Zana Natık Kerem
21 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراقی، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنی قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا گەیشتە شارەکە.
بەپێی ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ھەریەک لە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی، حەمید شەتری و سەرۆک ئەرکانی سوپا، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری و ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی گەیشتوونەتە قەزای شنگال.
باسی لەوەش کردووە کە ئامانج لە سەردانەکە، ئاگاداربوونە لە رەوشی ئەمنی قەزای شنگال.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوو رۆژ لەمەوبەر لە کۆمەڵگای دکۆرێ سەربە ناحیەی سنونێ باکووری چیای شنگال شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای عێراق و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە رووی دا.
ــ رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.