Zana Natık Kerem
13 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رووداوەکەی گوندی ئەلبودۆر باشووری شاری تکریت سەنتەری پارێزگای سەڵاحەددین، گەیشتە شارەکە.
دوێنێ ھەینی ژمارەیەک چەکداری داعش کە جلی سەربازییان پۆشیبوو دزەیان کردبووە ناو گوندی ئالبودۆر لە باشووری شاری تکریت ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین لە میانیدا شەش ئەندامی یەک خێزان لەگەڵ پۆلیسێک و پارێزەرێکیان کوشتبوو.
میدیاکانی خۆجێی عێراق بڵاویانکردەوە کە لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی ھەریەک لە وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، فەریق روکن عەبدولئەمیر شممەری بە یاوەری شاندێکی باڵای ئەمنیی گەیشتوونەتە شاری تکریت.
ئاماژەیان بەوەیشدا کە ئامانج لەسەردانەکەی عوسمان غانمی و فەریق روکن عەبدولئەمیر شممەری بۆ شاری تکریت، ئاگاداربوونە لە رووداوەکەی گوندی ئەلبودۆرە.
پێشتر شانەی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە لیژنەی ھاوبەشی لێکۆڵینەوە لە تاوانە تیرۆریستییە قێزەونەکەی گوندی ئالبودۆر باشووری تکریت، لێکۆڵینەوەکانی تەواوکرد و گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو تاوانە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامدراوە.