Heman Hussein Yaseen
06 کانوونی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2026
هەولێر -AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەهۆکارێکی تا ئێستا نادیار ئاگر لە کارگەیەکی چپس کەوتەوە کە دەکەوێتە کۆمەڵگەی پیرزین لەسەر ڕێگای هەولێر - پیرمام.
کارگەکە ڕووبەری زیاتر لە چوار هەزار مەتر چوارگۆشەیە و کەوتووەتە ناو ماڵەکانی کۆمەڵگای پیرزین و بەپێی زانیارییەکان بەرگری شارستانی هەولێر تا ئێستا چەند جارێک نوسراوی بۆ لایەنە پەیوەندارەکان کردووە کە شوێنی کارگەکە خراپە و کەوتووەتە ناو ماڵی هاووڵاتییانەوە.
بەیانی ئەمڕۆش خەڵکەکە گوێبیستی دەنگێکی گەورەبوونە و بەهۆیەوە ئاگر لە بەشی هەڵقرچانی ڕوون کەوتەوە و دواتر تەشەنەی کرد بۆ تەواوی کارگەکە.
سەرەتا تیمی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە و خەریکی کۆنتڕۆڵکردنن و ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە بەڵام وەکو زیانی ماددیی، کارگەکە بە تەواویی سووتاوە.
بەپێی زانیارییەکان دەوامی سێ قوتابخانە و باخچەی ساوایانی نزیک لە ڕووداوەکە ڕاگیراون بەهۆی سەلامەتی گیانی قوتابییانەوە.