Haydar Karaalp
05 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2023
بەغدا - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف رایگەیاند، پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنقەرە لە هەموو بوارەکاندا پەرەی سەندووە و دەیانەوێت لە قۆناغی نوێدا هاوکارییەکانیان لە بوارەکانی ئابووری و پەرەپێدان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا زیاتر بکەن.
سەحاف لەبارەی دۆخی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا و چاوەڕوانییەکان لە قۆناغی نوێی دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
بە ئاماژەدان بەوەی کە خۆشحاڵن بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرکۆماری تورکیا، سەحاف رایگەیاند: "پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لە هەموو بوارەکاندا بەرەو پێش دەچێت، سەرلەنوێ سەرکەوتنی سەرکۆمار ئەردۆغان ئیرادەی گەلی تورکیا دەردەخات".
- "قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە زیادبووندایە"
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوە دا کە سیاسەتی دەرەوەی عێراق لەسەر بنەمای "رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵک" پەیڕەو دەکرێت، گوتیشی: "لەو بارەیەوە رێز لە بڕیاری گەلی دراوسێ و برامان، تورکیا دەگرین".
لەبارەی ئەوەی چاوەڕوانییەکانیان چییە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناغی نوێدا، سەحاف گوتی: "لەگەڵ ئەوەدان لە قۆناغی داهاتوودا لەسەر بنەمای گفتوگۆی هاوبەش لە هەموو بوارەکانی وەک ئابووری، پەرەپێدان، ئاو و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پەیوەندییەکانمان بەرەوپێشەوە ببەین و دەمانەوێت هاوکارییەکانمان زیاتر بکەین. قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە زیادبووندایە. هەر گفتوگۆیەک کە ببێتە هۆی لێکنزیکبوونەوەی هەردوو وڵات گرنگە. ئێمە وەک عێراق هەر دەرفەتێک دەقۆزینەوە کە بەرژەوەندیی خەڵکی هەردوو وڵاتی تێدابێت".