Sarmand Hameed
03 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
ئێوارەی رۆژی شەممە ئاگر لە نەخۆشخانەی تایبەتی رۆیاڵ لە شاری سلێمانی کەوتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کورستان دەڵێت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی تایبەتی رۆیاڵ، ئامانج رەحیم زەنگەنە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، لە پشت باڵەخانەی نەخۆشخانەکە چەند کرێکارێک کاری لەحیمیان کردووە و بەهۆی پرژەی ئاگرەکە کە بەر کابینەیەک لەپشتەوە باڵەخانەکە کەوتووە، ئاگرەکە دروستبووە.
ئامانج رەحیم زەنگەنە گوتیشی: "لەو رووداوەدا هیچ کەسێک بریندارنەبووە و نەخۆشی نەخۆشخانەکەشمان گواستونەتەوە نەخۆشخانەیەکی دیکە".
لەبارەی رووداوەکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، ئاسۆ حەوێزی رایگەیاند، نەخۆشخانەی رۆیاڵی تایبەت لە شاری سلێمانی کە ئاگرەکەی تیادا کەوتەوە نەخۆشخانەیەکی ٢٠ قەرەوێڵەییە.
بەگوێری راگەیەنراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی هەرێمی کوردستان کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، لە کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە، ١٦ نەخۆش لە نەخۆشخانەکەدا بوونە.
ئاسۆ حەوێزی ئاماژەی بەوە کردووە، کە بۆ سەلامەتی نەخۆشەکان، سەرجەمیان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکە.
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا ھیچ نەخۆشێک لە ھۆڵی نەشتەرگەری نەبووە.
ئاسۆ حەوێزی راشیگەیاند کە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.