Abdullah Abdulmanaf Shukur
13 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کاردانەوەی بەرامبەر ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر مزگەوتی ئەقسا و ناوچەکانی دیکە نیشاندا و راشیگەیاند کە قبوڵ ناکەن دەست بۆ مافە مێژووییەکان لە خاکی فەڵەستین ببردرێت.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢١، کازمی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی فەڵەستین، مەحموود عەباس ئەنجامداوە.
لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، کازمی ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی پارێزگاری لە ھەڵوێستی پێداگرانە و مێژوویی خۆی لەمەڕ پشتیوانیکردنی فەڵەستین دەکات.
کازمی لەمیانی گفتوگۆیەکەیدا لەگەڵ عەباس، ئیدانەی توندی ھێرشی ئیسرائیلی بۆسەر قودس و فەڵەستینییەکان لە غەززە کردووە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە قبوڵ ناکەن دەست بۆ مافە مێژووییەکان لە خاکی فەڵەستین ببردرێت.
- رووداوەکانی قودس و کەرتی غەززە
گرووپە شۆڕشگێڕە فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە، تا کاتژمیر شەشی ئێوارەی ١٠ی ئایار مۆڵەتیان دابووە ھێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی لە مزگەوتی ئەقسا و گەڕەکی شێخ جەڕاح بکشێنەوە کە دەکەونە رۆژھەڵاتی قودس.
بەھۆی نەکشانەوەی ھێزەکانی ئیسرائیل، گروپە فەڵەستینییەکان ژمارەیەکی زۆر موشەکیان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد.
دواتر سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی چڕی بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.