Heman Hussein Yaseen
15 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
بە مەبەستی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی عێراق لە هۆتێل دیڤان لە شاری هەولێر، دیداری هەولێر - نەجەف لەبارەی ئاسۆی پەیوەندییەکانی کورد و شیعە بە بەشداری ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ھەردوو پێکھاتە بەڕێوەچوو کە تیایدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و شیعە و پەرەپێدان و گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کرا.
دیدارەکە بە گوتاری پارێزگاری هەولێر، فەرسەت سۆفی دەستیپێکرد و ئاماژەی بە ئاڵۆگۆڕی دیالۆگی عێراقی لەو قۆناغە ھەستیار و چارەنووسسازە لە مێژووی عێراقدا کرد و گوتی: "ئێمە کە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە شارەکانی عێراق تاوەکو ئێستاش بەردەوامە کە داوای چاکسازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و باشترکردنی بارودۆخی ئابووری و چارەسەری بێکاری و باشترکردنی پرۆسەی سیاسی دەکەن، بەشێوەیەک کە ببێتە مایەی سەقامگیری و پەرەپێدان".
فەرسەت سۆفی گوتیشی: "ئەو داواکاریانەی خۆپیشاندەران ھەیانە، دەبێت بەپێی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان وەڵامیان بدرێتەوە، بەدڵگرانی و خەمبارییەوەش لە بەردەوامی ئەو توندوتیژیانە و کردەی کوشتن دەڕوانین کە تیایدا خۆپیشاندەرانی سڤیل و ئاشتیخواز و ھێزە ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج. ئەو ھەلە دەقۆزمەوە بۆئەوەی سەرەخۆشی خۆمان لە دڵەوە بۆ کەسوکاری ئەو قوربانیانە دەرببڕین، ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین".
پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بەوەدا کە سازکردنی ئەو دیدارە دەبێتە پێکھێنەری بەردی بنچینەیی بۆ بونیادنانی تێڕوانینی ھاوبەش لەبارەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەری لەسەر بونیادنانی دەوڵەتی ئیتحادی و فیدراڵی بەپێی بنەمای یەکسانی ھاووڵاتیبوون و دیموکراتی دەبێت، بە ئامانجی ھەستانەوەی واقیعی کۆمەڵگە بۆ ئاستی ھەرە بەھاو پەیوەستبوون بە یەک. بەرژەوەندی نیشتمانییش دەبێتە پێکھێنەری بنچینەی گرێبەستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە دەبێت بەپێی چارەسەری سیاسی بێت و قابیلی جێبەجێکردن بێت لە رێگای دەستپێشخەری و بۆچوونی جۆری چارەسەری کێشە ھەنووکەییەکان بکات و ئاسەوارەکانی رابردووش رەشبکاتەوە و پەرەی پێبدات بۆ بونیادنانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی یەکگرتوو و تەواوکار لە داھاتوودا.
لە کۆتایشدا پارێزگاری ھەولێر فەرسەت سۆفی گوتی: "ئومێدەوارین لەو دیدارە چارەسەری راستەقینە پێشکەش بکرێت کە لەسەر بنەما دەستوورییەکان بونیادنرابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەنێوان ھەرێمی کورستان و حکوومەتی فیدراڵی، سەرەڕای ئاشتەوایی نیشتمانی لەنێوان پێکھاتەکانی عێراق".