Fakhradin Ibrahim Mohammad
29 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2025
هەولێر - AA
لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى ئەمنیى عێراق و ئێران جارێکی دیکە لە بەغدا کۆبوونەوە.
لە بەیاننامەیەکدا، نووسینگەی ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ڕایگەیاندووە، لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى ئەمنیى عێراق و ئێران لە بەغدا کۆبوونەتەوە.
بە پێی بەیاننەمەکە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق قاسم ئەعرەجی نوێنەرایەتی عێراقی کردووە و لە لایەن ئێرانیش بە سەرۆکایەتی مسگەریان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
کۆبوونەوەکە هەروەها بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێبەر ئەحمد، بەڕێوە چووە.
لە بەیاننامەکەی نووسینگەی ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراقدا هاتووە: "دوو لایەن ڕێکارەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنى ئەمنی نێوانیان و بەربەست و ئالنگارییەکانیان تاوتوێ کردووە و لەسەر ئەو کردەوانەی کە ببێتە هۆی خێراتر بەڕێوەچوونی بەندەکانی ڕێککەوتننامەکە قسەیان کردووە".
لە بەیاننامەی نووسینگەی ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراقدا هاتووە کە، ئەعرەجی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بۆ عێراق گرنگە خاکەکەی وەک پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار نەیەت.
لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى ئەمنیى عێراق و ئێران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیاندا بڕیاریان دا کە کۆبوونەوەی داهاتوویان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
- ڕێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران
لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێراندا واژوو کرا کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی بە نوێنەرایەتیی عێراق و سکرتێری گشتیی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی بە نوێنەرایەتیی ئێران واژوویان کرد.
بە پێی ڕێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران ڕێگری دەکرێت کە دزەکردنی چەکداریی لەسەر سنوورەکان و بڵاوکردنەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هەروەها چەکداماڵین و گواستنەوەی لایەنە دژبەرەکانی ئێران بۆ کەمپەکان (کە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆیان دابین دەکرێت) و لەگەڵ داخستنی سەربازگەکان.
لە ٢٨ی مانگی ئابی ٢٠٢٤دا، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی ڕایگەیاندبوو"عێراق پابەندبوونەکانی خۆی بە رێککەوتننامە ئەمنییەکەی لەگەڵ ئێران جێبەجێ کردووە.
بەر لە واژوو کردنی ڕێککەوتننامەکە، ئێران دوو جار هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان-عێراقی بە بیانووی نەهێشتنی هەڕەشەکان لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی، لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٨ و ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ مووشەکباران کردبوو.