Zana Natık Kerem
26 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
گوتەبێژی کەتائیب حزبوڵڵا سەربە حەشدی شەعبی، ئەبو عەلی عەسکەری رایگەیاند، ئەو نمایشە چەکدارییەی کە دوێنێ پێنجشەممە، رەبعەڵڵا لە بەغدا ئەنجامیدا، مایەی قبوڵکردن نییە.
ئەبو عەلی عەسکەری لە راگەیەنراوێکدا ھەڵوێستی کەتائیب حزبوڵڵای سەبارەت بەو نمایشە چەکدارییەی کە دوێنێ گرووپی رەبعەڵڵا لە بەغدا ئەنجامیدا نیشاندا و رایگەیاند:
"ھێزێکی سەربە حەشدی شەعبی کە خۆمان لە رووی بەڕێوەبردن و پاڵپشتیکردنەوە، سەرپەرشتی دەکەین، گواستراونەتەوە بۆ دەورووبەری بەغدا، بۆ ئەوەی ئەرکی خۆیان لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان، جێبەجێ بکەن".
گوتەبێژی کەتائیب حزبوڵڵا، ئەبو عەلی عەسکەری وەک ئاماژەیەک بۆ نمایشە چەکدارییەکەی دوێنێ گوتی:"گواستنەوەی ئەو ھێزە، رێوشوێنێکی رۆتینی بووە و پێویستی بە ھەماھەنگیی نەبووە لەگەڵ ھیچ لایەنێک، بەڵام لەبەر ھەندێک ھۆکاری ئەمنی و ھونەری، رێرەوی کاروانی ھێزەکە بەرەو ناوەڕاستی بەغدا، گۆڕابوو".
گوتیشی:"ژمارەیەک لە گەنجانی دڵگەرم، ئەو رێرەوەیان بۆ داواکاریکردن لە مافی گەل قۆستبووە، بەڵام بەڕێگایەک کە بۆ ئێمە، مایەی قبوڵکردن نییە".
ئەبو عەلی عەسکەری جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی، ئەگەر کۆنترۆڵکردنی چەک جێبەجێکرا، ئەوا دەبێت بەبێ جیاوازی ھەمووان بگرێتەوە (ھێزە بیانەکان لە عێراق).
دوێنێ پێنجشەممە گرووپێک کە خۆی بە رەبعەڵڵا ناساندووە، نمایشێکی چەکداریی لە ژمارەیەک ناوچەی بەغدای پایتەخت ئەنجامدا کە لە میانیدا ھەڕەشەی لە حکوومەتی عێراق و ھێزەکانی ئەمریکا کرد، ھەروەھا داوای کرد کە بەزووترین کات بوودجەی ٢٠٢١ پەسەند بکرێت، ھەروەھا نرخی دۆلار بۆ ئاستی پێشوو، دابەزێندرێت.