Sarmand Hameed
15 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2022
هەولێر - AA
بەمەبەستی بەشدارییکردنی لەو نوێژە بەکۆمەڵەی رێبەری رەوتى سەدر، موقتەدا سەدر، داوای ئەنجامدانی کردبوو، سەدان هەزار کەس لە لایەنگرانی رەوتەکە روویان لە ناوچەى سەدرى بەغدا کرد.
لە ئێوارەی دوێنێوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە لایهنگرانی سەدر روویان لە گۆڕەپانی ئەنجامدانی نوێژەکە کرد و هێزە ئەمنییەکانیش رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر.
هێشتا ئەوە یەکلانەبووەتەوە کە رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بەشداریی لەو رێوڕەسمەدا دەکات یان نا.
ئەم نوێژه بەکۆمەڵە پێشتر لەلایەن بەرپرسانی رەوتی سەدرەوە ئامادەکاریی تەواوی بۆ کراوە بەجۆرێک داوا لەو کەسانە کرابوو کە بەشداریی لەو نوێژەدا دەکەن، کفن بپۆشن و پابەندی رێنماییە تەندروسییەکان بن و نوێژخوێنان بەرماڵ لەگەڵ خۆیان بهێنن و جگە لە ئاڵای عێراق هیچ ئاڵایەکی دیکە هەڵنەگرن.
رەوتی سەدر کە براوەی یەکەمی هەڵبژارنەکانی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان، هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمانیان پێکهێنا، بهڵام دوای ئهوهی نهتوانرا دانیشتنی پهرلهمان بۆ ههڵبژاردنی سهركۆمار و دواتر راسپاردنی سهرۆكوهزیران سازبكرێت، مانگی رابردوو سەرجەم ئەندامەکانی فراکسیۆنی رەوتەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەستیان له ئهندامێتیی پهرلهمان كێشایهوه.