Sarmand Hameed
03 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بۆ سەر ئامانجەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە پارێزگای کەرکووک، ژمارەیەک تیرۆریستی رێکخراوەکە کوژران.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، فڕۆکەکانی F_16ی عێراق ئۆپەراسیۆنێکییان بۆ سەر ئامانجەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەی زابی بچووک لە پارێزگای کەرکووک ئەنجامدا.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ تونێلی رێکخراوەکە خاپوور کراون و سەرجەم ئەو تیرۆریستانەی لەناو تونێلەکاندابوون، کوژراون.
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕێکی سەخت دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش تەواوی ئەو رووبەرەیان کۆنتڕۆڵکردەوە کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژمار دەکرا کە داعش لە ھاوینی ٢٠١٤ کۆنتڕۆڵی کردبوو.
وێڕای ئەوەی ھێزەکانی عێراق داعشیان لە ناوچەکان دەرکردووە و شارەکانیان ئازادکرد بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تاکو ئێستا بەردەوامن لە سەر ھێرشەکانیان لە گوندەوارەکانی پارێزگاکانی کەرکووک، مووسڵ، سەڵاحەددین و ئەنبار.