دهۆک - AA
لە کاتێکدا لە شنگال هێشتا دەیان گۆڕى بە کۆمەڵى کوردانى ئێزدى هەڵنەدراونەتەوە و خاپووربوونى هەزاران خانوو لە سنوورەکە سیماى وێرانەى بە شنگال بەخشیوە، هێشتا پێنج ساڵە شەڕ و ململانێ بەرۆکى سنوورەکەى بەرنەداوە.
ساڵێک و سێ مانگ و دە رۆژ داعش لە قەزاى شنگال دەسەڵاتدار بوو، لەو ماوەیەدا وێڕاى قاییمکردنى بنکە و بارەگاکانیان و هەڵکەندنى دەیان تونێل، سەروەت و سامانى خەڵکیان بە تاڵان برد و کچ و ژنانى ئێزدیان بۆ ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتییان لە عێراق و سووریا گواستەوە، دواتر هێزەکانى پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکى بەرفراوانیان دەستپێکرد و لە ماوەیەکى کەمدا شنگالیان لە داعش رزگار کرد.
"پێنج ساڵە لە سەدا ٨٠ى شنگال وێرانەیە"
قایمقامى قەزاى شنگال، مەحما خەلیل لەبارەى تێپەڕبوونى پێنج ساڵ بەسەر کارەساتى شنگال بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ماوەى پێنج ساڵە بەهۆى نەهامەتى و جەنگى داعش و دواتر ململانێکانى پەکەکە و حەشدى شەعبى دژ بە خەڵک، ئیدارەى شەرعى شنگال و هێزەکانى پێشمەرگە لە سەدا ٨٠ى قەزاى شنگال بە وێرانى ماوەتەوە و زیاتر لە ٢٠ هەزار خانوو خاپوورن و زیاتر لە ٥٢٠ شوێنى ئەندازەیی لە قەزاکە زیانیان بەرکەوتووە و رێگاوبان و سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تێکدراون و تا ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەى قەزاى شنگال، حکوومەتى عێراق لە رابردوو کەمتەرخەم بووە لە سەقامگیر کردنى شنگال و ئاوەدانکردنەوەى شارەکە، ئومێدمان بە حکوومەتى نوێى عێراق هەیە کە هاوکار بێت لەگەڵ حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ گەڕانەوەى سەقامگیرى و ئاوەدانى بۆ شنگال".
مەحما خەلیل لەبارەى تێچووى ئاوەدانکردنەوەى قەزاى شنگال گوتى: "ئەگەر حکوومەتى عێراق مەزەندەى ٤٥ ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەى پارێزگاى نەینەوا بکات، ئەوا ئاوەدانکردنەوەى شنگال نزیکەى ١٠ ملیار دۆلارى پێویستە، چونکە هەر شنگال نییە بەڵکو ناحییەکانى سەربە قەزاکەش پێویستییان بە ئاوەدانکردنەوە هەیە، بەڵام ئەوەى پێش ئاوەدانکردنەوەى پێویست بێت، ئاسایی کردنەوەى دۆخى ئەمنى و دەرکردنى چەکدارانى پەکەکە و حەشدى شەعبی-ن".
قایمقامى قەزاى شنگال نایشارێتەوە کە ماوەى پێنج ساڵە زیاتر لە سەدا ٨٠ ى هاووڵاتییانى شنگال ئاوارەن و لە کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک نیشتەجێن، بەهۆى بوونى پەکەکە و بەشێک لە حەشدى شەعبى نەبوونى خزمەتگوزارى لە سنوورەکە ناتوانن بگەڕێنەوە.
سەرۆکى ئەنجوومەنى قەزاى شنگال، وەیس نەواف بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پێنج ساڵە شنگال ئارامى بەخۆیەوە نەبینیوە، لە ئابى ٢٠١٤ داعش شارەکەى وێران کرد و زیانێکى گەورەى گیانى پێگەیاندین و دواى ١٦ ئۆکتۆبەر و تائێستا ئەو گرووپە چەکدارەى لە شارەکە بوونیان هەیە کە لە پەکەکە و لقەکانى و حەشدى شەعبى پێک دێن، تا ئەمڕۆش سەرقاڵى ململانێى حیزبین و نەهامەتى بۆ هاووڵاتییانى شارەکە دەنێنەوە".
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە شنگال لەبەردەم مەترسییەکى گەورەدایە، چونکە شانەنووستووەکانى داعش لە سنوورى شنگال چالاکییان هەیە و پەیوەندیی و رێکخستنیان لە نێواندا هەیە، مەترسى دووبارە خۆ رێکخستنەوەیان هەیە.
"لە کۆى ٦ هەزار و ٤١٧، تا ئێستا ٣ هەزار و ٥٠٩ کەس رزگار کراوە"
بەرپرسى نووسینگهی رزگاركردنی رفێندراوانی ژێردەستى داعش، حوسێن کۆرۆ قاییدى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لەئابى ساڵى ٢٠١٤ لە شەو و رۆژێکدا زیاترلە هەزار و ٢٩٣ ژن و پیاوی کوژران و ٦ هەزار ٤١٧ کوردى ئێزدى لەلایەن داعشەوە رفێندران، تا ئێستا لەلایەن نووسینگەکەمان کە لەلایەن رێزدار سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى پاڵپشتى دەکرێت مەبەستى رزگار کردنى کوردانى ئێزدى لە چنگ داعش ٣ هەزار و ٥٠٩ کەسمان لە دەستى داعش رزگار کردووە کە هەزار و ١٩٢کەسیان ئافرەت و هەروەها ههزار و ٣٣ کچى خوار ١٨ ساڵ و ٩٤٧ منداڵى کوڕن لە نێو رزگاربووانیشدا ٣٣٧ پیاو هەبوون".
حوسێن قاییدى لەبارەى ئامارى ئەو ئێزدییانەى کە ماوەى پێنج ساڵە بێسەروشوێنن گوتى: "٢ ههزار و ٩٠٨ كهس کە داعش لە ٢٠١٤ رفاندبوونى تا ئێستا بێسەروشوێنن. لهو ژمارهیهش ههزار و ٣٢٣ ئافرهت و ههزار و٥٨٥ كهسیان له رهگهزی نێرن، هەوڵەکانى نووسینگەى رزگاركردنی رفێندراوانی ژێردەستى داعش بۆ رزگار کردنى ئەو ژێردەستانەى داعش و بێسەروشوێنانە بەردەوام دەبێت".
گوتیشى: "کۆى گشتى ژمارەى کوردانى ئێزدى لە عێراق ٥٥٠ هەزار کەسن، بەهۆى شەڕى داعشەوە ٣٦٠ هەزار کەس ئاوارەن لە نێو کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک نیشتەجێن و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس پەنابەرى وڵاتانن".
بەرپرسى نووسینگەى رزگار کردنى رفێندراوانى ژێردەستى داعش ژمارەى ئەو منداڵانەى ئاشکرا کرد کە ماوەى پێنج ساڵە بێ دایک و باوکن و گوتى: "٢هەزار و ٧٤٥ منداڵى بێ دایک و باوکمان هەیە".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا حوسێن کۆرۆ قاییدى رووى قسەکانى دەکاتە حکوومەتى عێراق و دەڵیت "حکوومەتى عێراق لە کەیسى رزگار کردنى کوردانى ئێزدى لە چنگ داعش هیچ هاوکار نەبووە، ئەوەى تا ئێستا رزگارمان کردووە هەموو بە هەوڵ و ماندوو بوونى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بووە".
"لە ٨٠ گۆڕى بە کۆمەڵ تەنها ٦ هەڵدراوەتەوە".
بەڕێوەبەرى کاروبارى کوردانى ئێزدى لە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، خەیرى بۆزانى لە لێدوانێکى لەبارەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى کوردانى ئێزدى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەر لە دواى رزگار کردنى شنگال لە چنگ تیرۆریستانى داعش تا ئێستا ٨٠ گۆڕى بە کۆمەڵى کوردانى ئێزدى لە سنوورى شنگال دۆزراوەتەوە کە داعش بە شێوەیەکى زۆر دڕندانە کۆمەڵکوژى کردوون و دەیان رووفات لە نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا هەیە، کە لە منداڵ و پیر و پەککەوتە بە هەردوو رەگەزەوە لەخۆى دەگرێت".
خەیرى بۆزانى ئاماژەى بەوەدا کە بەهۆى کەمتەرخەمى حکوومەتى عێراقەوە تا ئێستا تیمێکى نێودەوڵەتى بۆ هەڵکەندنەوەى گۆڕە بە کۆمەڵە پێکنەهێندراوە گوتیشى: "لە کۆى ٨٠ گۆڕى بە کۆمەڵ تا ئێستا تەنها ٦ گۆڕى بە کۆمەڵ هەڵدراوەتەوە، کە ئەمە ژمارەیەکى زۆر کەمە، بەڵکو دەبوو زیاتر لە ٤٠ گۆڕى بە کۆمەڵ تا ئێستا هەڵدرابایەوە و بەڵگەکان کۆبکرایەوە".
بەڕێوەبەرى کاروبارى کوردانى ئێزدى لە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ژمارەى ئەو مەزارگانەى کوردى ئێزدى ئاشکرا دەکات کە لەلایەن داعشەوە تەقێندراونەتەوە و گوتى: "لە سەردەمى داعشدا ٦٨ مەزارگە و شوێنى ئایینى کوردانى ئێزدى تەقێندرایەوە لە ناوچە ئێزدى نشینەکان".
بۆزانى ئاماژەى بەوەشدا کە داعش سەرەڕاى کوشتن و رفاندن و فرۆشتنى کچ و ژنانى ئێزدى وەک کەنیزەک، هەڵستا ئایینى ئێزدى بە بە رفێندراوانى کوردی ئێزدى گۆڕى، دەیان منداڵى رفێندراوى لەسەر بیرى توندڕەوى پەروەردە کرد، ئەم بیرى توندڕەوییە دەبێت بەردەوام کار لەسەر بنبڕکردنى بکرێت.
"پێشمەرگە نەبووایە، شنگال کۆنتڕۆڵ نەدەکرایەوە"
جێگرى فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، عەمید سمێ بۆسەلى کە یەکێک بوو لە فەرماندە دیارەکانى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شنگال لە چنگ چەکدارانى داعش لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پێش پێنج ساڵ لە ٣ى ئابى ٢٠١٤ داعش دواى کۆنتڕۆڵکردنى مووسڵ و دەستکەوتنى چەک و تفاقێکى زۆرى سوپاى عێراق، بە شێوەیەکى دڕەندانە پەلامارى قەزاى شنگالیدا کچ، ژن، پیاو و منداڵانى شنگالى خەڵتانى خوێن کرد، داعش هەموو کردەوەیەکى تیرۆریستى تاقیکردەوە بەرامبەر شنگالییەکان و کوردانى ئێزدى".
گوتیشى: "لە بەروارى ١٣ى تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠١٥ هێزەکانى پێشمەرگە، بە بەشدارى ٧ هەزار و ٥٠٠ پێشمەرگە بە سەرپەرشتى راستەخۆى سەرۆک بارزانى(سەرۆکى پێشووى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى) و پاڵپشتى فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانێتى دژى داعش ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى شنگال دەستپێکرد، لە ماوەى شەو و رۆژێکدا شنگال لە داعش رزگار کرا، لە ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر لە ١٠٠ تیرۆریستى داعش کوژران و سەدانى دیکەش بریندار بوون".
ئەو فەرماندەیەی هێزەکانى پێشمەرگە نیگەرانە لەوەى دواى داعش تا ئێستا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە و بوونى ژمارەیەکى زۆر لە گرووپى چەکدار لە شنگال بە هۆکارى سەرەکى نائارامى دەزانێت و دەڵێت "پێشمەرگە بە خوێن و هەوڵ و دەستى خۆی شنگالى لە داعش رزگار کردووە و ئەو چەکدارە نادەستوورییانەى لە سنوورەکەن دەبێت رێز لە خواستى رەواى خەڵکى سنوورەکە بگرن، ئاشکرایە ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، شنگال کۆنتڕۆڵ نەدەکرایەوە بەو گرووپانەى لە ئێستادا بوونەتە سەرئێشە بۆ ناوچەکە".
news_share_descriptionsubscription_contact



