Zana Natık Kerem
01 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و سەرۆکی تیمی قەیرانەکانی لەناکاو، قاسم ئەعرەجی رایگەیاند کە یاسا لەسەرووی ھەمووانەوەیە و ئاماژەی بەوەیشکرد کە حکوومەت بە جیددی کار دەکات بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان.
لەمبارەیەوە نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە قاسم ئەعرەجی لە میانی دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار لەگەڵ کەسوکاری کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ناسرییە کۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، قاسم ئەعرەجی رایگەیاندووە کە کە یاسا لەسەری ھەمووانەوەیە و گوتی:
"حکوومەت بە جیددی کار دەکات بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان بە تایبەتیش دانیشتوانی زیقار".
ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، کەسوکاری کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ناسرییە داوایانکردووە کە دیدارێکیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی بۆ برەخسێندرێت، هەروەها داوایانکردووە کە دەبێت دادپەروەریی و یاسا بۆ خاوەن ماف دەستەبەر بکرێت.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، قاسم ئەعرەجی بەڵێنی بە کەسوکاری کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ناسرییە داوە کە داواکارییەکانیان دەگەیەنێت بە سەرۆکوەزیران و جەختیشیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە لێپێچنەوە لەگەڵ بکوژانی خۆپیشاندەران دەکرێت و سزای توندیش دەدرێن.