان و نێو ماڵان ئاژەڵ سەردەبڕن، پاشماوەکەی لەناو حاویەی زبڵ یان شوێنێکی دیکە فڕێ دەدەن، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرماش ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی مێش و مەگەزێکی زۆر و بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکان بن".
هەڵمەت هەمزە گوتیشی: "لە ڕووی نرخەکانیشەوە، ئەوانەی ئاژەڵ لەدەرەوە سەردەبڕن تێچووەکەی ١٢٠ بۆ ١٣٠ هەزار دینارە، لە کاتێکدا لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بۆ ئاژەڵی گەورە خەرجییەکەی لە نێوان ٧٠ بۆ ٨٠ هەزار دینار و بۆ ئاژەڵی بچووک ٢٥ هەزار دینار وەردەگیرێت".