هەولێر - AA هێمن حوسێن
زیرەکی دەستکرد بریتییە لە ھاوشێوەکردنی پڕۆسەکانی زیرەکی مرۆڤ لەلایەن ئامێرەکانەوە، بەتایبەتی سیستەمی کۆمپیوتەر، بەکارهێنانە تایبەتەکانی زیرەکی دەستکرد بریتین لە سیستەمی پسپۆڕ، ناسینەوەی قسەکردن و بینینی ئامێر، بە گشتی ئەم سیستەمە شۆڕشێکە لە پیشەسازی و گۆڕینی شێوازی ژیان و کارکردنە لە جیهاندا کە چەند بوارێک لەخۆ دەگرێت و لە ئێستاشدا بە شەپۆلێکی زۆر خێرا بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، وڵاتانیش بەپێی توانا هەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم شەپۆلە دەدەن.
یەکێک لەو بوارانەی کە پەیوەندی بە ژیانی هەمووانەوە هەیە، بریتییە لە سیستەمی تەندروستی و، بەپێی توێژینەوەکانیش بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان، سوود لە زیرەکی دەستکرد وەردەگیرێت و ئەمەش کاری پزیشکان و نەخۆشانیش لە داهاتوودا ئاسانتر دەکات.
سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەدین، پلانێکیان ئامادەیە بۆ ئەوەی زیرەکی دەستکرد لەناو توێژینەوەکانییان جێبکرێتەوە بە دیاریکراویش کار لەسەر سیستەمی تەندروستی مرۆڤ دەکرێت، بەتایبەت لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان.
بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەدین، دکتۆر کارزان شێخ موحسین لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "ژیری دەستکرد بووەتە بەشێکی گرنگ لە هەموو کایەکانی ژیاندا، سەنتەرەکەمان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ چەند پلانێکی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ژیری دەستکرد بهێنینە ناو توێژینەوەی خۆمان بە تایبەت لە توێژینەوە پزیشکییەکان و لە بابەتی زانستی پزیکشییدا، چونکە ئەوەی لە جیهاندا دەیبین پێشکەوتنێکی باش کراوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانەی کە پێشووتر چارەسەریان نەبووە یان چارەسەریان قورس بووە بۆ زانست و پزیشکەکان، ئێستا زیرەکی دەستکرد ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەو ئامانجانەی کە مەبەستە".
دکتۆر کارزان شێخ موحسین گوتیشی: "دوای ئەو دۆزینەوانەی کە لە جیهان لە کۆتایییەکانی ٢٠٢٣ هەبوو، ئێمە لە سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەدین، لە بوارەکانی توێژینەوە پزیشکییەکان، لە بابەتی شێرپەنجە لە ئاستێکی زۆر باشداین لە ناوچەکە، بە تایبەت لە دروستکردنی خانە شێرپەنجەییەکان و لە تاقیکردنەوەی چەندین جۆرە دەرمان و ئەو ڕێگا نوێیانەی بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە بەکاردێت".
لەبارەی هەوڵەکانی سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی سەڵاحەدین بۆگەیشتن بەو ڕەوتە خێرایەی لە جیهاندا هەیە، دکتۆر کارزان شێخ موحسین گوتی: "تیمەکانی توێژینەوەی ئێمە لە دوو بواردا خەریکن، یەکێکیان ئەو خانە نوێیانەی لە ڕێگای ڕۆبۆتەوە دروست دەکرێت و دواینییان لە مانگی ١٢ی ٢٠٢٣ لە ئوستراڵیا دروستکرا، بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ خانەکانی شێرپەنجە تاقیکردنەوەی لەسەر بکەن، هاوکات لە بوارێکی دیکەدا کە زۆر گرنگە ئەویش بواری ماددە هۆشبەرەکانە".
سەرۆکی سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی سەڵاحەدین گوتیشی: "سەنتەرەکەمان دوو هەنگاوی زۆر باشی بڕیووە بۆ ئەوەی توێژینەوەکانی دروستکردنی پڕۆتین و ئەنزیمەکانی میکڕۆبەکان چۆن ببەستینەوە بۆ زیرەکی دەستکرد بۆ ئەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەستنیشان بکەین و کارلێکێک دروست بکەن کە ماددە هۆشبەرەکان بە ئاسانی بدۆزرێنەوە و یارمەتی دەزگا ئەمنییەکان بدرێت لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان".
هەرچەندە لە جیهاندا هەنگاوەکانی ژیری دەستکرد زۆر بە خێرایی دەڕۆن و عێراقیش بەشێکە لە جیهان بەڵام کەمتر گرنگی بەم بابەتەداوە و ئەمەش ڕەنگە لە داهاتوودا کێشە بۆ نەوەکان دروست بکات و لەمبارەیەوە دکتۆر کارزان شێخ موحسین گوتی: "زیرەکی دەستکرد زانستێکی خێرایە، بەشێوازێک لەوانەیە مانگێکی دیکە زۆر شتی تازە بدۆزرێتەوە، سەبارەت بە عێراق و هەرێم لەبەر ئەوەی ئەو هەنگاوە پێویستانەیان نەناوە بۆ پەرەپێدانی ستاف و تاقیگەکان و ڕاهێنانی قوتابییەکانی خوێندنی باڵا، بەرەو ئەو ئاراستەیە زۆر کەم دەڕۆن، هەڵبەتە ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی کێشەی دیکە زۆرە، وەک دەزانین توێژینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیە، لە عێراق و هەرێمیش کێشەکانی دیکە زاڵن بەسەر بیرکردنەوەی نوێی وەکو زیرەکی دەستکرد".
دکتۆر کارزان شێخ موحسین گوتیشی: "ئەگەر بمانەوێت وەکو بەشێک لە جیهان بتوانین بە هەمان ئاراستەی جیهان بڕۆین، ئەوا بەڕاستی دەبێت کارێکی زۆر جدی بکەین لە حکوومەتی نوێ و لە بوودجەی نوێ، دەبێت بابەتی زیرەکی دەستکرد و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە بواری پزیشکی و بوارەکانی دیکە ببێتە بنەمایەک بۆ توێژینەوەی زانستی و پاڵپشتی دارایی".
لەبارەی کاریگەری ژیری دەستکرد لەسەر نەوەی داهاتوو، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەدین، دکتۆر کارزان شێخ موحسین گوتی: "نەوەی نوێ نەوەیەکی زیرەکە، بە حوکمی ئەوەی بواری لەبەردەستە بۆ فێربوون لە ئینتەرنێت، لە گووگڵ هەموو ئەو سەرچاوانە کە هەیە کە پێویستن، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە شوێنێک هەبێت تاقیکردنەوەی پڕاکتیکی لێ بکرێت، هەروەها هەست دەکەم نەوەی نوێ توانایەکی زۆر باشی هەیە چونکە بەپێی جێنەتیک و بۆماوەیی و زانست ئەوەیە کە ئەو سترێسانەی لە باوانەوە هەیە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکان و نەوەکان بەو سترێسانە شارەزا دەبن و دەزانن چی بکرێت بۆ مانەوەیان، ئەوەی کە گرنگە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم، ناوەندەکانی پێشانگا بەهێز بکەن و زەمینەسازی بکەن بۆ تاقیگە گرنگەکان بۆ دروستکردنی ڕۆبۆت و هەموو ئەو جۆرە ئەلیکتڕۆنیانەیە کە پێویستن".
ڕەنگە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە کۆمەڵێک گرفت و ئاریشەی لەبەردەمدا هەبێت و لەمبارەیەوە، دکتۆر کارزان شێخ موحسین گوتی: "گرفتی سەرەکی بۆ جێبەجێکردن، بریتییە لە دەستکەوتنی ئەو ئامێرانەی کە بەکاردێت بۆ تاقیکردنەوەکان، چونکە پێویستی بە بوودجە و پارەیەکی بەهێز هەیە، سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەدین جیا دەکرێتەوە لەگەڵ شوێنەکانی دیکە کە بەدوای گڕانت و پاڵپشتی دارایی نێودەوڵەتی دەگەڕێت و توانیوومانە تا ئێستا بڕێکی زۆر لە پاڵپشتی دارایی بۆ توێژینەوەکان دەستەبەر بکەین و پلانمان وایە لە ٢٠٢٤ دووبارە زیرەکی دەستکرد بخەینە ناو کارەکانمان".
یەکێکی دیکە لەو بوارانەی کە سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ پەرەپێدانی ژیری دەستکرد بریتییە لە ئەندازیاری کارەبا کە بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی سیستەمی زیرەک و کارا، هاوکات ئەندازیاران دەتوانن لە پەرەپێدانی چەندین سیستەم بەکاریبهێنن یەکێک کەوانە ڕۆبۆت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ئەم سیستەمانە پشت بە ئەندازیاری کارەبا دەبەستن بۆ بەهێزبوونی کارەکانییان.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم ئیسماعیل حەمەڕەش لە بەشی کارەبای کۆلێژی ئەندازیاری، ساڵانە بەشداری کۆنفڕانسی نیویۆڕک بۆ زیرەکی دەستکرد دەکات و ئاماژە بەوە دەکات هەنگاوەکانی ئەم سیستەمە زۆر بە خێرایی بە جیهاندا بڵابووەتەوە، بۆچوونیشی وایە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، خەڵک دەتوانێت لە ڕێگای زیرەکی دەستکردەوە لەگەڵ مردووەکانییان قسە بکەن.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم ئیسماعیل حەمەڕەش لەمبارەیەوە گوتی: "زیرەکی دەستکرد ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوو زۆر جەماوەری پەیداکرد بەهۆی ئەوەی چەند ئەپڵکەیشنێکی بەخۆڕایی کەوتنە ناو بازاڕ و بەشێوەیەکی زۆر توانا و کارا زیرەکی دەستکردی نیشاندەدا، ئەگەرنا زیرەکی دەستکرد کۆنە، لە ساڵانی پەنجاکانەوە ئەوانەی لە بواری کۆمپیوتەر کار دەکەن، خەریکی ئەوە بوون لە جیاتی ئەوەی کۆمپیوتەر پڕۆگرامی پێبدرێت و پڕۆگرامەکە جێبەجێ بکات، ئەوا ڕاستەوخۆ داتای بدەن بە کۆمپیوتەرەکە و بۆخۆی فێری داتاکە ببێت کە بنەمای زیرەکی دەستکرد ئەوەیە. کەرستەی خاوی زیرەکی دەستکرد بریتییە لە زانیاری، واتا بریتییە لە قسەکردن، دەنگ، وێنە، نوسین و کتێب و ئەوانە، هەریەک لەوانە بدەیتە کۆمپیوتەر، ئەوا کۆمپیوتەرەکە ئەو شتانە شەن و کەو دەکات و، کاتێکیش کەسێک داوای کارێک لەم کۆمپیوتەرە دەکات، ئەوا ئەو داتا و زانیارییانە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە".
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم ئیسماعیل حەمەڕەش گوتیشی: "ئەگەر ئیستا یەک ملیۆن کتێبی کوردی داخلی کۆمپیوتەرەکەت بکەیت، زۆر بە ئاسانی دەتوانی کاتێک داوای ڕستەیەک لەو کۆمپیوتەرە دەکەیت، بەناو هەموو کتێبەکاندا دەگەڕێت، وشەیەک دەهێنێت و دواتر بەدوای وشەیەکی دیکەدا دەگەڕێت کە بگونجێت لەگەڵ وشەی یەکەم، بەم جۆرە ڕستەیەک دروست دەکات، ئینجا دواتر بەراوردی دەکات بە هەموو ڕستەکانی نیو کتێبەکە و ئینجا دەیدات بە کەسی داواکار، لەم ساڵانەی دواییدا کۆمپیوتەر خێراتر بوو، بۆیەش هەنگاوەکانی زیرەکی دەستکرد بەرەو پێشەوەچوو".
لەبارەی گرنگی زیرەکی دەستکرد بە لای وڵاتانەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم حەمەڕەش گوتی: "ئەگەر ئەم بەرەو پێشچوونە بە سیستەماتیک نەبێت و وڵاتێک خۆی نەکاتە خاوەنی کارەکە، ئەوا کۆمپانیا گەورەکان خۆیان دەکەنە خاوەنی، بۆ نموونە کۆمپانیای مایکڕۆسۆفت کاتێک ویستی وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی زیاد بکات، لە هەولێر چەند کەسێکی ڕاسپارد رستە و بەرامبەرە ئینگلیزییەکەیان داخل کرد، لەماوەی ساڵێک توانیان سەدان هەزار ڕستە دروست بکەن، ئێستا لە ئەپڵکەیشنەکە دەتوانیت کوردی بە ئاسانی وەربگێڕی بۆ زمانی ئینگلیزی و بە پێچەوانەشەوە، ئەمە بەشێکە لە زیرەکی دەستکرد".
تا ئێستا لەسەر ئاستی جیهان چەندین کۆڕبەند و کۆنفڕانس بۆ زیرەکی دەستکرد ئەنجامدراوە و لەبارەی خێرایی شەپۆلەکە و شوێنی عێراق لەم شەپۆلەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم ئیسماعیل حەمەڕەش گوتی: "لە بواری دەنگ و ڕەنگەوە پێدەچێت ئەم کۆمپانیایانە بۆ زمان و وڵاتی بچووکی وەک عێراق خۆیان لێی نەداوە، لەبەر ئەوە بە بۆچوونی من ناتوانم بڵێم هیچ نەکراوە بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم ئەگەر شتێک کرابێت، چونکە ڕەنگە لە ناسینەوەی وێنە و پەنجەمۆر کارمان کردبێت، بەڵام هەندێک شت پێداویستی خەڵکە وەک وەرگیڕان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، بۆ ئەمە پێویستە دەزگایەکی ئەکادیمی پاڵشتی بکات، ئەویش کۆمەڵێک کەرستەی خاو بخەنە سەر کۆمپیوتەرەکە و دواتر کۆمپانیا گەورەکان کارەکان تەواو دەکەن".
ئەو پڕۆفیسۆرە ئاماژە بەوەش دەکات کە لەمەودوا بازرگانان دەبێت لە بواری بازرگانی سوود لە زیرەکی دەستکرد وەربگرن بە پێچەوانەوە ناتوانن پەرە بە کارەکانییان بدەن و لەمبارەیەوە گوتی: "زیرەکی دەستکرد لە بواری بزنسیش پەرەی پێدراوە چونکە ئەگەرلەو بوارەشدا زیرەکی دەستکرد بەکارنەیەت ئەوا بزنسەکە دەمرێت، ئێستا لە ڕێگای زیرەکی دەستکرد سیستەمەکە دەگەڕێت بزانێت لە کوێ فرۆشتنت زۆرە، بۆ نموونە لە مارکێتێک کاتێک کڕیارەکان پێداویستییەکانییان دەکڕن و دواتر بە لای کاشێرەکەدا دەڕۆن، ئەو پسوولەیەی لەلای کاشێرە، ئەگەر ڕۆژانە داخلی سیستەمی زیرەکی دەستکردی بکەیت، ئەوا ئەو بۆت ڕێکدەخات کە کامە بابەت لە تەنیشت کام بابەت دابنێی وەک ئاسانکاری بۆ کڕیارەکان و زیادفرۆشتنی قەبارەی بابەتەکان".
هەرچەندە هەواڵە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کە بە هاتنی سیستەمی زیرەکی دەستکرد، دەرفەتی کار کەم دەبێتەوە و ئەمەش لە داهاتوودا دەبێتە کێشەیەک ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە، بەڵام پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم ئیسماعیل حەمەڕەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە کارێکی زۆر بە گەنجان کراوە بۆ خۆگونجاندن و کارکردن بەم سیستەمە و لەمبارەیەوە گوتی: "مانگێک لەمەوبەر لە کۆڕبەندی نیویۆڕک بووم بۆ زیرەکی دەستکرد، ئەوەی هەستم دەکرد کارێکی زۆر کراوە بۆ گەنجان، زۆر کۆمپانیای بچووکم دەبینی کە گەنجەکان بەڕێوەیان دەبرد، ئەوان داتایان کۆدەکردەوە و دەیانفرۆشتە کۆمپانیا گەورەکان کە کاری پڕۆگرامینگ و زیرەکی دەستکردیان دەکرد".
لەبارەی بۆچوونی شارەزایان سەبارەت بە زیرەکی دەستکرد لە ماوەیەکی داهاتوودا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم حەمەڕەش گوتی: "بە بۆچوونی من دوای پێنج ساڵی دیکە ڕەنگە خەڵک بتوانێت قسە لەگەڵ مردوو بکات لە ڕێگای ئەو داتایەی کە پێشتر لە تۆڕەکانی پەیوەندی هەبووە و دەنگەکان کۆدەکرێتەوە، دەگاتە ئەوەی ڕۆبۆتەکان بە پێی زیرەکی دەستکرد بجوڵێنەوە، ئێستا کە بابەتی دڕۆن زۆر لە ئارادایە و دڕۆنەکان ڕووبەڕێکی دیاریکراو دەپێکن بەڵام لە داهاتوودا دڕۆنەکان دەچنە ژوورەکانەوە و بەدوای کەسەکاندا دەگەڕێن و بەپێی ڕووخسار کەسەکە دەناسنەوە و دەیکەنە ئامانج".
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم حەمەڕەش گوتیشی: "هێشتا زۆری ماوەی زیرەکی دەستکرد بگاتە زیرەکی مرۆڤ، هەتا ئێستا وەک مرۆڤ بیر ناکاتەوە، بەڵام وەک دەبینین زیرەکی دەستکرد داتا بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی کار بکات لەسەر بنەمای ئەو داتایە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زیرەکی دەستکرد یاسای بۆ دەربچێت و بە یاسا ڕێکبخرێت، ئەگەرنا بەڕاستی ڕەنگە کێشەی گەورەی بەدواوە بێت، عێراق و وڵاتە تازە پێشکەوتووەکان هێشتا دەستیان پێی نەکردووە بۆ ئەوەی خەمێک لەم بوارە بخۆن".
هاوکات ئەو پڕۆفیسۆرە تیشکی خستەسەر لایەنە نەرێنییەکانی زیرەکی دەستکرد لە بواری زانستییدا و گوتی: "بەهۆی زیرەکی دەستکرد ڕەنگە بواری زانستی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بۆ نموونە توێژەرەکان ئەگەر زۆر جدی نەبن و لە سەنتەرێکی گەورەوە پارەیان بۆ خەرج نەکرێت و بەس بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە بێت، ئەوا بەشێکی زۆریان دەچنە سەر ئەو ماڵپەڕانەی کە زیرەکی دەستکرد ماستەرنامە و دکتۆرایان بۆ دەنوسێتەوە، بەڵام خۆشبەختانە سەنتەرە گەورەکان کە بە پارەی پێشەسازی کار دەکەن ئەم شتانەیان بەسەردا تێناپەڕێت، بەڵام بەگشتی ئەم بابەتە بەسەر کۆمەڵگای ئەکادیمیدا بووەتە کێشەیەکی گەورە".
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیبراهیم حەمەڕەش، زیرەکی دەستکردی بە شۆڕشی پێنجەم ناوبرد و گوتی: "جاران شۆڕشی پیشەسازی بە شۆڕشی سێیەم ناودەبرا کاتێک ئامێری گەورەی پێشەسازی دروست کرد، دواتر کە سیستەمی ئایتی هات، بوو بە شۆڕشی پیشەسازی چوارەم، ئێستا پێدەچی پێڕانەگەین چوارەم دابمەزرێنین ئەوا پێنجەمی بەدوادا هات و زۆر بە خێرایی گەشەی کرد، پێدەچوو کۆمپانیاکانیش لە ژێرەوە دەمێکە کاریان لەسەر کردبێت چونکە هەر زوو دەستیان بەکارەکانییان کرد لەم بوارەدا".
news_share_descriptionsubscription_contact



