Heman Hussein Yaseen
13 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2019
ھەولێر - AA
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکرد و بەپێی کارنامەکەش چەند تەوەرێک دەخرێنەڕوو.
لە کارنامەکەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەکراوە کە لە دانیشتنی ژمارە ٧ ی ١٣/١١/٢٠١٩دا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم پێشنیازەیاسا و بڕیارانەی خوارەوە بەپێی حوکمی مادەکانی (٧٩ و ٨٠ و ٨٢)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.
لە کارنامەکەی پەرلەمانی کوردستاندا ھاتووە: "خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای پاراستنی بەرھەمە خۆماڵییەکان لە ھەرێمی کوردستان-عێراق، پێشنیازە یاسای بیمەی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستان، پێشنیازە بڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت".
لە بەشێکی دیکەی کارنامەکەدا ھاتووە کە دانان و ئاڵوگۆڕکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار لە لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمان و پێکھێنانی ٤ لیژنەی ھەمیشەییی پەرلەمان بەپێی مادەکانی (٢٨، ٢٩، ٣٤) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
لە بڕگەی سێیەمی کارنامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە خستنەڕووی بیرۆکەی پەرلەمانتاران گفتوگۆی لەسەر دەکرێت وەک بیرۆکەی پەرلەمانتار جوان یونس رۆژبەیانی کە بیرۆکەکە پەیوەستە بە دووبارە تەعریبکردن و مەترسیی ھەموارکردنەوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووریی ھەمیشەیی عێراق.
لە کارنامەکەدا ئاماژە بە بیرۆکەی پەرلەمانتار کاروان عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا کراوە سەبارەت بە پرسی چۆنیەتی شەفافکردنی نەوت لە ھەرێمی کوردستاندا.
پەرلەمانی کوردستان پێکھێنانی چوار لیژنەی ھەمیشەیی پەسەند کرد
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان جگە لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازە یاسای پاراستنی بەرھەمە خۆماڵییەکان لە ھەرێمی کوردستان و، پێشنیازی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بە قاچاغبردنی نەوت لە ھەرێمی کوردستان کرا، ھاوکات چەند لیژنەیەکی ھەمیشەییش پەسەند کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تیاییدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای بیمەی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستان و، پێشنیازە بڕیاری 'دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە ھەرێمی کوردستان' کران.
لەبەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا بیرۆکەی دوو پەرلەمانتار پەیوەست بە دووبارە تەعریبکردن و مەترسیی ھەموارکردنەوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق و پرسی چۆنیەتیی شەفافکردنی نەوت لە ھەرێمی کوردستان خرانەڕوو.
لەم دانیشتنەدا پێکھێنانی چوار لیژنەی ھەمیشەیی پەسەند کران کە سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان بۆ فراکسیۆنی پارتی و، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان بۆ فراکسیۆنی یەکێتی و، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ بۆ فراکسیۆنی گۆڕان و، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پەرلەمان بۆ فراکسیۆنی یەکگرتوو بێت.
پڕۆژەیاسای دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست گەڕاوە بۆ حکوومەتدوای تەواوبوونی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لەسەر چەند تەوەرێک پەیوەست بە ژیان و گوزەرانیی ھاووڵاتییان، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا نیگەرانی خۆی لەمەڕ تەوەرێکی دانیشتنەکە دەربڕی و رایگەیاند کە سەرۆکی پەرلەمان رێگای نەداوە بە نوقتەی نیزامی چەند پەرلەمانتارێک.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان عەبدولستار مەجید لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "کۆبوونەوەی ئەمرۆی پەرلەمانی کوردستان بۆ چەند پێشنیازە یاسایەک بوو کە پێشکەش کرابوو، یەکێک لەوانە ئێمە وەکو فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی پێشکەشمان کردبوو سەبارەت بە یاسای بیمەی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستان بوو کە بەبۆچوونی ئێمە گرنگییەکی تایبەتی ھەیە بۆ جووتیاران کە ساڵانە تووشی ھەندێک زیانی گەورە دەبن کە بە ویستی خۆیان نەبووە و ئومێد دەکەم ئەم پڕۆژە یاسایە لە کاتی خۆیدا پەسەند بکرێت چونکە لەم پڕۆژە یاسایەدا قەرەبووی جووتیار دەکرێتەوە کە تووشی ئەو رووداوانە دەبن کە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە".
لەبارەی تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، عەبدولستار مەجید گوتی: "بابەتێکی دیکە دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست بوو، چونکە فەرمانبەرێکی زۆرمان ھەیە کە بەپێی یاسا لەماوەی سێ ساڵ تا پێنج ساڵ مافی خۆیەتی ببێتە ھەمیشەیی، بەڵام فەرمانبەر ھەیە ماوەی دە ساڵە ھەر گرێبەستە و ئێمە پشتگیری ئەم پڕۆژەیاسایەش دەکەین، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە پێشتر رەزامەندی دەربڕیبوو کە فەرمانبەران بکرێنە ھەمیشەیی و رایگەیاندبوو کە بارگرانی دروست ناکات، بەڵام بەداخەوە دوێنێ حکوومەت داوای لە پەرلەمان کردووە کە پڕۆژە یاساکەیان بۆ بنێرنەوە بۆ ئەوەی ھەندێک زانیاری و بڕگەی دیکەی بۆ زیاد بکەن".
سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "ئێمە پێمان وایە ئەمە نایاساییە، چونکە ھەر پڕۆژە یاسایەک کە دوای ئەوی رێککارە یاساییەکانی بڕی و پرس و را بە حکوومەت کرا، ئەوا دەبێت دەستبەجێ ئاراستەی لیژنەی تایبەت بکرێت و لەماوەی یاسایی خۆی راپۆرتی لیژنەی یاسایی ئامادە بکرێت و دەنگدانی دووەمی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت بەڵام بەداخەوە زۆربەی پەرلەمانتاران کە نوقتەی نیزامیان گرت و، سەرۆکی پەرلەمان رێگای پێ نەدان".
لەبارەی گەڕانەوەی پڕۆژە یاساکە بۆ حکوومەت، عەبدولستار مەجید گوتی: "دوو حاڵەت ھەیە، یان ئەوەتا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەندازەیەک پەشیمان بووەتەوە، یان ئەوەتا دەیانەوێت بابەتەکە بکەنە دەستکەوتێک بۆ حکوومەت نەک پەرلەمان".
جێی ئاماژەیە یەکێک لە تەوەرەکانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە ھەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بوو بەڵام بەھۆی ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوێنێ داوای لە پەرلەمانی کوردستان کردبوو کە پڕۆژەکەیان بۆ بنێرنەوە، بۆیە ئەمڕۆ ئەم تەوەرە نەخرایە بەر باس و گفتوگۆ.